مستەفا قایتەوەنی- لەندەن
كوردستان لەشۆڕشی ئاوەدانی و پێشكەوتندا نەك تەنها وەپێش عێراق كەوتبوو، بەڵكو تەنانەت وەپێش بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكەش كەوتبوو. ماوەیەك كێبڕكێ بوو لەنێوان گەورە كۆمپانیایی وڵاتان بۆ كێكەكەی كوردستان و بەپڕتاو بۆی دەهاتن بۆ ئەوەی بەشیان وەبەر بكەوێ و ئەوكات كوردستان هەم گیرفان پڕ بوو هەمیش لەلوتكەی گەشەدابوو، ئەو دەسكەوتانەش بۆ كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بەتایبەتیش لەسەردەمی كابینەی شەش و حەوتدا هەرێمی كوردستان لە لوتكەی ئاوەدانی و خەڵكیش لەخۆشگوزەرانیدا بوو. هەڵبەت ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات ڕۆڵێكی گەورە و بوێرانەبوو لە وەگەڕ خستنی بازاڕی ئازاد و كرانەوەی كوردستان بەڕووی دەرەوەدا.
ماوەی ساڵێكە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەست بەكار بووە، ئەم كابینەیە دوای گۆڕانكاریەكی گەورەی سیاسی وسەربازی لەناوچەكە پێكهات،لەكاتێكدا لەئگەری ڕوداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری 2017، كوردستان %51 خاكەكەی لەدەستدا بوو بەم هۆیەوە كوردستان سەرچاوەكانی داهاتی ڕوو لە ووشك بون چوو ، لەم سەروبەندەدا كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە بارودۆخێكی دژوار دامەزرا.
دەست بەكاربونی ئەم كابینە وەزارییە بووە جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستان. حكوومەتیش ئەركی پێشینەی خۆی كردە چاكسازی و ئەم پڕۆسەیەش بەروونی لە نێو هەمووسێكتەرەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم دەبینرا. هەرێم و بەغدا گەیشتبونە لێك تێ گەیشتن بۆ ڕێكەوتنێكی باش و تۆكمە، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو بارودۆخی بەغدا بەهۆی خۆ نیشاندانەوە تێكچوو كابینەكەی دكتۆر عادل عبدالمهدی دەستی لەكار كێشایەوەو بووە كاربەڕێخەر و نەتوانرا سەرجەم ڕێكەوتنە سیاسی و نەوتیەكانی هەرێم و بەغدا لە ڕێكەوتنی لێك تێگەیشتنەوە بكرێتە رێكەوتنێكی ئیمزاكراو و بەركار ئەمەش هۆكار گەلێكی زۆری لەپشت بوو! چی فشاری ناوخۆی و چی فشاری ئیقلیمی؟! چی لێكترازانی نێوماڵی كورد لەبەغدا.پاشان خۆنیشاندانی شەقامی عێراقی و خراپی ڕەوشی ئاسایشی عێراق و ململانێكان وایكرد حكومەتی عادل عبدالمهدی سڕ بكرێ و نەتوانێ هەنگاو بنێ بۆ ئیمزاكردن و بەركاركردنی رێكەوتنەكە.
دواتریش بەڵای گەورەتر ڕووی لەعێراق كرد، ئەویش دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كرۆنا پێكەوە بەرۆكی عێراق و كوردستانیان گرت و كاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان دروست كرد و ئەوەش هەنگاوەكانی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانی سنوردار كرد، لەلایەكی دیكەشەوە موچە لەلایەن بەغدا ڕاگیرا، پەتای كرۆناش بازاڕی داخست و ژیانی خەڵكی وە ستاند و داهاتی ناوخۆی گەیاندە سفر.
بەم شێوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان دووچاری ئاستەن و تەگەرەی سەخت بوو جێبەجێ كردنی كارنامەی خۆی لە بواری چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و پەرەپێدانی سێكتەری ئابووری وخۆشكردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستان. لەلایەكی تریش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و پەیڕەوكردنی رێنماییەكانی خۆپاراستن و راگەیاندی قەدەغەی هاتوچۆ. بەم شێوەیەحكومەت كەوتە نێوان دوو بژاردەوە كە بەداخەوە هەردوو بژاردەكە لەلایەنی كەس و لایەنی نابەرپرس بەسیاسی كراو لەبری پشتیوانیكردنی حكومەت و هاوكاربونی بۆ لەسەرپێ وەستانی، دەست كرا بە لەكەداركردن و ناشرین كردنی حكومەت!..
