تەیب زرار شێروانی
ئەگەر ئاوڕێك لەمێژووی كورد بدەینەوە بەتایبەتی مێژووی هاوچەرخ، بەداخەوە دەبینین كورد گەل و خاكێكی پارچە پارچە كراوی ژێردەستە بووە، بەدرێژایی ئەو زیاتر لەسەت ساڵی ڕابردوو كورد دەستە وەستان نەبووە بەڵكو بەردەوام لە ڕاپەڕین و شۆڕش بووە، جا ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە چەكداری بووبێ یانیش مەدەنی.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە نەگەیشتنە ئەنجام تاكو ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 كە كورد توانی بەشێك لەمافەكانی خۆی بەدەست بێنیت و یەكەم شۆڕشی كوردبوو كە سەركەوت و ئاكامی هەبوو شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو بەسەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر. هەرچەندە پاشان لە 11ی ئاداری1974 حكومەتی عیراقی بەعسی لە بەڵێن و ڕێككەوتنەكە پەشیمان بوویەوە، بەڵام ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 بووە دیكومێنتێكی مێژووی تۆماركراو و ڕیككەوتنێكی نوسراو كە هەردوولا (شۆرش و حكومەتی ناوەند) ئیمزایان لەسەر كردبوو، بۆیە گرنگی ڕێككەوتنەكە لەوەدا بوو كەبۆیەكەم جار بوو لەمێژوودا بەشێك لەمافەكانی كورد بە دیكومێنت كرا.
لەدوای شەڕەكانی ساڵانی 1974-1975 كە شۆڕشی كورد توشی نسكۆ بوو ئیتر كورد بەردەوام بوو لە شۆڕش، ئەمجارە شۆڕش بریتی نەبوو لە تەنها حزبێك (پارتی) بەڵكو دەنگ و ڕەنگی جیاواز لەپارتی یش هاتنە گۆڕەپانەكە ، بەڵام تا ڕاپەڕینی بەهاری 1991 شۆڕشی كورد نەیتوانی لەڕووی یاساییەوە هیچ شتێك بەدەست بێنێت، بەڵام لەدوای ڕاپەڕین ئەنجامدانی یەكەم هەلبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1992 تاقیكردنەوەیەك دەستی پێكرد و كورد وەكو دیفاكتۆ(ئەمری واقع) توانی دامودەزگاكانی حوكمڕانی دابمەزرێنێ و لەماوەی نێوان سالانی 1992 تاكو ئێستا پەرەی بەو كیانە داوە و دامەزراوەكانی حوكمڕانیەكی سەردەمیانەی دروست كردووە، لەڕووی پراكتیكیشەوە دەسەلاتی كوردی نمونەیەكی جوانی حوكمڕانی بۆ دیموكراسی و پێكەوەژیان بووە بەتایبەتی ئەگەر بەراوردی بكەی بە سیستەمە حوكمڕانیەكانی دەوروبەری خۆی، بێگومان ئەم تاقیكردنەوەیە بێ كەموكوڕی نەبووە بەتایبەتی لەڕووی ئیداری، ئەمەش زۆر ئاساییە بۆ یەكەم تاقیكردنەوەی گەلێك كەزیاتر لەسەدەها ساڵ ژێردەستە بووبێ و ڕۆڵەكانی بێ بەش كرابن لە خوێندن و زانست و ڕۆشنبیری، ئاخر جگە لەوەی بەشێكی زۆری نەوەكانی كورد بەزمانی دایك نەیانخوێندووە خۆ بەشێكی كۆلێژ و بەشەكانی كۆلیژەكان بۆ كورد قەدەغە بوو، زانكۆ لەشارە كوردنشینەكان نەبووە، كورد لەخوێندنی باڵا دژایەتی كراوە، بەكورتیەكەی گەنجی كورد و قوتابی كورد زەمینەی بۆ نەڕەخساوە كە بتوانێ تواناكانی خۆی دەربخات، لەدوای ڕاپڕین كە ئێمە چووین بۆ زانكۆ لەهەموو زانكۆی سەلاحەدین كەتاكە زانكۆ بوو لە كوردستان تەنها یەك پرۆفیسۆری هەبوو ، زۆرینەی مامۆستایانی زانكۆ بڕوانامەی ماستەریان هەبوو نەك دكتۆرا ، بەشێكیشیان هەر تەنها بەكالۆریۆسیان هەبوو، هەروەها حكومەتی هەرێم كە دروست بوو هاتە سەر سفرەی خاڵی و هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی نەبوو و حكومەتی مەركەزی دامودەزگا و ئیداراتی لە كوردستان كشاندبووەوە،بۆیە ئاكامێكی سروشتی بۆنە بوونی پسپۆری و خەڵكی شارەزا لە ئیدارەدان بۆ بارودۆخێكی ئەوها ئەوەیە كە دووچاری گەندەڵی و كەموكوڕیش ببی.
