محەمەد عەلی
دەمەوێ لە یادكردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا تیشك بخەمە سەر چەند خاڵێك لەسەر رۆڵی پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی و, بەراوردێكی بكەم لەگەڵ ئیستادا.
پارتی لە دوای ئاوارەبوونی جەنابی بارزانی و بارزانییەكان لە ژێرگوشارو پەلاماردانی سوپای عیراق بە پشتیوانیی دەوڵەتی (بریتانیا) لە ساڵی 1945 بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
جەنابی بارزانی هەستی بە دابڕانێك كرد لە نێوان شۆڕشگێڕان و جەماوەری خەڵكی كوردستانی عێراق و كەوتە بیرۆكەی دامەزراندنی پارتێكی سیاسیی بۆئەوەی جەماوەر وشیار و بەئاگا بكاتەوە كە كوردایەتی بەردەوام دەبێت و لە ڕێگای ڕێكخستنەكانییەوە, جەماوەر وشیاربكاتەوە و پەیوەندی جەماوەر بەردەوام بێت لەگەڵ شۆڕشی بارزانی.
لە دوای گفتوگۆو راگۆڕینەوە لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانەی كە هەڤاڵ وهاوڕێی بوون, بڕیاردرا بە دامەزراندنی پارتێكی سیاس لە كوردستانی عیڕاق, بارزانی لەگەڵ هەڤاڵانی نەخشەی دروستكردنی پارتیان داناو لە سەر ڕاسپاردەی بارزانی خوالیخۆشبوو مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا پەیوەندی بە چەندین كەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیرەوە كرد بە مەبەستی دامەزراندنی پارتی.
لە ڕۆژی 16ی ئابی 1946 پارتی لە عێڕاق دامەزرا و ئەنجومەنی سەركردایەتی لە گەڵ ڕەچاوكردنی ڕاسپاردەكان، بارزانی بە سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا و پارتی كەوتە پێكهێنانی ئۆرگانەكانی خۆی لە عیڕاق و لە كوردستان بەتایبەتی بە نهێنی.
جەنابی بارزانی لە ساڵی 1947 لە دوای كۆتاییهێنان بە كۆماری كوردستان لەلایەن ڕژێمی ئێرانی بە خۆی و بە هێزی بارزانییەكان لە دژی هێزەكانی ئێران وەستایەوە, چونكە شای ئێران داوای لە بارزانی كردبوو، كە چەكەكانیان تەسلیم بە ئێران بكەن، بەڵام بارزانی بە راوێژ لەگەڵ جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزان بڕیاریان دابوو كە چەك تەسلیم ناكەن و بەرگری دەكەن.
لە چەندین لاوە ئەرتەشی ئێران گەمارۆ و پەلاماری هێزەكانی بارزانی دا بەڵام هێزەكانی بارزانی شكستیان بە هێرشەكانی ڕژێم هێنا. هێزەكانی بارزانی گوشارێكی زۆریان لە سەربوو لە سەر سنورەكانی توركیاو, عیڕاقیش ڕێگەی لێ گیرابوو, بارزانی بڕیاریدا بەرەو رووباری ئاراس بڕوات لەگەڵ هێزەكەی كە ژمارەیان لە (500) جەنگاوەر زیاتربوو، لە رووباری ئاراس پەڕینەوەو چوونە ناو خاكی (ڕووسیا) تاوەكو ساڵی 1958 لەوێ مانەوە.
پارتی لەكوردستان لە بواری ڕیكخستن زۆر بەهێزبوو تاكو سەركەوتنی شۆڕشی 14 ی تەموزی 1958 بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم ,كە رژێمی گۆڕی لە پاشایەتیەوە بۆ كۆماری و, چەندین بڕیاری گرنگی دا كە بە خزمەتی گەلانی عیڕق بوو بە كوردیشەوە, یەكێ لە خاڵەكان ڕێگەی بە چەند حزبێكی سیاسی دا كە بەئازادی بنكە و بارەگای خۆیان بكەنەوە و كاری سیاسیی بكەن. ئەو بڕیارە بۆ بەهێزبوونی پارتی هەلومەرجێكی باشی ڕەخساند لە هەموو شار و شارۆچكەكانی عیڕاق بەتایبەتی لە كوردستان بنكە و بارەگای كردەوە و ڕێكخستنەكانی زۆر گەشەیان كرد.
