نادر روستی

هەموومان گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە سەرچاوەی داهاتی جۆراوجۆر هەیە‌، ناكرێ تەنیا پشت بە یەك سەرچاوە ببەستێت، ئەمەش رەنگی داوەتەوە لە كارنامەی حكوومەت و لە بەرنامە دایە كە هاوشان لەگەڵ سەرچاوەی وزە و داهاتە ‌ناوخۆییەكان، گرنگی بە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدات.
لە 11ی حوزەیران حكوومەتی هەرێم بۆردی پەرەپێدانی كشتوكاڵی پێكهێنا، كۆبوونەوەی یەكەمی بۆردەكە بەسەرپەرشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سازكرا، لە كۆبوونەوەكەدا باسی كێشە و گرفتەكانی ئێستای كشتوكاڵ و پلانی ستراتیژی پەرەپێدانی كشتوكاڵ كرا.
هەرچی كەرتی گەشتوگوزارە، تاكو ئێستا لە بەرنامەی كاركردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا وەك وشە ناوی لە ناو كارنامەكدا هاتووە، لە رووی كرداری و مەیدانی بەشێوەی فەرمی هیچ هەنگاوێكی بۆ نەنراوە و باس نەكراوە، بەڵكو یەكیكە لە كەرتە هەرە سەرەكییە فەرامۆش كراوەكان، بەڵام لە راستیدا یەكەم كەرت بوو، كە پلانی ستراتیژی خۆی تاكو ساڵی 2025 داڕشت و لەسەر ئاستی دەستەی گشتی گەشتوگوزار كاری زۆری بۆ كراوە، بەڵام لەسەر ئاستی باڵا، یاخود حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئاماژەمان پێدا لە فەرامۆشی دایە.
سەرەڕای ئەوەی كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا زۆرترین زیان بەر كەرتی گەشتوگوزار كەوتووە، بەڵام هیچ بیركردنەوەیەكی شیاویش بۆ دەربازكردنی كەرتەكە لەم قەیران و زیانەی تێیكەوتووە نییە، كەچی لە زۆربەی وڵاتان حكوومەتەكان سەرقاڵی دۆزیینەوەی رێگاچارەیەكن بۆ دەربازكردنی كەرتی گەشتیاری و نزیكردنەوەی لە جوڵەی دۆخی ئاسای پیش هاتنی ڤایرۆسەكە، بۆ ئەمەش هەر وڵاتە و رێگایەكی تایبەت بەخۆی هەڵبژاردووە.
لە ژێر رۆشنایی كارنامەی حكوومەت و گرنگی كەرتەكە وەك یەكێك لەسەرچاوە سەرەكییەكانی داهات، پێویستە كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان بۆردێكی باڵا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دروست بكرێت و راستەوخۆ لە لایەن سەرۆكی حكوومەت یان جێگرەكەی، بە بەشداری لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەت كاری جدی بۆ چارسەری كیشەكانی بكرێت و هەنگاو بۆ پەرەپێدانی بنرێت، تاکو لە سەر زەوی کردار رەنگ بداتەوە.