لەدوای رووخانی بەغدا ورژێمی بەعس بارودۆخێكی نوێ هاتە ئاراوە ، كورد ڕۆڵێكی كارای هەبوو لە نوسینەوەی دەستوری نوێی عیراق و چەسپاندنی دەستور لە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ دەستوری عیراق، لە دەستوری نوێدا تاقیكردنە و كیانی كوردی بازێكی گەورەی هاویشت و قەوارەی هەرێم لەدەستوردا جێگیر كرا و بەشێكی زۆری مافەكانی كورد لەدەستوردا چەسپێنرا.
ئەو قەوارەی هەرێمی كوردستان كە ئێستا باس لەهەڵوەشاندنەوەی دەكەن بەرەنجامی زیاتر لەسەد ساڵ خەبات و بەرخۆدانی كوردە لەمێژووی هاوچەرخ، كورد لەئاكامی حوكمی دڕندانە و ستەمكارانە و دیكتاتۆرانە و تۆتالیتاری بەعس و حكومەتەكانی پێشووتری عیراق چەندین قوربانی گەورەی داوە (ئەنفال و كیمیاباران و زیندەبەچال كردن و جینۆساد و لەسێدارەدان و شوێن بزركردن و….هتد كە لەمێژووی مرۆڤایەتی هاوتای نییە ، ئەو قوربانیانەی كورد داویەتی لەپێناو ئازادی و سەرفرازی لەخەبات و قوربانیدانی هەموو ولاتانی عەرەبی زیاترە!!
ئەگەر كەمێك باس لەو قوربانیانە بكەین:
1- ئەنفال كردنی زیاتر لە 8000 پیاو و مێردمنداڵی سڤیلی بارزانی.
2- ئەنفال كردنی نزیكەی 182000 كەسی سڤیل كە تائێستا بەشی زۆری تەنانەت نازانرێ لە كوێش نێژراون لەگۆڕە بەكۆمەڵەكان، بەهەمان شیوەی 8000 بارزانیەكان بەڵام لە كاتی جیاواز بووە بۆیە بەیەكەوەمان نەنووسی.
3- كیمیاباران كردنی هەڵەبجە و بادینان و شێخ وەسانان و….چەند شوێنێكیتری كوردستان و شەهید كردنی زیاتر لە5000 كەس تەنها لە هەڵەبجە و بریندار كردنی هەزارانیتر و بێ كەلك كردنی زەوی ئەو شوێنانە بۆ ماوەیەكی دورودرێژ لەبەر كاریگەریەكانی چەكی كیمیاوی و قەدەغە كراو.
4- سوتاندن و تەختكردنی نزیكەی 5000 گوند و شارۆچكەی كوردستان و ڕێگەگرتن لەخاوەن زەوی وزارەكان بۆ كاركردن.
5- ڕاگواستنی سەدان هەزار كەس لەسەر زێدی خۆیان بۆ ناوچەكانی تری كوردستان و عیراق.
