سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بەهۆی نەخۆشیی کۆڵۆن و تێکچوونی باری تەندروستیی، دەستی لەکارکێشایەوە. پێشتریش لە ساڵی 2007 بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
شینزۆ ئابێ ماوە درێژترین سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنە و دەڵێت، نایەوێت نەخۆشییەکەی ببێتە هۆی وەستاندنی کاروباری دەوڵەت، داوای لێبوردنیش دەکات کە نەیتوانیوە ئەم خولەی ئیدارەی حکومەت تەواوبکات کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو تەواو دەبوو.
ئابێ لە لێدوانێکدا لەکاتی راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی گوتی “ناتوانم ببمە سەرۆکوەزیران ئەگەر نەتوانم باشترین بڕیار بۆ گەلەکەم بدەم، هەربۆیە بڕیارمداوە دەست لە پۆستەکەم هەڵگرم”.
شینزۆ ئابێ ساڵی 1993 بۆ یەکەمجار وەکو پەرلەمانتاری ژاپۆن هەڵبژێردرا، ساڵی 2006 بوو بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و ساڵی 2007 بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە دەستی لەکارکێشایەوە.
ساڵی 2012 بۆ دووەمجار وەکو سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هەڵبژێردراوەتەوە، ئەمڕۆ 28ی ئابی 2020 بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە دەستی لەکارکێشایەوە.










