شێركۆ حەبیب
ماوەیەكە یاخود ساڵانێكە حكومەتی هەرێم لە هەوڵی چاكسازی دایە، ساتێك جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری لەسەر دا، بەڵام لە بەر هەر هۆیەك بێت بەشێوەیەكی بەرفراوان بەرچاو نەدەكرا، ئەمڕۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی رێزدار مسرور بارزانی لە هەوڵی جێ بەجێ كردنی و دەست پێكردنی ئەو بڕیارەیە، و تەنانەت لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیەتی.

دەبێ ئاماژە بەوە بكەین كەوا ئەو هەنگاوە كار و هەوڵی زۆری پێویستە و دەبێ بەسەر هەموو بەربەست و ئەگەرەكان دا زاڵ بێت، جونكە چاكسازی بەرژەوەندی كۆمەڵێك بەرپرس لە هەموو لایەنەكان و كەسانێك دینێتە كۆتای پێهێنان، بۆیەش دەبینین هەندێ دەنگی نەخوازیار لەم لاو ئەو لا لەهەوڵی دژایەتی ئەو پرۆژەن كە هەڵبەتە هەوڵەكانیان پوچەڵ دەبێتەوە، چونكە بەرژەوەندی گشتی لەوەدا كەچاكسازی بەزووترین كات بچێتە بواری جێ بەجێكردن، و ئەوانەی فرمێسكی تیمساح دەڕێژن بۆ هاووڵاتیان گومان لەوە دانییە كە پەرۆشی بەرژەوەندییەكانی تاكە كەسین نەك گشتی، چونكە بەرژەوەندی گشتی لەوە دایە ئەو سامانەی ساڵانێكە بەهەدەر دەڕوات بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت و بتوانرێت مووچە و كارە خزمەژگوزارییەكانی پێ دابین بكرت.

دەبێ سەرەتا لەوانە دەست پێبكات كە بە پلەی باڵا خانەنشین كراون و رۆژێك لەو پۆستە دا نەبوون، وەك وەزیر، و بریكار هتد، هەروەها هەزاران بە پلەی سەربازی خانەنشین كراون لە ئەوروپا كە رۆژێك نەیان زانیوە پێشمەرگایەتی چییە، هەروەها پێویستە ئەوەی بەناوی كۆمەڵایەتی و دیوەخان و یا هەندێ رێكخراو و رۆژنامە و گۆڤار نەمێنیت، كە زیانی لە سوودی زیاترە.

ئەوەی گرنگە ئەمڕۆ بارودۆخی هاووڵاتیان و بژێوی ژیانیان باشتر بكرێت و هاووڵاتی كوردستان دوای ئەو هەموو مەینەتی و زولمَە لە سەر دەستی رژێمەكانی عێراق لێكراوە، بتوانیت بە ئاسوودەی بژێت، هەروەها ئەوانەی دوو مووچە و زیاتر بنبڕ بكرێت.

دەبێ سەرجەم دڵسۆزانی گەلەكەمان هاوكار و پشتیوان بن بۆ سەركەوتنی پڕۆژەی چاكسازی، تا گەندەڵی لەناو كۆمەڵگا ئەگەر كۆتای پێ نەیەت كەمبكرێتەوە، هەرچەندە هەندێ بەرپرسی و كەس و لایەنی گەندەڵ هەیە ئەمڕۆ دژی ئەو خواستەیەن بەڵام ئیرادەی زۆرینە هەردەم سەردەكەوێت.