خوناو حەسەن ساڵح
لەم ڕۆژە پڕشنگدارەدا 25ی ئەیلول 2017 دەنگی نەتەوەیەكی خەباتگێڕی زیاتر لە سەدەیەك، تەقیەوە و سەدای گەیشتە قوڵایی زەوی و ئاسمان، بە هەموو توانایان هاواریان دەكرد و واژۆیان دەكرد بە وشەی بەڵێ بۆ ئازادی .. بۆ سەربەخۆیی.. ڕۆژێك بوو گەلێك تایبەت بوو لە بەرەبەیانییەكی سەر لە زوو هەموو كورد بە ئاڵای رەنگینی كوردستانەوە بەرەو بنكەو سەندوقی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی كوردستانبەڕێكەوتین.
بۆ من وەك خەونێكی دێرینی خۆم بوو كە دەمگوت دەبێ نەمرم كوردستان بە سەربەخۆیی ببینم، كورد لەم رۆژەدا بەردی بناغەی دەوڵەتی دامەزراند، كە هەر دەنگێكی بەڵێ هاوتای خوێنی ئاڵی شەهیدانی نیشتیمان بوو بەسەر تاشەبەردەكانی شاخ و دۆڵی كوردستانەوە وشكبۆتەوە، كە لە پاڵ ئەم بەردانە گیانیان دەسپارد و شەهید دەبوون لە پێناو ئازادی كوردستاندا.
سەربەرز و سەرفەرازم كە دەنگم دا بە سەربەخۆیی كوردستانی خۆشەویست، ریفراندۆم ئومێد و ئاواتێكی زۆری پێ بەخشین، ئەگەرچیش بە بیستنی دەنگی بەرزی كوردستانیان مێگەلە گورگێكی دڕندەی ناوخۆ و دەوروبەر هێرشیان بۆ هێناین و زۆر بەبێ ویژدانانە بوون بە رێگر لە جێبەجێكردنی ئامانجەكانی ریفراندۆم، لەگەڵ ئەوەیشدا رێژەی 93%ـی دەنگی كوردستانیان بووە لاپەرەیەكی گەشی مێژوو، بووە سەنەدی سەربەخۆیی تا ئەو ڕۆژەی بارودۆخ دەرەخسێ بۆ جێبەجێكردنی.
زۆر سوپاس بۆ تۆی هێژا و ڕابەر سەرۆك مەسعود بارزانی كارێكت كرد لە مێژووی كورد هەرگیز نەكرابوو، میللەتت خۆشحاڵكرد و دوژمنان و ناحەزانت ڵاڵكردن و جیهانت تێكڕا هۆشیار كردەوە كە كورد میللەتێكی بێ دەوڵەتە و سەدان ساڵە خوێنی بۆ دەڕێژێت.










