كارزان حەیدەر-خەبات
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان سنوور بەزاندنی توركیا بە پێشێلكاری و داگیركاری و زۆرداری وەسف دەكا و دەڵێ:”عێراق سەروەری نەماوە.
ڕێڤینگ هروری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی سنوور بەزاندنی هێزەكانی توركیا بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان و تۆپبارانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لێدانی پێگەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بە پێشێلی سەروەری خاكی عێراق دەزانێ و داوا دەكات عێراق سنوورەكان بپارێزرێ كە ئێستا داوای داهاتەكانی دەكات،هروری دەشڵێ:”كەرەنتینەی پەرلەمان ڕێگر بوو لەوەی كۆبوونەوە لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی توركیا و ئێران و پرسی كێشەكانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و وەدەرنانی كورد لەو ناوچانە بكەین،لەگەڵ پرسی سەرهەڵدانەوەی داعش و چەكدار كردنی هەندێ لە عەشیرەتە عەرەبیەكان كە بوونەتە مەترسی لەسەر كورد لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هروری بۆ ( خەبات) ئاماژە بە بەهانەكانی توركیا دەكات بۆ سنوور بەزاندن و دەڵێ:”توركیا بە بەهانەی پەكەكە سنووری كوردستان دەبەزێنێ و زیانی گیانی و ماڵی بە خەڵكی گوند و ناوچە سنووریەكان دەگەیەنێ،ئێمەش وەكو هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوە نین كێشەی نەتەوەیەك بە چەك و لەشكركێشی كۆتایی پێ بێ،دەخوازین پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا بە گفتوگۆ و دیالۆگ كۆتایی بەو كێشەو ئاڵۆزیانە بێنن.
هروری ئاماژەی بەوە كرد كە بەڕێز مەسعود بارزانی چەند جارێك هەوڵی نێوەندگیری داوە بۆ هێوركردنەوەی گرژیەكانی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان،بەڵام هەردوولا نیازی ڕێككەوتنیان نەبووە،بەڵكو نیازی شەڕیان هەبووە
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دووپاتی ئەوەی كردەوە كە ناڕەوایە توركیا بێتە نێو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان بۆ لێدانی پەكەكە،عێراقیش كە داوای داهاتی سنوورەكانی كوردستان دەكات لە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا،با ئێستا بێ سنوورەكان بپارێزێ.
بەپێی زانیاریەكانی(خەبات)،ئۆپەراسیۆنی بەناو چنگی هەڵۆ توركیا كە درەنگانی شەوی 16 ی حوزەیران بە هێرشی فڕۆكە جەنگیەكان دەستی پێكرد،جگەلە زیان گەیاندن بە زەوی گوندنیشان،خەڵكی 10 گوندی ناوچە سنووریەكانی سەر بە پارێزگای دهۆكی دەربەدەر كرد،بەرەبەیانی ڕۆژی 17 ی حوزەیرانیش توركیا بەهێزەكانی كۆماندۆ سنووری بەزاند و هاتە نێو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان.










