سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مەخمووری پێشمەرگە رایگەیاند، هیچ گرفتێک لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە و پێشمەرگەش نەخراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. پێشمەرگەی رۆژیش دەڵێت، هیچ جووڵەیەک بە هێزەکانیان نەکراوە.

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مەخمووری پێشمەرگە هەواڵی خستنە حاڵەتی ئامادەباشیی پێشمەرگەی لە بەرامبەر سوپای عێراق رەتکردەوە و بە رووداوی راگەیاند، پێشمەرگە چەند سەنگەرێکی نوێی لێداوە و خانووی نوێی دروستکردووە بۆ وەرزی سەرما.

سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مەخمووری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو جموجۆڵەی پێشمەرگە کە لە سنوورەکە هەبووە، تەنیا جێگۆڕکێکردن بووە بە هێزەکان، “پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ سوپای عێراق ئاساییە”.

لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن وا بڵاوکرایەوە کە پێشمەرگە لە بەرامبەر سوپای عێراقی خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەڵام سیروان بارزانی دەڵێت “پێشمەرگە بەردەوام لە ئامادەییدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و لەگەڵ سوپای عێراق هیچ گرفتێک نەهاتووەتە پێش”.

رووداو