شاهۆ حوسێنی
هەرێمی كوردستان وەك دەسەڵاتێكی كوردی و فۆڕمێكی دیفاكتۆی بە فەرمی ناسین لەنێو نیزامی پێوەندییەكانی نێونەتەوەییدا بۆ كوردی هەر چوارپارچەی كوردستان ئاواتێكی مێژوویی لەپاش كۆمارە ساواكەی كوردستانە، ئەزمۆنێكی كە هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. هەر جۆرە خوێندنەوەیەك بۆ ئەو ئەزموونە لۆكاڵییە لەدەرەوەی گوشار، تایبەتمەندی و دۆخی ژێئۆپۆلەتیكی كوردستان ناتوانێ شرۆڤەیەكی لۆژیكی بێت و بەرچاوڕوونییەكی ڕوون بخاتە بەردەم كۆمەڵگا.
دوو كێشەی سەرەكی بەشی هەرە زۆری ڕەخنەكان ئەوەیە كە لەغیابی سەرنجی ژێئۆپۆلەتیك و لەدەلاقەی بەرچاوتەنگی حیزبی ڕا خوێندنەوە بۆئەو دۆخە دەكرێت، ژێئۆپۆلەتیكی كوردستان بەدرێژایی مێژوو لەژێر گوشارەكانی لێكڕەوێنەری ئیمپراتۆری ئێران و عوسمانیدا بووە، دوو فۆڕم لەئیمپڕاتۆری كە نوێنەری دوو ئایدۆلۆژیی ئایینی- نەتەوەیی، پان شیعە*- پان ئێرانیسم لەلایەك و لەلایەكی تر پان سوننە- پان توركیسم بووە و ئەمڕۆكەش لەژێر هەمان گوشاری لێكڕەوێنەری ئەو دوو ئایدیایە دایە، كایەكەرانی هێژموونی ناو ئەو ژێئۆپۆلەتیكە و خاوەنی ئەو دەسەڵاتە دیفاكتۆیە دەقیقەن لەژێر كارتێكەری ئەو هێزە هێژموون، زەبەلاح و لێكڕەوێنەرانە دان، دیارە كە كورد لەوە لاوازترە كە بتوانێ گوشاری ئەو دوو هێزە پووچەڵ بكاتەوە، بۆیەش بەناچاری لەناو جەغزی سیاسەتێكدا دەور دەگێڕێ كە ئەو دوو هێزە هێژموونە دایان ڕشتووە.
هونەری دەسەڵاتی كوردی، رەخنەگر و رووناكبیری كوردی لەوەها دۆخێكدا ئەوەیە كە بتوانێ لەو بدە- بستانە* ناچارییەدا بەرژەوەندیی نەتەوەیی بكاتە تەوەرە و حەول بدات لەدەلاقەی ئەو عەقڵییەت و مێنتالیتەڕا هەڵسوكەوت بكات، هەر جۆرە حەولێك یاخود تەنانەت بیركردنەوە بۆ لێكهەڵوەشاندنەوە، لەباربردن و لاواز كردنی ئەو دەسەڵاتە دەچێتە خانەی خیانەتی نەتەوەیی.
ئەركی هەموو تاكێكی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو لەو دۆخەدا ئەوەیە كە لەتەنیشت حەول بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵات و ئەزموونە كوردییە، حەول بدات بۆ پەرەی زیاتر، ڕادیكاڵ تر و بەربڵاوتری دێمۆكراتیزاسیۆن، بە كورتی خەبات لەناو ئەو دەسەڵاتە كوردییەدا بۆ زیاتر دێمۆكراتیزە كردن و پاراوكردنی، پەرەی گوتار و عەقڵانییەتی دێمۆكراتیك، نەك بەدژ ئەو دەسەڵاتە كوردییە و لەدەرەوەی ئەو دەسەڵاتە بۆ ڕووخاندنی (دیارە لێرە مەبەست دەسەڵاتی كوردییە نەك حكوومەت بە مانای هێزی ئیجرایی).
* پان شیعە = رەوتی شیعەگەری
* بدە- بستانە = دان و ستان و كێشمەكێشم