لە ساڵی 1958 لە سەر ڕەزامەندی عەبدولكەریم قاسم, جەنابی بارزانی و بارزانیەكان بە خێزانەوە گەڕانەوە عیڕاق و كوردستان , بارزانی سەردانی عەبدولكەریم قاسمی كرد و لە كۆشكی كۆماری پێشوازییەكی گەرمی لێكرا, لە گفتوگۆی بارزانی لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم لە سەر كێشەو چارەسەری بۆ كورد, قاسم دانی نا كە دەوڵەتی عیڕاق لە دوو نەتەوەی كورد و عەرەب پێكهاتووە و دەبێت كورد لە هەموو جومگەكانی دەوڵەت بە شداربێت بە پێی قەبارە و نفوزی خۆی, بەڵام جەنابی بارزانی فەرمووی كورد داوای دروستبوونی كیانێكی سیاسی دەكات كە ئەویش بریتیە لە خودموختاری, دەبێت حكومەتی عیڕاقی بە فەرمی دانیپێدابنێت, بەڵام عەبدولكەریم لەبەر گوشاری دەوڵەتە عەرەبە شۆڤێنیەكان و بەشێكی زۆر لە هێزو فەرماندە سەربازییەكان داواكاری كوردی قبوڵ نەكرد, بۆیە بارزانی بەغدای جێهێشت و گەڕایەوە بۆ بارزان.
لە دوای كۆبوونەوەی لە گەڵ سەركردایەتی پارتی و چەندین كەسایەتی سیاسیی و بەشێك لە سەرۆك هۆزەكانی كوردستان بڕیاردرا بە هەڵگیرساندنی شۆڕش(شۆڕشی مەزنی ئەیلوول) لە ساڵی 1961 و لە 11ی ئەیلولی ئەو ساڵە هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەكو هێزێكی خاوەن بیروباوەڕ دامەزرا, بە هۆی ئەو ئەفسەرانەی ڕیزی سوپا و پۆلیسی عیڕاقییان بەجێهێشتبوو و پەیوەندییان بە پارتییەوە كردبوو هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی رێكوپێك و لە شكری ڕێكخراو ئامادەكرا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش و پەلاماردانی سوپای عێڕاق.
ڕژێمی عێڕاق كەوتە پەلاماردانی بەمەبەستی داگیركردن بە هەموو توانای سەربازی لە ئەرز و لە ئاسمان بەو هەموو داهات و داراییەی لەبەردەستی بوو هێزی پێشمەرگە بە چەكی سووك و بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان كەوتە بەرگری و لە زۆربەی شەڕەكان سەركەوتنی گەورەی تۆماركرد و سوپای عیڕاقی شكستیان دەهێناو پێشمەرگە دەستكەوتی زۆری دەبوو لە چەك و تەقەمەنی و, هێزە شكاوەكەی عیرا ق و, چەندین سەرباز و ئەفسەر دەكوژران. ڕژێمی عیڕاقی بە فەرمی (4)جار داوای وەستانی شەڕو گفتوگۆیان لە بارزانی كرد, بارزانی هیچ كاتێك بڕوای بە گفتوگۆ و بەڵێنەكانی حكومەتەكانی عێڕاق نەبوو, بە ڵام گفتوگۆی ڕەتنەكردۆتەوە لەبەرئەوەی كورد شەڕی نەویستووە, بەڵام لەسەری فەرزكرا.
بۆچوونی جەنابی بارزانی وابوو ئەگەر بۆماوەیەكیش بێت, شەڕ وەستان باشە بۆئەوەی جەماوەری خەڵكی گوندنشین بۆماوەیەك لە ژێربۆردومان و پەلاماری ڕژێم پارێزراوبن و بتوانن هاتوچۆی ناو شارەكان بكەن و گەنج ولاوی كورد لە ناو شارەكان لە گرتن و ڕاپێچ كردنیان بۆ زیندانەكان دووربكەونەوە, و هێزی پێشمەرگە پشویەك بدات و بتوانێ خۆی ڕێكبخاتەوە و باشترخۆی ئامادە بكات بۆ بەرەنگاربوونەوە.
