سەگڤان هالو
دواكەوتنی كورد لەوەی كە تاكو ئێستا نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێكێت و ببێتە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەخۆی و هۆكاری مانەوەی بەبێ دەوڵەت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بوشاییە سیاسییەی كە لە نێو ماڵی كورددا هەبووە و هەیە ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەشەوە بەرژەوەندیی هاوتەریبی دەوڵەتە زلهێزەكان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە و بە تایبەتیش ئەو دەوڵەتانەی كورد و خاكی كوردستان بە سەریاندا دابەشكراوە، بەڵام ئێمەی كورد زیاتر دەبووایە و دەبێ لایەنی نێۆخۆییمان بە هەند وەرگرتبووایە و وەربگرین لە لایەنی دەرەكی، چونكە كورد ئەگەر نێو ماڵی خۆی ڕێك بخاتەوە، بێگومان لە سەر ئاستی دەرەكیش حیسابی بۆ دەكرا و دەكرێت و پێگەو سەنگێكی بە هێزی دەبێت.
حزبی سیاسی لە هەموو شوێنێكی دونیا بە تایبەت لە نێو وڵاتە پێشكەوتووە دیموكراسییەكاندا كاتێك دەنگی جەماوەر مسۆگەر دەكات و دەگاتە دەسەڵات بۆ ئەوەیە خزمەتی گەل و وڵاتەكەی بكات و ئاسایشی نیشتیمانی لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بپارێزێت، چونكە بەرپرسیارە لە بەردەەم خەڵكی وڵاتەكەیدا ، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان كە هێشتا پەیوەستە بە دەسەڵاتی ناوەندی بە ناو یەكێتی فیدڕاڵی عێراق خاوەن قەوارەیێكی سەربەخۆ بە خۆی نییە، حزبی سیاسی وامان هەیە كە بە ڕۆژ بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیدا و بە شەویش تا پێی بكرێت ئەزموونی فیدڕاڵیی وڵاتەكەی خۆی بە ئامانج دەگرێت و شێلگیرانە دوژمنایەتی دەكات، جا ئەمە لە ژێر كاریگەریی دەوڵەتانی هەرێمیدا بێت یانیش لە ژێر كاریگەریی حیقدی سیاسیدا كە پێم وایە هەردووكی ڕاستە.
لە چێبوونی بۆشایی سیاسیدا دوژمنانی كورد بەردەوام زیانیان بە دۆزی ڕەوای كورد گەیاندووە بە ئاسانی، كوردیش نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستاشدا نەك هەر وانەی وەرنەگرتووە لە ڕابردووی خۆی، بەڵكو بەشێكی زۆری حزبە سیاسییەكان وەكو ئەو كۆیلانەی ئەمەریكای سەدەی شازدەی زایینی بە تایبەت ئەوانەی كە لە نێو ماڵەكاندا خزمەتی خاوەنەكانیان دەكرد، تەنها بۆ بەدەستهێنانی جلە كۆنەكان و پاشماوەی خواردنی خاوەنەكانیان ببوونە جاسوس و دژایەتی بەرەی شوڕشگێڕەكان و ئازادیخوازەكانیان دەكرد و هیچ جۆرە ئامانجێكیان نەبوو تەنها بەدەستهێنانی جلی كۆن و پاشماوەی خواردن نەبێت.
جا ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان كە ساڵی2020 كویلەكانی ئێمەش لە پێناو بەرژەوەندییەكی تەسكدا ئامادەبوونە و ئامادەشن خاك و گەلی كوردستانیش بفرۆشن و كەرامەت و ئیرادە و ناسنامەی نەتەوەییش ببەخشن بە دوژمنان و نموونەش زۆرن پێویست بە باسكردنیان ناكات. لە ئەنجامدا ئەوە دوپات دەكەمەوە كە هەتا كورد ماڵی خۆی ڕێكنەخاتەوە، هیچكات نابێتە ژمارەیێكی حیساب بۆ كراو لە سەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا بە گشتی.