6- تەعریب كردنی كەركوك و زوممار و مخمور و خانەقین و ….هتد كە نزیكەی نیوەی خاكی باشوری كوردستان دەگرێتەوە.
7- تەبعیس: پرۆسەی بە بەعسی كردنی خەڵكانێكی كوردی ئاست نزم لەڕووی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و تەنانەت ماددی بۆ ئەوەی بە گژ میللەتی خۆیاندا بچنەوە و كاركردن لەسەر فكر و مێشكی گەنجەكان.
8- بێ بەش كردنی كوردستان لە پرۆژەی ستراتیژی و بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری.
9- بێبەش كردنی كورد لەهەموو مافی هاوڵاتی بوون و وەرگرتنی پلە و پایە لە دەولەت.
10- زەوت كردنی ئازادیەگشتیەكان و ئازادیەكانی تاك بەجۆرێك هەركەسێك دژی دەولەت بێت یان باسی مافی كورد بكات ئەوا چارەی زیندان و ئەشكەنجەدان و كوشتن بووە!
11- بەتاڵان بردنی خێر و بێری كوردستان وبێ بەش كردنی كورد لە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی كوردستان.
12- دەست تیكەڵ كردنی حكومەتی عیراقی لەگەڵ توركیا و ئیران و سوریا بۆ لەناو بردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد و سەركوتكردنی هەر دەنگێكی كورد كەباس لەماف و ئازادی بۆ كورد بكات.
13- زیندانی كردنی دەیان هەزار گەنج و لاوی كورد لەبەر ئەوەی تەنها باسی مافی كوردیان كردبێت یان گوێیان بۆ گۆرانیەكی شۆڕشگێری گرتبێت یان داوای مافێكی سەرەتایی نەتەوەییان كردبێت.
14- ئاوارە كردن و دەربەدەر كردنی هەزاران خانەوادەی كورد بۆ وڵاتانی تر.
بێگومان ئەو خاڵانەی ژماردمان هەموو ئەو زەرەر و زینە ماددی و مەعنەویانە نین كە حكومەتەكانی عیراق لە كوردیان داوە بەڵكو زۆر زیاترن بەڵام ئەوانە خاڵە سەرەكیەكان بوون.
كەواتە ئەو قەوارەیەی كە هەیە ئێستا بە فرمێسك و خوێن و قوربانی بەدیهاتووە، ئەمە لەچاوتروكانیك و بە سودفە هەڵكەوت دروست نەبووە، ئەو قەوارەیەی هەرێم چاوی هەر كوردێكی دونیای لەسەرە كە ببێتە هەوێنی دەوڵەتی كوردی لە ئایندە.
كورد هیچی لە میللەتانیتر كەمتر نییە، مەگەر لای ئەوانە نەبێ كە نەخۆشی دەروونیانی سیاسیان هەیە و سیخوڕ و خۆفرۆش و خاك فرۆشن و هەست بەكەمی دەكەن(الشعور بالنقص)، ئەگەرنا سەرەڕای هەموو كەموكورتیەكان هێشتا حكومەتی هەرێم زۆر لە بەغدا باشتر حوكمڕانی دەكات كە نزیكەی 100 ساڵە دەوڵەتە، ئێستا لەرووی گەندەڵیەوە 6000 پرۆژە لەعیراقدا لەماوەی 15 ساڵی رابردوو تەنها لەسەر كاغەز پارەی بۆ سەرف كراوە بێ ئەوەی لەسەر زەوی هیچی جێبەجێ بكرێت و بڕی 95 ملیار دۆلاری تێدا دزراوە و دیار نەماوە. جا وەرە كەسانێك هەبن بڵێن بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم بكەن!