جنابی بارزانی ڕازی نەبوو پێشەكی هیچ شاندێكی پارتی بۆ وتووێژ بڕواتە بەغدا هەمووجارێ شاندی حكومەت بە ملكەچی هاتوونەتە كوردستان و گفتوگۆیان لەگەڵ پارتی و جەنابی بارزانی كردووە، بۆنموونە:
1- لەساڵی 1963 شاندی حكومەت بە سەرۆكایەتی تاهیر یەحیا سەرۆك وەزیرانی عێڕاق هاتە كوردستان.
2- لەساڵی 1966شاندی حكومەت بەسەرۆكایەتی عەبدولرەحمان عارف سەرۆك كۆماری عێڕاق هاتە كوردستان.
3- لە ساڵی 1970لیژنەی ئاشتی بە بەشداری كۆمەڵێك لە سەرۆك هۆزەكان و كەسایەتی عەرەب.
4- لەساڵی 1970 شاندی حكومەت بەسەرۆكایەتی سەدام حسێن جێگری سەرۆك كۆماری عێڕاق.
لەسەر پێداگری جەنابی بارزانی و فیداكاری هێزی پێشمەرگە و سەركەوتنەكان لەبەرەكانی شەڕو پشتگیری جەماوەری خۆراِگری كوردستان, حكومەتی عیڕاق ناچاربوو دان بە مافی ڕەوای گەلی كورددا بنێت بە خودموختاری بۆگەلی كورد ئەو ڕێكەوتنە لە هاتنی سدام حسێن بۆلای جەنابی بارزانی ڕێكەوتنی لەسەركرا لەگەڵ سەركردایەتی پارتی و جەنابی بارزانی كەلە یانزەی ئازاری ساڵی 1970 بە فەرمی ڕاگەیاندرا، كە بۆ كورد لە ڕووی مێژویی و نەتەوەیی دەستكەوتێكی گەورە بوو.
پێداگری و داكۆكی بارزانی لە سەرمافەكانی گەلی كورد لە بەرابەر ڕژێمەكانی عێڕاق ئەو هۆكارانە بوون:
ـ لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلام، بارزانی كە دەست بە شۆڕش كراوە ئامانجیان بە دەستهێنانی كیانێكی سیاسی بووە بۆ كورد, جەنابی شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلامستەفا لەسەر هەمان بڕیار و بەرنامە ڕووبەڕووی ڕژێمەكان بوونەتەوە، كە دەبێت كورد خاوەنی كیانێكی سیاسی خۆی بێت.
ـ لەساڵی 1946 لە كوردستان یەك حزب هەبوو كە ڕێبەرایەتی گەلی كوردی كردووە و, یەك سەرۆك هەبووە,ئەویش مستەفا بارزانی بووە, هەموو كێشە چارەنووسسازەكانی گەلی كورد لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی بە سەرۆكایەتی و سەرپەرشتی بارزانی گفتوگۆیان لەسەركراوە و پارتی بە شاندێك گفتووگۆی كردوە لەگەڵ شاندی عێڕاقی .
ـ پشتگیری جەماوەری كوردستان لە پارتی و بارزانی, چونكە جەنابی بارزانی لە گەڕانەوەی بۆ كوردستان دەستپێكردنی شۆڕش چۆن ڕووبەڕووی پەلاماری ڕژێمەكانی عیڕاق بووەوە ,ڕووبەڕووی زوڵم و ستەمی كۆمەڵایەتی و چینایەتیش بووەوە و, لە كوردستان بارزانی دادپەروەری چەسپاند، كە زۆربەی خەڵكی هەژار و جوتیار و كرێكار تیایدا سوودمەند بوون بۆیە جەماوەر بە هەموو شێوەیەك لەپشتی پارتی و بارزانی دابوون.
ـ فیداكاری و بەرەنگاربوونەوەی هێزی پێشمەرگە بە ڕووی هێزە پەلاماردەرەكان و تۆماركردنی شەڕ و داستانەكان.
