فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا
بەر لەوەی بچمە ناو بابەتەكەم، بە دوو نوكتەی خۆش دەستپێدەكەم، یەكەمیان: لە یەكێكیان پرسی برا تۆ چ كارەیت و چ ئیشێك دەكەیت؟ كابراش لە وەڵامدا گوتی: لای خاڵم ئیش دەكەم! ئەمجارە گوتیان ئەی خاڵت چ ئیشێك دەكات؟ وەڵامی داوە و گوتی: هیچ! بەڕاستی سەیرە، بۆ وا دوور و درێژ بكرێتەوە، دەیتوانی لە سەرەتاوە بڵێت هیج ناكەم و ئەو هێنان و بردنەی پێ نەدەویست.
دووەم: دەڵێن مەلای مەشهور دەچوو 9 هێلكەی دەكڕی بە درهەمێك و لە دوایی 10 هێلكەی دەفرۆشتەوە بە درهەمێك! كە پێیان دەگوت بۆ وادەكەیت، ئاخر زەرەرتە! دەیگوت، با نەڵێن كاسبی ناكات و و هەرزانفرۆشیش دەكەم تا بازاڕم باش بێت! یەعنی بە كورت و كرمانجی، خۆخەڵەتاندن و فریودان و خۆڵكردنە ناو چاوی خەڵك، وەك دەیان درۆ و دەلەسە و فڕوفێڵی تری ئەم سەردەمە لە دزی و گەندەڵی و بڕوانامەی تەزویر و گۆڕینی ناونیشانی “جاشایەتی” بە خەبات و پێشمەرگایەتی و كوردایەتی یان لەكەداركردنی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕان و شێواندنی راستییەكان و دەیان و سەدانی تر.
كەواتە دروستكردنی بازاڕ و باس و تێكەڵكردنی ئەوراق! ئەگینا ئێمە و هەندێ باس و بابەت لەو كات و ساتەدا كوجا مەرحەبا! بۆ نموونە جەژنی هالۆوین لە 31ی ئۆكتۆبەر بە ئێمە چی؟ خۆشی و جوانییەكەی چییە؟ بۆچی مرۆڤ لاسایی دڕندە و كاری وەحشیگەرێتی و ترس و تۆقان بە باش بزانێت؟ یان بۆچی جەژن بۆ شەیتان بكات! یان ریسواكردنی شەیتان و بە نەفرەتكردنی هەركام وەڵام راست بێت یەعنی چی لە كوردستان! بۆچی كەم شەیتان هەیە لە دەوراوپشتی خۆمان؟ گەر ئێمە دەمانەوێت بە جیهان بڵێین لەگەڵتانین و بە ئاگاین و دانەبڕاوین، دەبا عەقڵ بگۆڕین و درۆ و خیانەت نەكەین، دەبا شەرم لە دزی و گەندەڵی و رێگری بكەین. دەبا ئەوەی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواو نەكردبێت دكتۆرای پێ نەدەین، دەبا بە درۆ نازناوی دكتۆر بۆ خۆمان دانەنێین و یان ئەوەی جاش بووە، یان لە هەندران بە درۆ كورد بووە و ئاگای لە كورد نەبووە، نەكەین بە مەسئول. ئەوەی جاسوس بووە با نەیكەین بە سەركردە و ئەوەشی كڕنۆشی بۆ بێگانە بردووە و بێگانەی هێناوەتە سەر ماڵی باوكی، چیتر نەیدوێنین و نەڵێین كۆبوونەوەمان لەگەڵی كرد و هەردوولا تاوتوێی بارودۆخی كوردستانمان كردووە!
دەبێ نەیشارینەوە و ئاشكرای بكەین، قسەی پوچ و تەمسیل و سمێڵە رەشەكەی روو رەشەكان كە بە بۆیاغ رەش كراوە، بە خۆڵەمێشی لاشەی شەهیدان و منداڵانی كاسبكار و رەش و رووت و هەژارانە، و بە درۆ لەبەر چاوی خەڵك نەچین بۆ مزگەوت و لە واقیعیشدا دژی زەكات و نوێژ و رۆژووبین و حەجیش تەنها بۆ وێنەگرتن نەبێت!
