ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەفەرمی سزای بەسەر توركیادا سەپاند، ئەمەش دوای سەپاندنی سزاكانی یەكێتیی ئەورووپا دێت بەسەر ئەم وڵاتەدا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی كردەوە كە واشنتۆن سزای بەسەر سێ كەسدا سەپاندووە كە پەیوەستن بە بەڕێوەبردنی پیشەسازییەكانی بەرگریی توركیا و لەناویاندا ئیسماعیل دەمیر هەیە، كە بەرپرسی یەكەمی پیشەسازیی بەرگرییە لە توركیا.
گەنجینەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش داوە كە بەپێی مادەی ٢٣١ی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی دژبەرانی ئەمریكا، سزایان بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازیی بەرگریی توركیادا سەپاندووە، ئەمەش لە بەرانبەر ئەوەی توركیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ی لە رووسیا كڕیوە.
بە پێی سزایەكانی ئەمریكا، هەموو مۆڵەتێك و ڕێگەپێدانێكی هەناردەی ئەمریكا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازیی بەرگریی توركیا قەدەغە دەكرێت.










