خهبات: هەندرێن شێرزاد:- لە گوندی كلومی ناوچەی ئەبێی سەر سنووری نێوان هەردووك دەوڵەتی باكور و باشووری سوودان كوژرانی 32 كەس لە هێرشێكدا جارێكی دیكە ناسەقامگیریی گێڕایەوە بۆ ناوچەكە. دەنگی تەقە هەردووك هۆزی مەسیری بە رەچەڵەك عەرەب و هۆزی دینكای بە رەچەڵەك ئەفریقی لەیەك گەرم كردەوە و هەریەكەیان بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن كە دەستدرێژیی كراوەتە سەر و سەرجەم ئەو رێككەوتننامانەش كە تا ئێستا لەنێوانیان مۆر كراون وەلا نران ، بەجۆرێك ئێستا ناوچەی ئەبیێ زیاتر وەك ناوچەیەكی شەڕ دێتە بەرچاو.
دەربارەی ناوچەی ئەبیێ
دەكەوێتە نێوان كوردۆڤان و ناوچەی دەریای غەزال.
دەكەوێتە سەر پشتێنەی ساڤانای دەوڵەمەند بە گیاوگۆل و خاكێكی بەپیت و ئاوی زۆر.
لە ماوەی یەك ساڵدا هەشت مانگ بارانی لێ دەبارێ.
خاكێكی بەرفراوان و بەپیتی هەیە و بۆ كشتوكاڵ زۆر گونجاوە .
بە درێژایی ساڵ كەشوهەوا تیایدا مامناوەندە.
بە گوێرەی راپۆرتەكان نزیكەی 70% نەوتی سودان لە ناوچەی ئەبیێ و دەوروبەرە.
هۆزەكانی ئەبیێ
كەشوهەوای لەبار و بارانبارینی بەردەوام و شیاویی خاك هەمیشە هۆكارێك بوون بۆ ئەوەی شوانكار و جوتیار و هۆزەكان لە زۆر ناوچەوە روو بكەنە ئەبیێ و لەوێ بگیرسێنەوە . یەكێك لەو نموونانە هۆزی داجۆیە كە لە ترسی سولتانەكانی دارفۆر شوێنی خۆی بەجێ هێشتووە ، هەمان شت دەربارەی هۆزەكانی مسێری كە پێشتر لە وڵاتی چادەوە روویان كردۆتە رۆژئاوای ناوچەی كوردۆڤان و ئێستا خۆیان بە كۆنترین هۆزەكانی ناوچەكە دەزانن.لەولاشەوە هۆزی دینكا ئینقۆكیش یەكێكە لە هۆزە گەورەكانی ئەم ناوچەیە. بە هەرحاڵ ، بە درێژایی ماوەی رابردوو ناوچەی ئەبیێ ئارامیەكی كەموێنەی بەخۆیەوە بینیوە و هۆزەكان لەنێوان خۆیاندا چەندین رێككەوتننامەیان مۆر كردووە و پێیانەوە پابەند بوون.
كڕۆكی كێشەكە
دەكرێ بڵێین كرۆكی كێشەی ناوچەی ئەبێ بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە كە تیایدا سودان لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیز دابوو ، ئەوەبوو لە كۆتایی سیەكانی سەدەی رابردوو بەریتانیەكان راپرسیەكیان بۆ هۆزی دینكا ئەنجام دا كە ئەو كاتە كوال ئەروب سەركردایەتی هۆزەكەی دەكرد و بژاردەی ئەوەیان خستە بەردەم كە ئاخۆ دەخوازێ هۆزەكەی ببێتە بەشێك لە باشووری سودان یان وەك خۆی لە باكوور بمێنێتەوە. هەر ئەو كاتە ئینگلیزەكان بە نهێنی لەگەڵ ژمارەیەك لە پیاوماقوڵانی دیناك كۆبوونەوە و داوایان كرد ئەروب رازی بكەن بەوەی ببێتە بەشێك لە دەریای غەزال و دەستبەرداری باكوور بێ، ئەم هەوڵانە چەند جارێك دووبارە بوونەوە بەڵام لە كۆتاییدا شكستیان هێنا.