بەراورد لەگەڵ ئێستادا
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991كورد بەشێوەیەكی دیموكراسی پەرلەمان وحكومەتی هەرێمی دامەزراند، كە ئێستا حكومەتی هەرێم خاوەن سەروەری زۆرە لە بواری سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی و هەرێمی و, لە پایتەختی هەرێمی كوردستان زۆربەی وڵاتی زلهێز كونسوڵیە، یان نوێنەرایەتیان هەیە, بەهەمان شێوە حكومەتی هەرێمیش نوێنەرایەتی لە زۆربەی وڵاتان هەیە, لە بواری سەربازی خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە، كە لە شەڕی داعش هەموو وڵاتان سەلماندیان، كە پێشمەرگە پاڵەوانی سەدەیە,لەڕووی داراییەوە خاوەنی نەوت و دارایی سەربەخۆیە، كە دەوڵەتانی دەوروبەر چاویان تێبڕیوە.
لەسەردەمی ئێستادا كورد دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لە هەولێر و سلێمانی هەیە و پێویستی بە ڕێگەپێدانی هیچ وڵاتێك نیە و خەڵكی كوردستان بە ئازادی سەفەر دەكەن, بەڵام بەداخەوە هەندێ گروپ و كەس و لایەن هەن لە ئاستی بەرپرسیاریەتی دەڵێن باشتر وایە كورد واز لەكیانی سیاسی و ئەزموونی كورد بهێنن و ڕووبكەینە بەغدا, چونكە گوایە چارەسەری كورد لە بەغدایە, ئای چ شەرمەزارییەكە بۆ ئەوانەی كە ئەو بۆچوونەیان هەیە!. ئەم ئەزموون و دەستكەوتەی كورد ئێستا بەدەستی هێناوە بە خوێنی هەزاران شەهید، كە لە بەرەكانی شەڕ یان لە ئەنفال و زیندەبەچاڵ وماڵوێرانی گەلی كوردستان بەدەست هاتووە لە پێناوی ئەم ئەزموونە بووە, بە چی لۆژیك و بۆچوونێك كورد دەستی لێ هەڵبگرێت؟!.. بە پێچەوانەوە دەبێت هەموو حزب ولایەنەكانی كوردستان كۆببنەوە و بڕیار بدەن لە چارەنوسی گەلی كورد یەك ڕاوبۆچونیان هەبێت، كە مافی گەلی كوردی تێدا ڕەچاوبكرێت، كە ئێستا كورد زۆر بەهێزە.
سەرۆكی كۆمار و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیڕاق و چەندین وەزیر و ئەندام پەرلەمانی عیڕاقی هەیە,حكومەتی عیڕاق لە ئێستادا لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە, ئەوان پێویستیان بە هاوكاری كوردە, دەبێت شاندی كوردی بۆگفتوگۆ بە ئاگاداری و وەرگرتنی ڕای نوێنەری زۆرینەی حزبە سیاسیەكان بڕواتە بەغدا, بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا چەندین كەس و گروپ دەڕۆنە بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەت دەكەن كە ئەوانە نوێنەری كوردنین و بەغداش هیچ گرنگیەكیان پێ نادات , ئەوەش بەهۆی فرەحزبی و دوركەوتنەوەی حزبەكانە لە یەكتری و لەبەر ناردنی شاندی كوردی بۆ بەغدا داخۆ بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت یان نا, خەریكە مەسەلەی نەتەوەیی و سنوری كوردستان و داگیركاری گوندەكانی كوردستان لەبیردەچێتەوە.
كورد كە قەوارەی سیاسی خۆی لە بەغدا بچەسپێنێ, ئەو كات بەپێی یاسا لە هەموو سەروەری و داهات و خێروبێری عیڕاق بەشی خۆی دەبێت و لە ڕووی جوگرافیاش سنووری خۆی دەزانێت.
مەلامستەفای بارزانی, ئەو دەستكەوتانەی ئێستا لە كوردستان هەیە نەیبوو, تەنها عەدالەت و ڕاستگۆیی لەگەڵ گەلەكەی وایكرد ڕژێمی بەغدا دان بەمافی گەلی كورد دابنێت لە ئازاری 1970 لە ئێستاشدا چارەسەری كێشەی كورد لە كوردستانە و بەدەستی لایەنە سیاسیەكانە و لەدە ستی بەغدادا نیە.
*كارگێڕی لقی11ی پارتی










