سوورە مەرگەیی
لە دوای پرۆسەی ریفراندۆم و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پیلانێك دژ بە هەرێمی كوردستان وەك بەری خوێن و خەباتی دەیان ساڵەی شەهیدان و ماندووبوونی شۆڕشگێڕانی كورد، بە بەرنامە لە لایەن داگیركارانی كوردستان و هەندێ دەستە و گرووپی ناوخۆ بەڕێوە دەچێ.
دەستپێكی ئەو پیلانەش بە پاراستینی یەكپارچەیی خاكی عێراق و تاوانبار كردنی سەربەخۆخوازانی كورد دەستی پێكرد، بۆ راكێشانی سۆزی خەڵكی ساویلكەش دەستیان كرد فرمێسك رشتن بۆ مووچەی فەرمانبەران، لە كاتێكدا خۆیان هۆكاری بڕینی مووچە و قوتی خەڵكی كوردستانن و ئێستاش لە رێگەی بەناو نوێنەرەكانیانەوە كاری لەسەر دەكەن، لیرەدا دەپرسین: ئایا كورد ئەو هەموو رەنج و خوێن و ئەنفال و كیمیابارانەی بۆ مووچە بووە یان لە پێناو ئازادی ؟ گریمان بۆ مووچە بووە! كورد لە باشوور ئەگەر شەش ملیۆن بێت ئەوا یەك ملیۆنی مووچەحۆرە، ئەی مافی ئەو پێنج ملیۆن كەسەی تر چی دەبێ؟!
دوای ئەو قۆناغە باسی هەڵكردنی ئاڵای عێراق و لامەركەزی سلێمانی ورووژێندرا، لێرشەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ، ئایا كێشەی كورد وەك نەتەوەیەكی خاك داگیركراو و چەوساوە بە هەڵكردنی ئاڵای عێراق و لامەركەزی چارەسەر دەبی؟ لە كاتێكدا دەیان ساڵە لە ژێر ئاڵای داگیركارانی وڵاتەكەیدا خوێن لە جەستەی دەچۆڕێ، لامەركەزیش دوولەت كردنی باشووری كوردستانە و سەدان ساڵە كورد بە دوو لەت و سێ لەت و چوار لەتی وەڵاتەكەیەوە دەناڵێنێ.
بە بانگەشە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم دوا پەردەیان لەسەر پیلانەكەیان لادا، ئەوەی لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو قەوارەیەوە تورك و فارس و عەرەب دژ بەو قەوارەیە دەیانخواست و دەیانویست بیڵێن ئەوان گوتیان، لە كاتیكدا ئەو قەوارەیە موڵكی هەموو كوردە و خۆزگەی كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستانی لەسەر هەڵچنراوە، بۆیە بە وەكالەتی دوژمنانی كورد و داگیركارانی كوردستان دەست بردن بۆ ئەو پرسە خیانەتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و ئەركی رووبەڕوو بوونەوەش دەكەوێتە سەر شانی هەر كوردێك كە خیرەتی رەتكردنەوەی ژێردەستەیی هەبێ، جگە لەوەش كورد لە ریفراندۆم %92 دەنگی بە سەربەخۆیی دا، ئایا ئەوانە چۆن جورئەت دەكەن باس لە نەمانی ئەو قەوارەیە بكەن و دژ بەو رێژە زۆرەی خەڵكی كوردستان بوەستنەوە و ئامانجێكی نەتەوەیی وا گەورە بكەنە پێخوستی خواستی گرووپگەرایی و كۆنەقینی سیاسی.
لە كۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بڵێم: كە تاقمێكی كاڵفامی حزبێكی سیاسی كوردستان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پشت ئەو پیلانەوەن، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە بەشێك لە قۆناغەكانی ئەو پیلانە لەسەر زاری بەرپرسانی خۆیان گوتراون و لە راگەیاندنەكانی خۆشیانەوە بانگەشەیان بۆ كراوە، راستە بانگەشە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم لەسەر زاری سۆران عومەر و چەند كەسێكی دیكە كراوە، بەڵام لایەنێكی سیاسی و ئەجیندایەكی دەرەكی لە پشتەوەیە، چونكە لە كاتی لایبردنی پارێزبەندی لەسەری سۆران عومەر دیاربوو كە كێ؟ و كامەلایەن پێی تەنگاو بوو وكێ؟ بەرگری لێكرد.
بەڕێوە چوونی ئەو پیلانە ئەركێكی نیشتیمانی دوولایەنە دەخاتە سەر تەواوی خەڵكی كوردستان و جەماوەری لایەنە سیاسییەكان، چونكە هەم وەكو كورد ئەركیانە بەرگری لەو قەوارەیە بكەن كە موڵكی هەموو كوردە، هەم وەك لایەنی سیاسد نابێ ئەوە قبوڵ بكەن كە ئەو خوێنە بە هەدەر بچێ كە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو قەوارەیە رژاوە، لە كاتیكدا ئەو خوێنە رژاوە لە جەستەی پێشمەرگە و هەوادارانی حزبەكان بووە.