ئەوەی جێگای پرسیارو سەرسووڕمان بوو لەسەرەتای پەیدا بوونی پەتای كرۆنا تا ئەو چەند ڕۆژەی پێشوو كەمەترسیەكان گەیشتە بەر دەرگای ماڵی هەموان زۆر كەس و لایەن بە ئۆپۆزسوێن و هەندێك بەشدار لەحكومەت؟! كەوتنە پەلارماردانی حكومەت و بەلا ڕێدابردن و لەبیربردنەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە لای خەڵك و خۆشكردنی بازاڕی سیاسەتی خۆیان تا گەیشتە ئەو ڕادەی بابەتەكە لە ڕەخنەگرتنەوە گۆڕدرا بۆ پەلاماردانی شەخسی و بابەتەكە لەڕەخنە گرتن لە حكومەت دەرچوێنرا بۆ پەلاماردانی خودی مەسروربارزانی؟..
دواتر ئەو كەس و لایەنە نابەرپسانە هانی خەڵكیاندا قەدەغەی هاتوچۆ بشكێنرێت وخەڵكیان هێنایە سەرجادەو ڤایرۆسەكەیان لەحاڵەتی لێرەوە لەوێوە گەیاندە گەڕەك و ناوماڵەكانمان.
ئێستا مەسرور بارزانی وستافەكەی لە حكومەتدا بە تیمی یەكێتی وگۆڕانیشەوە كە لەگەڵیدان بەتەنیا ماونەتەوە لەنێوان سەركەوتن و لەمپەر و ئاستەنگدا.
خۆ ئەگەر ڕكابەرە سیاسیەكانی سەرۆك وەزیران بەوە دڵخۆش بن كە ئاستەنگ و لەمپەرەكانی ئەوان لەبەردەم مەسرور بارزانی لەحوكمڕانیدا دەبێتە مەرهەمی برین و كۆتای بە ئازارەكانیان دێنێ و ئاوێ دەكات بەو ئاگرەی ناو هەناویاندا، بێگومان ئەمە كەم ئەزمونیە و تێ نەگەیشتنە لەسیاسەت، بەڵكو خۆیان واتەنی ئەمە شەڕی كۆنە قینەو بابەتەكە بەشەخسەنە كراوە!…
خۆ ئەگەر بابەتەكە هەبونی سەرنج و تێبینیش بێت لەسەر ئەدائی حكومەت و خودی سەرۆك وەزیرانیش ئەوا دەكرێ لە ڕێگای تیمی حكومەت و ڕێكارە یاسایی و ئوسوڵیەكان و فراكسوێنەكانی پەڕلەمانەوە قسەیان هەبێ دڵنیام ئەویش نیە، ئەی ئەگەر كابینەی مەسرور بارزانی توانی سەركەوێت و ئەم ئاستەنگانە ببڕێ، ئەی لەسەركەوتن خۆ ناشێ ئەوان بڵێن مەسرور بارزانی بەتەنیا خاوەنێتی؟ …
بەئەندازەی حزبەكەی سەرۆك وەزیرانی ئەم كابینەیە یەكێتی و گۆڕانیش پشكیان هەیە و خۆیان پێ خاوەنی حكومەتە، ئاخر ناكرێ یەكێتی سەركردایەتییە نوێكەیەوە و جەماوەرەكەی و گۆڕانیش بە(بەشێكی) سەركردایەتی و جەماوەرەكەیەوە پێیەكیان لەحكومەت بێت و لای خەڵكیش دژی حكوومەت بن؟!، ناكرێ لەحكومەت بیت و هەر كە خوا ڕۆژ بكاتەوە میدیاكانت بۆ دژایەتی حكومەت بەكاربهێنی! بەشێكی پەڕلەمانتارەكانی یەكێتی و گۆڕانیش لەبەغدا وەك دوژمن سەیری حكومەتی كوردستان دەكەن!!.
