كارزان حەیدەر-خەبات
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بە مەترسی بڕیارەكانی ڕاكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك دەكا بۆ نیشتەجێكردنی عەرەبە هاوردەكان لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەڵێ:”مانەوەی جبووری مەترسی لەسەر پێكەوە ژیانی خەڵكی ئەو ناوچانە دروست دەكات.
جوان یونس ڕۆژبەیانی- سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی بڕیارێكی ڕاكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بۆ نیشتەجێكردنی عەرەبە هاوردەكان لە ناوچە كوردستانیەكان بۆ ( خەبات) ڕایگەیاند:”پاش نووسراوەكەی ڕاكان جبووری كە ئاراستەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كەركووكی كردووە لە 17/5/2020 بۆ نیشتەجێكردنی عەرەبی هاوردە لەناوچە كوردستانیەكان،وەكو لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان پەیوەندیان بە لایەنی پەیوەندیدار و نوێنەرانی كوردستان لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق كردووەو تاوتۆی كردنی پرسەكەیان كردووە كە پرسێكی مەترسیدارەو هەڕەشە لە ئایندەی پێكەوە ژیان دەكات لەو ناوچانە.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی:”دوای هەوڵ و فشارەكانی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسەر ئەو پرسە،فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كەركووك ئاگادار كرایەوە لەوەی بڕیارە نهێنیە مەترسیدارەكەی ڕاكان جبووری جێبەجێ نەكەن.
جوان ڕۆژبەیانی دەڵێ:”ئەو هەنگاوەی جبووری زەنگێكی مەترسیدارە و پێویستە هەرچی زووە ئەو كەسە لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە،چونكە مانەوەی مەترسی و هەڕەشەیە لەسەر پێكەوە ژیان لەسنووری پارێزگای كەركووك.










