كارزان حهیدهر
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایدەگەیەنێ:” دوای ئەو كۆنووسەی پێشكەشیمان كرد، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بڕیاری ڕاگرتنی هاوردەكردنی ماسی ناوچەكانی عێراقیدا لەهەموو ئەو دەروازانەی كە هەیەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
ئەو بڕیارەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەو نەخۆشیە هات كە زیانێكی گەورەی بە سامانی ماسی لە بابل گەیاند،بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لە مەترسی ئەو نەخۆشیە بەدوور بگرن.
سیروان سەید بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ( خەبات ) ی ڕاگەیاند:” ئەو نەخۆشیەی سامانی ماسی لە بابل لەنێو بردووە،هیچ كاریگەریەكی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە چونكە ئاڕاستەی ڕووبارەكان لە هەرێمی كوردستانەوەیە بەرەو باشووری عێراق،بۆیە نەخۆشیەكە پێچەوانە ناگاتە هەرێمی كوردستان.
لەبارەی گرتنە بەری ڕێو شوێنی پێویست بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشیە،بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاشكرای كرد ، پاش ئەوەی كۆنووسێكیان داوەتە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ماسی دراوە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لە تەواوی ئەو دەروازانەی عێراق بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێ.
سیروان سەید دڵنیاییدا لەوەی ئەو ماسیەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان،بەرهەمی نێوخۆییە و هیچ مەترسیەكی لەسەر نییە.










