رێبوار حەمەلاو شوانی
مێژوو و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی چ وەك كەسایەتییەكی بەهێزی سیاسی، دیپلۆماسی و كۆمەڵایەتی و كوردستانی بۆ رووبەرووبوونەوەی رووداو و پێشهاتەكانی دەوروبەری بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرامبەر بە گەل و وڵاتەكەی ئاماژەیەكی روون و ئاشكرای ئەو پروپاگەندە و چەواشەكارییانەن كە دەزگا سیخوڕی و هەواڵگەرییەكانی وڵاتانی ئیقلیمی دژ بە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت كەسایەتیی رێزدار نێچیرڤان بارزانی جێبەجێیان كردووە و دەیكەن.
هەموو ئەو پڕۆپاگەندە و چەواشەكارییانەی كە بەرامبەری رێزدار نێچیرڤان بارزانی و خانەوادە بەرێزكەیان دەكرێت، بۆ هەموو ئەو هەوڵە سەركەوتووانەی لە ماوەی 5 ساڵی رابردوو، لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ دۆزی رەوای كوردستان دەگەڕێتەوە، وەك چۆن توانیی گەمارۆكانی سەر هەرێمی كوردستان تێكبشكێنێت و ئینجا گەڕاندنەوەی كوردستان بەرەو پێشكەوتن و متمانەی زیاتری سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی.
لەوەش گرنگترە هەوڵەكانی بەرێزیان لە رۆژئاوای كوردستان بۆ چارەسەری پرسی كورد و ئاشتەوایی نێو ماڵی هێز و لایەنە سیاسییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانیان و ئینجا هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بەرێزیان لە سەر ئاستی عیراق بۆ چارەسەری پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەموو ئەمانە وایانكردووە كە نەیارانی كوردستان چ لە سەر ئاستی هەرێمایەتی چ ناوخۆیی هەوڵبدەن بە هێرش و پەلاماردانە و پیلانە پێشتر داڕێژراوەكانیان لە چالاكی و توانا و كاریزمای سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە، كە لە رابردوو و ئێستادا گشت هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و پێشخستنی پرسی كورد لە رووی دیپلۆماسی و سیاسی بەرەو كوردستانێكی بەهێزتر.









