نووری بێخاڵی
وەك چۆن لە كاتی سەرۆكایەتیكردنی چەندین كابینەی حكوومەتدا، لەگەڵ هاوبەشەكانی لە حوكمڕانی و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندا، هەروەها لەگەڵ حكوومەتی بەغدا و هێزە عێراقییەكاندا، ڕاست و ڕوون و ڕاشكاو بوو. ئێستاش كە سەرۆكی هەرێمە، بە هەمان پێوەر مامەڵە دەكات، كە ئەمە یەكێكە لە خاڵە ڕۆشنەكانی سەركەوتنی ئەزموونی سیاسیی (نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان) لەناو هاوكێشە سیاسییەكاندا.
گوتاری سیاسی و دیبلۆماسیی سەرۆكی هەرێم، گوتارێك نییە سازشكار و خۆبەدەستەوەدەر، بەڵكوو گوتارێكی بەرپرسیارە، كە دەرك بە تەواوی مەترسییەكانی كێشەكان دەكات و سەرجەم گۆشە ڕۆشن و تاریكەكانی هاوكێشەكان دەبینێت. بۆیە هەر لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاو دەنێت و دەرفەتەكان دەخاتە خزمەتی خاوكردنەوەی ململانێ و هەلی تێپەڕاندنی قەیران و چارەسەریی كێشەكان.
ڕاستیێك هەیە نابێ خۆمانی لێ ببوێرین، ئەویش ئەوەیە كە نە كوردایەتیی بە كەفوكوڵ دەكرێ، نە سیاسەتیش بە كاردانەوە. هەتا هەرێمی كوردستان بەشێك بێت لە عێراق، دەبێ كورد لەگەڵ عێراق و لەسەر مێزی دانوستاندن و بە پشت بەستن بە ماددە و بڕگەكانی دەستوور، هەروەها پەیوەندیی نێوان فیدڕاڵ و هەرێم، نەك ناوەند و كەنار، كێشەكانی یەكلایی بكاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی وەك هەموو جارێك بۆ دانوستاندن چووە، نەك بۆ دەردەڵ و گفتوگۆ. ئەمەش لەو تێگەیشتنە هۆشیار و بە ئاگایەوە سەرچاوە دەگرێت، كە مێژووی كۆن و نوێ، ئەزموونەكانی دوور و نزیك لە پەیوەست بە ناكۆكیی و ململانێ سیاسییەكانی جیهان و ناوچەكە و نێوخۆ ئەوەمان پێ دەڵێن، لە سیاسەتدا شتێك بەناوی »یان هەموو شت، یان هیچ« جێی لەناو هاوكێشەكاندا نابێتەوە و ئەوە چەمكی »دانوستاندن«ە زیاتر پڕ بەپێستی كۆبوونەوەی سەركردە و لایەنە ناكۆكەكان، تا ئەوەی گفتوگۆكردن و وتووێژ، بەتایبەتی كاتێك تەوەرەكان پرسی چارەنووسساز بن.
وەك چۆن لە سەرەتای دروستبوونی كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا لە سەردەمی (مالیكی) و دوای ئەو، بە دیاریكراویش پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 سەرۆك نێچیرڤان بەرپرسیارانە ڕۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی لە هێوركردنەوەی دۆخەكەدا بینی و ئاوەكەی بردەوە سەر ڕێرەوی ڕاستەقینەی خۆی. ئەمجارەش بە ئامانجی یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە چوارچێوەی (بەرپرسیارێتیی هاوبەش) و لەبەر ڕۆشنایی دەستووردا، بە قورساییەوە، كە هەردوو جێگرەكەی یاوەری بوون، چووە بەغدا و ڕاشكاوانە بە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی بەغدا و سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی گوت: “چارەسەكردنی كێشەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەرپرسیاریێتیی هاوبەشی هەموو عێراقییەكانە، بۆیە كاتی ئەوەیە بگەینە تێگەیشتنێكی هاوبەش و هەموو دۆسیەكان یەكلا بكەینەوە”.
بەردەوامیی خۆدزینەوە لە چارەسەریی كێشەكان و ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە، پێش هەرێمی كوردستان، بە زیانی عێراق خۆی تەواو دەبێت. هەر گەڕانەوەیەكیش بۆ هەڵدانەوە و بە (با)كردنی كۆنە حیساب، خزمەت بە هیچ لایەك ناكات. بەتایبەتی كە گەلانی هەرێمی كوردستان و عێراق بە دۆخێكی سەختی ئابووریی و نائارامیی دەروونیدا تێدەپەڕن و ئەوەندەی پێویستییان بە باشتركردنی ژیان و گوزەران و دادپەروەریی و ئاوەدانیی و سەقامگیریی هەیە، پێویستییان بە قووڵكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان نییە، كە دواجار هەر ئەوان باجەكەی دەدەن.
