ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ئەوقافی پارێزگای ھەولێر ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هەواڵێكی هەڵبەستراودا بڵاو كردەوە، دوای ئەوەی چەند توندڕەوێكی ڕاسپێردراو وتاری نوێژی هەینی مزگەوتێكی شارەكەیان بەجێهێشتبوو.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە “لە ھەندێك پەیجی چەواشەکاردا، گوایە لە مزگەوتی “اسراء و معراج”دا، کە مامۆستای وتاروخوێن تەوەری وتارەكەی تايبەت بە بەرگریکردن بوو لە کوردستان، مزگەوت چۆڵ بووە و نوێژخوێنان رۆیشتوون، ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ھەولێر رایدەگەیەنین كە مامۆستا مەلا رعد ئۆمەربلی ماوەيەکی زۆر کەمە و چەند هەينیيەکە وتار لەو مزگەوتە دەخوێنێتەوە، بەم ھۆيەوە خەڵکێکی توندڕەوی راسپێرداو کە تەنیا چەند کەسێکن، ژمارەیان ١٥ کەس کەمتر بووە، قبووڵیان نەبووە و چوونەتە دەرەوەی مزگەوت، لە کۆی ھەزار کەس کە ئامادە بوون لە مزگەوت، ئەمەش نە کاریگەری ھەبووە، نە وتاریش وەستاوە، بەڵکو وتار و نوێژ زۆر بە باشی کۆتایی ھاتووە”.
ئەوقافی پارێزگای ھەولێر هەروەها نووسیویەتی “پێمان سەیر و سەمەرەیە خەڵکانێک پێیانوابێت بەرگریکردنی مامۆستایانی ئایینی لە پێشمەرگە و خاک و سەرکردە و رەمزە نەتەوەییەکانمان، کارێکی نامۆیە، بەڵام پێیان ئاسایی بێت سووکایەتی بە بەھا پیرۆزەکان بکرێت، ئەو کولتوورە نەشیاوە خزمەتی کوردستان و ئایندەمان ناکات، ئێمە تەئکید دەکەینەوە بە شانازییەوە بەرگری لە پیرۆزییەکانی کوردستان دەکەین، ئەگەر ئەو بەرگرییە نەبوایە، ئەو کەسانەی کە ئێستا قسەی ناشیرین و زبر دەکەن، ئەو ئازادییەیان نەدەبوو، بەڵكو ئێستا خەڵکێکی بێگانە لە کوردستان ئیھانەی شەرەف و کەرامەتی میللەتەکەمانیان دەکرد”.
هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە “بۆیە بەرگریکردن لە نیشتیمان و وڵات بە واجبێکی شەرعی نیشیتمانی دەزانین لەسەر ئەم پەیامەش بەردەوام دەبین، بە سوپاسەوە ھەزاران مامۆستای کوردستان بەوپەری دڵسۆزیەوە باسی رێزگرتنیان لە پیرۆزیەکانی میللەتەکەمان کردووە. ئێمە تەئکید لە بنەمای رێزلێگرتن دەکەینەوە بۆ ھەموو لایەک، بەڵام ھەرکەس و لایەنێك بیانەوێ دەستوەربدەنە کاروباری وتار و پشێوی دروست بکەن، بەدڵنیاییەوە رووبەرووی یاسا دەبنەوە”.










