لە ئەنجامی چاکسازییەک لە ماوەی سێ مانگدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڕی 100 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنێتەوە.

دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە کوردستان۲٤ راگەیاند: “بەڕێوەبەرایەتییەکەمان تەنها لە یەک چاکسازیدا زیاتر لە ۱٠٠ ملیۆن دیناری بۆ خەزێنەی هەولێر گەڕاندەوە، چاکسازییەکە زیاتر پەیوەندیی بە سووتەمەنییەوە هەیە بە هەموو جۆرەکانییەوە و لە چوارچێوەی خەرجییە ناپێویستەکان کراوە”.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر جەختی لە بەردەوامبوونی چاکسازی لە سەرجەم هۆبە و بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کردەوە، راشیگەیاند ئەو داهاتەی لە ئەنجامدانی چاکسازی دەستیان دەکەوێت بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێننەوە، سەرباری ئەوەی چەندان پێویستیی دیکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دابین دەکات.