راپۆرت: عەلی بانیشاری
سەرەڕایی بوونی 72193 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە قەزای شارەزوور، بەڵام بۆ ئەمساڵ تەنها 240 دۆنم زەویی بە خەیار و تەماتە چێنراوە. كەمی رووبەری زەوی چێنراو بە بەرووبوومی هاوینە بۆ ساخنەبوونەوەی لە بازاڕدا دەگەرێتەوە. ئەگەرچی زەوی شارەزوور باشترینە بۆ كشتوكاڵكردن بەتایبەت بۆ(خەیار، تەماتە، ماش، بیبەر، كونجی…هتد)، بەڵام وەكو جووتیارانی ناوچەكە دەڵێن: چاندنی بەرووبوومی هاوینە لە پاشەكشەدایە.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بێ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لایەنەكانی دیكە پایەندی جێبەجێكردنی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان نابن، ئەوەیش بە رێگریكردن لە هاوردەكردنی بەرهەمی هاوردە و جێبەجێكردنی ئەو رەسمە گومرگییەی لەسەر بەرهەمە هاوردەكان دانراوە. دەشڵێت: یەكێك لەرێگەكان بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیاران لەم كاتەدا ساخ بێتەوە، بەپیشەسازیكردنی بەرهەمی خۆماڵییە. عەبدولكەریم عارف باس لەرێگەیەكی دیكە بۆ هەمان مەبەست دەكات و دەڵێت: دانانی ساردخانەی گەورە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان هاوكارێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیاران هەرزانفرۆش نەكرێت.
ناجی حسین، جووتیارێكی قەزای شارەزوورە و دەڵێت: چاندی بەرووبوومی هاوینە بەراورد بە رابردوو لە پاشەكشەدایە. دەڵێت: ساخنەبوونەوەی بەرهەمی خۆماڵی وایكردووە بەشێك لە جووتیاران ئارەزووی كشتوكاڵكردن نەكەن و خۆیان بە كاری دیكەوە خەریك بكەن. ئەو جووتیارە باس لەوەشدەكات چەندین مانگ خەریكی خزمەتكردن بەرووبووم دەبن، بەڵام كە پێدەگات كەس لێی ناپرسێت. ناجی گوتیشی: بەشێك لە جووتیاران سالأ هەیە ئەوەی لە چاندن و خزمەتكردنی خەیار و تەماتە و بەرهەمە رووكییەكانی دیكە خەرجی دەكەن، لە قازانج دەستیان ناكەوێت. زیاتر لە هەفتەیەكە خەیار و تەماتەی شارەزوور گەیشتووەتە بازاڕەكان. بۆ جووتیاران كیلۆی خەیار و تەماتە 250 دینار دینار دەكات. خاوەن زەوییە كشتوكاڵییەكان پێیان وایە ئەمە هەرزانفرۆشكردنی بەرهەمی خۆماڵییە و بەكەم سەیركردنییەتی. عەبدولكەریم عارف، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور دەڵێت: هەرزان فرۆشكردنی بەرهەمی جووتیاران كاریگەری لەسەر ژیان و گوزەران و رەنج و ماندووبوونی جووتیاران دەبێت، چونكە ساخنەبوونەوەی بەرهەم لە بازاڕدا راستەوخۆ وا لە جووتیار دەكات بۆ ساڵی داهاتوو لە چاندنی ئەو بەرووبوومانە پاشەكشە بكات.
ناوبراو جەخت لەسەر پێویستی هاوكاریكردنی حكوومەت بۆ جووتیاران دەكاتەوە و دەڵێت: پێویستە حكوومەت لە پێدانی بنەتۆو و پێداویستییەكانی بەبازاڕكردن و تێچووی گواستنەوەی بەرهەم لە كێڵگەوە بۆ عەلووەكان هاوكاری جووتیاران بكات. بەم شێوەیە كەمتر بارگرانی لەسەر شانی جووتیار دروست دەبێت و هاندانێكی باشیشە بۆ ئەوەی جووتیاری زیاتر روو لە چاندنی بەرووبوومی هاوینە بكات.
بەپێی یاسایی ژمارە 4ـی ساڵی 2008 كە تایبەت بە پاراستنی بەرووبوومی خۆماڵی حكوومەتی هەرێم تەئكیدی لەسەر گرینگیدان بە بەرووبوومی ناوخۆیی كردووەتەوە. لەلایەكی ترەوە لە 2015ـەوە وەزارەتی كشتوكاڵ رەسمە گومریگی خستووەتە سەر بەرهەمی هاوردە. بەشێوەیەك بۆ هەر كیلۆیەك تەماتە بڕی(250) دینار رەسمە گومریگ وەردەگرێت تا بەرهەمی هاوردە نەتوانێت كێبڕكێی بەرهەمی خۆماڵی بكات. بەڵام وەكو جووتیاران باسی لێوە دەكەن ئەو رەسمە گومریگییە جێی خۆی نەگرتووە.
بەهۆی ساخنەبوونەوەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمی تەماتە و خەیاری شارەزوور رەوانە پارێزگاكانی عێراق دەكرێت. لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور دەڵێت: خەیار و تەماتە دەشتی شارەزوور پاش گەیشتنی بە عەلوەكانی هەڵەبجە و سەیدسادق و سلێمانی رەوانەی پارێزگاكانی خوارو ناوەڕاستی عێراق دەكرێت، ئەمە بۆ ئەوەیە جووتیاران تاڕادەیەك سوودمەند بن. دەشڵێت: بەپێی رێكەوتنی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عێراق هاوردە و هەناردەكردنی بەرهەمە رووەكییەكان لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق رێگەپێدراوە.