هەموو دەزانین خۆمان جوان بووین لە مێژوودا، گەر نەتوانین جوانتری بكەین، بەڕاستی شەرمە تێكی بدەین و بە درۆش لە پەنای هالۆوین خۆمان حەشار بدەینەوە. هالۆوین بو ئەوانەی تێی دەگەن بۆ خەڵكی خۆی هالۆوینە! بۆ ئێمەی نەگبەتی لێقەوما و عەقڵ بە خیانەت ئاودراو لە هەر چوارپارچە رەنگ و وێنەی دوژمنانمان هەردەم هالۆوینە و شێوازی شەیتانییە و ئێمە پیویستمان بە هالۆوین نییە، دەبا بپرسین كام وێنەی دەوراوپشتمان جوانترە لە وێنەی هالۆوین؟! لە رووی ئێران یان عێراق لە رووی توركیا یان سووریا؟ یان رووی خائین و جاشەكانی ناو خۆمان! توخوا كامیان؟ زۆر سەیرە هالۆوین تەقلید دەكەینەوە و و میللەتێكی بە ئاگایین، كەچی بۆ خۆشكاندنی خۆمان بۆ گیانی خۆمان گەر یەكێك وەك كولتوورە جوانەكەی باب و باپیران، تەزبیحێكی لە دەست بێت، پێی دەڵێن عەیبە و مۆدێلی نەماوە! یان یەكێك جلێكی كوردی دەستووری كۆنی لەبەر بێت، دەڵێن كاكە فڵان بووە بە خولەقۆچپە! لە هەندێ شاری كوردی بە دەنگێكی بەرز بە جامانە لە سەران، دەگوترێ بژی پێشمەرگە، یەعنی گاڵتەجاڕی بە خەبات و كولتووری باب و باپیرانی! بەوانەی پەستەكی كون بۆ جوانی لەبەر دەكەن وەك كولتوور لە شاری رۆشنبیری گوتراوە پیاوانی ئەشكەوت، هاتنەوە مەبەست ئایەتی (اصحاب الكهف)ە، بە گاڵتەجاڕی دەیگەڕێننەوە سەر ئایینی پیرۆزی ئیسلامی و ئەمە و دەیان كولتووری تری جوان و پڕ لە شانازی، لەو وڵاتەی ئێمە گاڵتەی پێ دەكرێ، بە فیتی دوژمنان مێژوو ناشیرین دەكرێ، كەچی نە شەرم نە حەیا، كوردێكی هەژار و قوڕ بەسەر رۆژانە ژیانی هالۆوینە و ئەوەی دەیبینێ هەمووی شكلی دڕندە و شەیتانە لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە لای هەندێ كەسانی ناوخۆش یادی هالۆوینی بۆ دەكەن، جا لە نەگبەتی ئەو میللەتە منداڵانی ناو بێشكەش وا ئاشنا دەكەن بە ناوی جەژن بە رۆژێكی ساڵ لە نێوان ئەو365 رۆژەی كە لە غەرب رۆژێك رۆژی دڕندە و ئاژەڵ و وەحشیگەرێتی و شەیتانە كە بۆ ئەوان ئاساییە، چونكە وەك ئێمە هەموو كات شەیتان نابینن، بۆیە بەم عەقڵییەتە دەڵێین قوربان ئێمە جیاین و لە شەیتان رادەكەین! با كار بكەین 365 رۆژەكەی كوردستان خۆش بكەین، منداڵان رووگەش بكەین و ئەوكات بەو رۆژە تایبەتەی بێگانان ئاشنایان بكەین، چونكە گەر ئەو رۆژەشیان بۆ زیاد بكەین لە مێژووی منداڵان دەبێ رۆژێكیش لە ساڵ لە ژیانیان زیاد بكەین، كە ئەمەش لە توانای مرۆڤدا نییە و شتێكی خواییە، و ئێمە خۆمان لێڕاهاتووین هەموو رۆژێكمان هالۆوینە و بەڵام منداڵ بێئاگان و نازانن! تكایە غەدریان لێمەكەن هالۆوین بۆ غەرب رۆژێكە و جێكای ترس نییە و پێناسە و ناسینی شەیتانە بۆ ئێمە، هەردەم لەگەڵ ژیانە، خەونە، خەوتنە، دانیشتنە، راوەستانە، سەفەرە، ئاوارەبوونە، ماڵوێرانییە! گەر لای