گەرانەوە بۆ بەغدا كە میلیشیا تێیدا حوكم دەكات و تائیفیەت و مەزهەب و نەتەوەی جیا تێیدا بەگژیەكدا چوونە! عیراقێك كە بڕیار و چارەنوسی لەدەست خۆی نەماوە، عیراقێك كە هەموو عیراقیەكان خۆزگە بە كوردستان دەخوازن، دێنە كوردستان بۆ ئەوەی لەسەقامگیریدا بن و ئازادبن، ئەوان خۆیان دەڵێن ئێمە لە دۆزەخین و ئێوە لەبەهەشت!. هیچ گومان لەوە نیە كە هەر كوردێكی دڵسۆز بۆ خاك ونەتەوەكەی، بۆ مێژوو و قوربانیەكان و خوێنی شەهیدان و فرمێسكی دایكانی جگەر سوتاو،بۆ زیندانیانی سیاسی و بریندارانی كیمیاباران وراگوێزراوان و ئەنفال كراوان و ….هتد تەننانەت جورئەتی ئەوە ناكات باس لەوە بكات كە ئەو قەوارەیە پەنجەی بۆ ببردرێ.
قەوارەی هەرێم واتا كیانی سیاسی هەرێم واتا سەروەری هەرێم واتا وجودی هەرێم، ئەرێ كەستان بینیوە لەسەر گۆی زەوی داوای نەهێشتنی سەروەری و نەمانی وجودی نەتەوەكەی بكات ئەگەر ئینتیمای بۆ نەتەوەكەی هەبێت.
پێمان وانیە بە قسەی چەند خۆفرۆش و سیخوڕ و خاكفرۆش و كاڵفام وكورت بینێك قەوارەی هەرێم مەترسی لەسەر بێت، بەڵام كێشەكە لەوەیە كەسانیك هەبن بەو جۆرە بیر بكەنەوە، كەسانیك كەبەو جۆرە بیردەكەنەوە ڕێگە خۆش دەكەن بۆ دوژمنانیش كە جورئەت ناكەن شتی وا داوا بكەن، بەداخەوە كوردێك هەبێت ببێتە پێشڕەوی دژایەتی كردنی كوردستان، خۆ ئەو كەسانەی ئەو ڕەخنانە لە حكومەتی هەرێم دەگرن و درۆ و بوختان بۆ حكومەتی هەرێم و كەسایەتیە سیاسیەكان هەڵدەبەستن توانا و جورئەتی ئەوەیان نیە ئەسلەن رەخنە لە بەغدا و بەرپرسانی ئەوێ بگرن كە ماف و شایستە دەستوریەكانی هەرێمیان زەوت كردووە. بەڵام ئەوان ئەو ئازادیە ڕەهایەی لێرە هەیە قۆستیتیانەوە بۆ ئەوەی ژەهری قین و رق و دواكەوتوویی و كورت بینی خۆیان هەڵڕێژن، ئەگەرنا هەموو كەسیك بتوانێت حەرفێكی لێكدانەوەی سیاسی بكات دەزانێت كەداوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم دەكات چ رسكێك بە چارەنوسی گەلی كورد دەكات، و چ گاڵتەیەك بەهەموو ئەو قوربانیانە دەكات كە باسمان كردن.
پاشان لەڕووی هاوكێشەی ئیقلیمی و نێودەولەتیشەوە هەرێم بۆتە ژمارەیەك كە هاوكێشەكانی دیكەی سیاسی ڕاگرتووە، ئەمریكا و ئەوروپا چەندین جار دووپاتیان كردیتەوە كە ئەوان پشتیوانی لەهەرێمیكی بەهێزدەكەن لە كوردستان و لە قورسترین قەیراندا لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پاڵپشتی هەرێم و قەوارەكەیان كرد.
بۆیە ئەوانەی وابیردەكەنەوە كە ئەو قەوارەیە پێویستە هەڵوەشیتەوە با باش بزانن كە ئەو قەوارەیە بەرهەمی نزیكەی سەت ساڵ خەباتی كوردە و بەرەوبەهێزتر بوون دەروات و لەناوناچێت.