ساڵی 1943 سولتان ئەروب كۆچی دوایی كرد و دینق مجوكی كوڕی شوێنی گرتەوە، لە هەمان ساڵدا بەریتانیەكان دیسان هەوڵیان دا هەمان داواكاری ئاراستەی سولتانی تازە بكەن ، بەڵام ئەویش وەك باوكی رازی نەبوو و بڕیاری دا لەگەڵ باكوور بمێنێتەوە. بەریتانیەكان بەردەوام بوون لە هەوڵەكانیان و بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵانی 1950 و 1951 و 1953 و 1954 و 1955 ژمارەیەك راپرسی دیكەیان ئەنجام دا بەڵام دیسان سەركەوتوو نەبوون ، دواتر لە ساڵی 1956 ئینگلیز بە یەكجاریی سودانیان بەجێ هێشت.
رێككەوتننامەی نیڤاشا
دوای هێرشەكانی سێپتەمبەری 2001 ئەمەریكا هەوڵی یەكلاكردنەوەی كێشەی باشووری سودانی دا، ئەو وەختە كێشەی ئەبیێ بووبوە مایەی ناكۆكیەكی توند لە نێوان حكوومەت و بزووتنەوە یاخییەكان و دۆسیەكەش لە خولێكەوە بۆ خولێكی تر دوا دەخرا ، تا ئەو كاتەی قەشە جۆن دانفۆرسی نێردراوی ئەمەریكا لە ئاداری 2004 لێكدانەوەیەكی سەبارەت بە دۆسیەكە خستە روو و هەڕەشەی لە هەردوولای كێشەكە كرد و وتی: لە كاتی داڕمانی گفتوگۆكاندا، ئەمەریكا بەرپرسیاریەتی دەخاتە ئەستۆی هەر لایەك كە رێگر بێ لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی. دواتر ئەمە بووە بەشێك لە رێككەوتنی نیڤاشا.
ئەبیێ سەر بە كامە دەوڵەتە؟
تا ئێستاش یەكلا نەبۆتەوە ئاخۆ ئەبیێ سەر بە دەوڵەتی سودانە یان باشووری سودان ، یان موڵكدارێتی بۆ هۆزی مەسیری یان دینكا دەگەڕێتەوە. دانیشتوانی ئەم ناوچەیە كە بە نەوت دەوڵەمەندە و بڕبڕەی پشتی سودانی كۆن بووە و ئەمڕۆش دەكەوێتە سەر سنووری نێوان سودان و باشووری سودان ،بەسەر دوو هۆزی سەرەكی دابەش بوون ، یەكەمیان هۆزی مەسیری بە رەچەڵەك عەرەب و ئەوەی تر هۆزی دینكایە كە لەلایەن حكوومەتی باشووری سودانەوە پشتگیری لێ دەكرێ. لەلایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لاهایەوە ناوچەكە وا پێناسە كراوە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كۆلۆنیالی لە ساڵ 1905 یەكلایەنە لە باشوورەوە خراوەتە سەر باكور، واتە خراوەتە سەر هەرێمی كوردۆڤان ، بەو پێیەش هۆزی مەسیری دەڵێ ئەمە بەڵگەیە و ناوچەكە سەر بە باكوورە ، لە بەرامبەریشدا هۆزی دینكا بە پشتبەستن بە نووسینی یەكێك لە گەڕۆكە بیانیەكان وای بۆ دەچن كە ئەبیێ سەر بە باشوورە . بەڵام وێڕای ئەم ناكۆكیە ،هەردووك هۆز هەمیشە هەوڵیان داوە هەموو شتێك بە یەكسانی لەنێوان خۆیان بەش بكەن و هەرگیز بیر لەوە نەكەنەوە پەنا بۆ چەك و شەڕ ببەن.