ئێوەش هەر بۆ هێندەیە وەك ئەوەی لای خاڵی ئیش دەكات و بەس قسەیە و درۆ دەكات لە كۆتایی پێی دەگوترێ یەعنی هیچ، نەخێر وانییە ئیش گەلێك زۆرە گەر ئیشكەر هەبێ كوردستان هەمووی گۆڕەپانە، بەڵام گەر مەبەست خۆ دزینەوە بێت، یان خۆڵكردنە ناو چاوی خەڵكە هەروەك ئەوەی ساڵی پار لە ئۆكتۆبەری2017 زۆر بە داخەوە كە كەركووك درا بە دەستی دوژمنان، شەڕ كەوتە لێواری شاری هەولێر و دهۆك، نزیكەی سەدا پەنجای كوردستان داگیركرا و كەوتە دەستی دوژمنان بە هاوكاری هەر چوار وڵاتی داگیركەر بە تۆپ و تەیارەی عێراق و ئێران خەڵك كوژران، سووتان، نامووسی هەتككرا و 16ی مانگی ئۆكتۆبەر بوو بە رۆژێكی رەش لە مێژووی هەموو كوردستان و لە هەر چوار پارچە بوو بە ماتەم و خەڵك تاسان، خوێنی دەیان رۆڵە رژا و سەدان خانووش رووخان، كەچی لە شارەكەی شێخ مەحموود و شارەكەی پایتەختی رۆشنبیری و شارەكەی هەڵمەت و قوربانی زۆر بەداخەوە وەك مەسەلەكە گوتەنی: نەبای دەهات نە باران، پاش دوو هەفتە لە خیانەتەكەیان لە كەركووك چوون لە سلیمانی جەژنی هالۆوینیان كرد، ئەمە مێژووێكە و تۆماركرا، ئاسان نییە وا بە سووكی بە سەریدا تێپەڕین و ئەوی ساڵی پار روویدا هەزار و یەك پرسیار لە خۆ هەڵدەگرێت لە خیانەت لە خۆفرۆشی و لە هەمووشی سەیرتر لە خۆ بەبێئاگایی پیشاندان و خۆ لە گێلی دان و رووی پرسیارمان دیارە لە كێ دەكرێ و كێ كردی و دەشكرێ بگوترێ ئەوەی خیانەت دەكات، ئەم جۆرە كارانە لای زۆر ئاساییە و بەڵێ لە نێوان دوو هەفتەلە 16بۆ31ی ئۆكتۆبەر خیانەتیان كرد و رەقسیشان كرد لەگەڵ غەرب! لە 16 لەگەڵ پاسدار و حەشد لە 31یش لەگەڵ غەرب، ئەوان روو رەشی شایانیانە و لێیان دێ و شایستەن، بەڵام ئەوەی ئەمساڵ كە پەلوپۆی كوتا ناو هەموو كوردستان لە سلێمانی بۆ دهۆك و هەولێر بۆ شارەكانی تر، تەنها لاسایی كردنەوەیە و لاساییەكی بێ بنەمایە و تەقلیدێكە وەك گوتەنی خۆدزینەوەیە لە واقیعی كوردستان لە كولتوور لە مێژوو، لە هەموو شتێكی جوان و هەستكردنە بە نەقس و داپۆشینی كەموكوڕییەكان و دروستكردنی بازار ِ و بابەت و خۆلادان لە ئەركە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و زەروورەتە مێژووییەكان، چونكە گەر بە وردی بیری لێبكەینەوە، ئەوانەی بیرۆكەی ئەو مێژووەیان دروست كردیە، تەنها بە بیرهێنانەوەی كولتوورێكە كە رۆژێكی رەشە لە ژیانیان، بۆیە دەڵێین بۆ ئەوەی خۆشی ببینین لە رۆژێك لە رۆژانی ژیان، بۆ ئێمەی كورد لە یادكردنی هالۆوینەكان خۆشترین رۆژە لە ژیان و گەر بتوانین رۆژێك بكەین بە دژی هالۆوینەكان لەو 365 رۆژەی كە كراوە بە هالۆوین بەپێچەوانەی گشت جیهان، ئەوكات جیهان تێمان دەگات، رۆژێك دەژین وەك و ئەوان بۆیە كورد بێزارە لە هالۆوینەكان، چونكە ژیانی هالۆوینە و جیایە لەگەڵ جیهان.










