سەلام عەبدوڵڵا
حكوومەتی هەرێم، لە چەند ڕۆژی پێشوودا سەبارەت بەو (400) ملیار دینارەی كە لە بەغداوە هاتبوو بۆ مووچە ڕوونكردنەوەی دا بەمشێوەیە: (12) ملیار دراوەتە قەرزی بانكە ئەهلییەكان و (165) ملیار و (725) ملیۆن دراوەتەوە قەرزی سەرمایەدارانی ناوخۆ. ئەوەی ماوەتەوە كە بریتییە لە (222) ملیارو (275) ملیۆن دینارە.
كەچی دوای ئەم ڕوونكردنەوەیەش تازە هەندێك میدیا دەستیكردووە بە هاشتاگێك بەناوی كوا چوار سەد ملیارەكە؟
ڕاستە ئەگەر حكوومەت ئەم ڕوونكردنەوەیەی نەدایەو ئاوا جۆری قەرزو سەرفی ئەو مەبلەغەی نەكردایە، دەمانتوانی بڵێین ئەمە پرسیارێكی بەجێیەو پێویستی بە بەدواداچوون و كەمپینگ هەیە، بەڵام كاتێك ڕوونكردنەوەیەكی ئاوا ڕوون و ئاشكرا لەلایەن حكوومەتەوە دەدرێ ئیدی مرۆڤ گومان لەو هەوڵە دەكات.
حكوومەتی عێراقی لە ڕێگەی میدیاكانی خۆیەوە ڕایگەیاند كە مووچە دەنێرێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو كارەی لەكاتی خۆیدا نەكرد، بۆیە حكوومەت بۆ دابینكردنی ئەو مووچەیە ناچار بوو پەنا بباتە بەر قەرز لە كۆمپانیا بیانییەكان و سەرمایەدارانی ناوخۆ كە بەهۆیەوە توانی مووچەكە بدات.
جا كاتێك مەبلەغەكە دوای جەژن نێردرا بۆ هەرێم، دیارە حكوومەت دەبێ لەو پارەیە لە پێش هەموو شتێكدا قەرزەكان بداتەوەو هەر ئەو كارەشی كرد، بۆیە ئیدی هیچ پاساوێك نامێنێتەوە، دوای مووچەدان، ئەم هاشتاگەی لە سۆشیال میدیا دانراوە دیارە مەبەست لێی تەنیا چەواشەكارییە.
ئەگەر خاوەنی ئەو جۆرە هاشتاگەو هاوكارانی بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن با بچن لە ڕاستی و دروستی ئەو پەرلەمانتارەی ئێران بكۆڵنەوە كە دەڵێت: (36.1) ملیار دۆلار و هەشتا تۆن زێڕ نێردراوە بۆ سلێمانی، با هاشتاگی بۆ بكەن، یان با بچن كەمپین و هاشتاگ دابنێن بۆ ئەو (950) ملیۆن دۆلارەی كە دەنگی ئەمەریكا دەڵێت لە سلێمانییەوە نێردراوە بۆ دەرەوە كە تا ئێستا نازانرێت بۆ چ مەبەستێك نێردراوە.