بۆ ئەگەری یەكەم خودی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و بە هەموو تواناو ووزەی پارتیشەوە لەسەر خەتن بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێم جێبەجێ كردنی كارنامەی حكوومەت و پارتی لەهەموو لاینێك زیاتر شانی داوەتە بەر بەرپرسیارەتی و دڵنیاشم ئەم قۆناغە سەختە كاتییە و تێ دەپەڕێنرێت و دواجار كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر سەردەكەوێت.
بۆ ئەگەری دووەم خوا نەخواستە حكومەتی هەرێم نەتوانێ كارنامەی خۆی كارابكات ئەوا بە زیانی هەموو خەڵكی كوردستان و شادمانی ناحەزانی هەرێمی كوردستان تەواودەبێت.
ڤایرۆسی كرۆناش مەترسیەكی گەورەیە لەبەردەم تەواوی جیهان و عێراق و كوردستانیش بەدەر نیە لە جیهان ، من دڵنیام دوای دۆزینەوەی پێكوتەی ئەم ڤایرۆسە لە جیهان ، بارودۆخ بەرەو ئاسای بونەوە دەڕوا، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیش هەنگاوی جدی و هەوڵی چڕ دەدات بۆئەوەی ئابوری هەرێم چاك بكات و ئێستاش لەسەرجەم بوارەكاندا خەریكی هەنگاونانە. دڵنیام حكوومەتی هەرێم سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێ ئەو سەركەوتنەش لەچەند مانگی داهاتوو دەبینین ، ئەركێكی نیشتیمان پەروەری و ئەخلاقی خەڵكانی ووشیارو بەئاگا و بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیایە كە بەرپرسیارانە مامەڵەبكەن و دوور كەونەوە لە ووروژاندنی هەست و سۆزی خەڵك بۆ مەرامی سیاسی ، با لەبری تیروتوانج گرتن لە حكومەت هەمووان پشتیوانی بین و هانی هەنگاوە باشەكانی حكومەتی هەرێم بدەین بەرەو چاكسازی و بە دامەزراوەی كردن و شەفافیەتی زیاتر ، حكومەتی هەرێمیش بە بەرپرس وخەمخۆر بزانین لە دابینكردنی نان و ئاوی خەڵك ، بە چاوی باوك بڕوانینە حكومەت و نەبینە مایەیی ناشرینكردنی كارەكتەرو كەسایەتیەكانی سەرۆكایەتی حكومەت، بەڵكو ئەگەر داواكاریشمان هەبوو بەنازی كوڕ و باوك داوابكەین، نەك بێین تایە بسوتێنین و ڕێگاوبان دابخەین و دەست بۆ ماڵ و موڵكی گشتی ببەین و باری حكومەت گران تر بكەین.
ئەركی حكومەت وئۆرگانەكانی حكومەتیشە بەرپرسیارانە مامەڵە بكات وداوا ڕەواكانی خەڵك و موچە خۆران وەك خۆی ببینێ و هەوڵەكانی چڕو پڕ بكاتەوە بەپەلەش بكات بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك ئاسایی ببێتەوەو هاوكاری كاسبكاران بێت بە گرتنە بەری ڕێو شوێنی خۆ پارێزی تەندروستی تا خەڵكیش بتوانێ ژیانی بەڕێوە بچێ و خزمەتگوزاریەكان بەباشی بگەیەنێتە سەرجەم شاروشارۆچكەو گوندەكان.
لایەنە سیاسیەكانیش پێویستە لەبری ئەم هەموو دژایەتی و دوو بەرەكیەی ناوماڵی كورد هاوڕاو كۆك و تەبا بن و برایەتی هەڵبژێرن و پێكەوە قۆڵی لێ هەڵماڵن و ئاوێك بكەن بەئاگری دووبەرەكی و دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ بدڕێنن و هەموومان پێكەوە لەكاسەی ئاشتیدا نانی ئارامی بخۆین جگە لەمە بژاردەیەكی ترمان لەپێش نیە چونكە هەموومان ڕێگای ترمان زۆر تاقی كردەوە ، جگە لەماڵ وێرانی هیچی لێ بەرهەم نەهات ، با هەموومان شكست بكەین بەسەركەوتن و نائومێدی لەگۆڕ بنێین و بە ئومێدەوە داهاتوو ببینین و پشتیوانی هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیران بین بۆ چاكسازی و بەرەوپێش بردنی كوردستان و هەناسەیەكیش وەبەر ئەم میلەتەدا بێتەوە.