پێداگریی سەرۆكی هەرێم لەسەر ئەوەی، كە دەبێ ئەزموونی تفت و تاڵی ڕابردووی نێوان هەردوولا بكرێتە هەوێنی (لێكتێگەیشتنی هاوبەش و ڕێككەوتنێكی گشتگیر) و زامنی دابینكردنی دادپەروەریی و چارەسەركردنی یەكجارەكیی كێشەكان بێت. ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەوەی، كە هەرێمی كوردستان لەپێناو ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانیی گەلانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەمیشە ئامادەیی درێژكردنی دەستی ئاشتی و قووڵكردنەوەی گیانی بەیەكەوەكاركردنی تێدایە، بەتایبەتی كە لە سای سەروەركردنی دەستوور و پێگیربوونی بە پرەنسیپەكانی سیستمی فیدڕاڵیزم بێت، نەك بەرمەبنای تێگەیشتنی ناوەند و پەراوێز. بەو پێیەی عێراق وڵاتێكی فیدڕاڵییە و دەستوور چوارچێوەی بۆ دەسەڵات و جۆری پەیوەندییەكانی هەردوولا حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمەكان دیار كردووە.
سەرۆكی هەرێم باش لەوە تێگەیشتووە و تێ دەگات، كە بڕیاری سیاسی لە عێراقدا، تەنیا بریتی نییە لە سێ سەرۆكایەتییەكە، بەڵكوو ئەم سێ سەرۆكایەتییە ڕووخساری بڕیارەكەن و جەوهەری بڕیارەكان سەركردە و هێزە سیاسییە عێراقییەكانن، كە لە پشتی پەردەوە داشەكان دەجوڵێنن. بۆیە هاوكاتی سێ سەرۆكایەتییەكەی بەغدا، سەركردە و لایەنە سیاسییە كاریگەرەكانی ناو هاوكێشەی سیاسیی عێراقیشی خستە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتییە هاوبەشە، لە سەرخستنی پرۆسەكانی دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە ڕێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. تەنانەت كۆبوونەوەیشی لەگەڵ نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەچێتە خانەی هەمان ئاگایی. بەوەی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لەو نێوەدا بەرپرسیارن و پێویست دەكات هەر تەنیا تەماشاكار نەبن، بەڵكوو پێویست دەكات وەك چاودێر و ناوبژیوان، ببنە بەشێك لە پرۆسەكە.
بەگوێرەی قسەكانی (د. هاشم داوود – ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق) بۆ میدیاكان، هەروەها بەپێی كاردانەوەی سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بێت، كە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمیان لەم كات و دۆخەدا بە »پەیامێكی ئەرێنی و هەنگاوێگی دروستی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا و پەرۆشیی و جیددیەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە قەڵەم دا«. گفتوگۆكان بە ئاراستەی كردنەوەی گرێكوێرەكان و چارەسەری كێشەكان دەچن، تا ئەوەی چەقین و بنبەست.
هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە، كە پێمان وایە پشتگیریكردنی لایەنە سیاسییەكان، هاووڵاتیان، دەستەبژێری ڕووناكبیر، میدیا و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیی هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی نیشتمانیی و بەرپرسیارانەی سەرۆكی هەرێم، بە قازانجی كوردستانیان و بەرقەرابوونی ئاشتیی ناوخۆیی و خۆشگوزەرانیی تەواو دەبێت. ئەوانەیش كە خەون بەوە دەبینن، هەرێمی كوردستان وەك دیفاكتۆیەكی سیاسی – دەستووری، ببەنەوە قۆناغ و سەردەمی تاریكی (مەجلیسی تەنفیزی و تەشریعی!)، خەوەكەیان دەزڕێت، چونكە نە ئیرادەی سیاسی و جەماوەریی هەرێمی كوردستان جارێكی تر دەچێتەوە ژێر باری پاشكۆیەتی و شوێنكەوتەیی، نە هەلومەرجی سیاسی و پێشهات و ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە و دونیاش، ئیدی زەمینەی لەدایكبوونەوەی ئەو دۆخەیان لەباردایە.









