ئەمشەو سێشەممە حەفت مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و دەوروبەری لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران و لە ئەنجامدا منداڵێک گیانی لەدەست دا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئەمشەو سێشەممە حەفت مووشەک لە گەڕەکی “حەی ئەمینی دووەم” لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا و بە دیاریکراوی ئاراستەی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەغدا کراون.

ئاماژەشی بە ئەوە داوە کە زەنگی ئاگادارکەرەوە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لێدراوە و مووشەکەکان لەلایەن سیستەمی بەرگریی باڵیۆزخانەوە تێکشێندراون.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکراشی کردووە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییەدا منداڵێک گیانی لەدەست داوە و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوونە.