كاروان محەمەد سینو
تۆمار و مێژوو و خەباتی پارتی سەراوسەر پڕە لە خەبات و تێكۆشان و شەهید و خەبات و قوربانیدان لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادی خاك و خەڵكی كوردستان بەهەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاكانییەوە، تۆمار و خەباتی پارتی سەراوسەر پڕە لەنیشتیمان پەروەری و دەستكەوت و سەركەوتن و سەرفرازای، قوربانیدان و بەرخودان و سەركەوتنەكانی پارتی هەرلە سەرەتای دامەزراندنییەوە (16ی ئابی 1946 لە مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان) لەسەردەستی مستەفابارزانی نەمر دەستی پێكردووە تاكو دەگاتە ئەمڕۆی كوردستان لە لایەن سەرۆك مسعود بارزانی و نێچیرڤان و مەسروور بارزانییەوە هەر بەردەوامە.
كێیە لەبیری نییە؟! كەپارتی بەرێبەرایەتی مستەفابارزانی چۆن بەرگری لە كۆماری كوردستان كرد لە مهاباد (1947). كێیە لەبیری نییە؟! كە چۆن رابەری كورد مستەفا بارزانی لەپێناو پاراستن و بەردەوام بوونی بزاڤی رزگاریخوازی كورد خۆی و 500لە هەڤاڵانی 12ساڵ ئاوارە و پەنابەری روسیا (یەكێتی سۆڤیەتی جاران) بوون. كێیە كە نازانێ مستەفا بارزانی كەلە روسیا سەربەرزانە گەڕایەوە چۆن؟! سەرلەنوێ شۆرشی 11ی ئەیلوولی 1961 بەرپا كرد پاش ئەوەی رژێمی عێراق شەراكەت و نیشتیمانی بوونی كوردی لە عێراقدا قبوڵ نەكرد. كێیە كە نازانێ چۆن؟! مستەفابارزانی چۆكی بەر رژێمی عێراق دانا و ناچاری كرد كە دان بەمافی خەڵكی كوردستان بنێ و رێكەوتنی 11ی ئازاری 1971 ئیمزا بكات. كێیە كە نازانێ بەرێنمانی و چاودێری جەنابی مستەفابارزانی لە ژیلەمۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە چۆن؟! لە 10ی كانوونی یەكەمی 1975 گڕی شۆڕشی 26ی گوڵان لە لایەنی سەرۆك مەسعود بارزانی و شەهیدی هەرلەیاد ئیدریس بارزانییەوە ڕاگەینرا. كێیە كەنازانێ؟! ڕۆلی پارتی لەشۆڕشی گوڵان و ڕاپەرینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991 چیبووە و چۆن بووە؟!. كێیە نازانێ؟! كە سەرۆك بارزانی هەرلەگەڵ ڕاپەڕاپەڕینی میللەت لە شاری كۆیە(لە14ی ئازاری1991) داوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەت و دامودەزگای مەدەنی و شەرعیەتی دیموكراسی كردووە. كێیە نازانێ؟! كە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بوو نەفرەتی لە براكوژ كرد و فەرمووی “بۆخاتری خوێنی شەهیدان ئەم شەڕە نەكرێ”.
لەمەیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان خەبات و بەرخودانەكانی پارتی و سەرۆك بارزانی لە هەژمار ناهێن،داستانی خواكوڕك و رزگاركردنی شنگار و شەڕی شكاندنی دێوزمەی (داعش) و پرۆسەی ڕیفراندۆم و پاراستن و بەرگری و داستانی پردێ و سحێلا و مەحموودیە و زوومار و ….هتد، هەموو ئەمانە و چەندان داستان و قارەمانی دیكە تاجی گوڵینەی خەباتی پارتی و سەرۆك بارزانییە و رۆژدوای رۆژ ئەندام و كادیرانی پارتی و سەرۆك بارزانی لەخەبات و قوربانی فیداكاریدان لەپێناو ئازادی و رزگاری و شەرعیەتی سیاسی و یاسایی و چاكسازی و خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان. بۆیە هەردەم رێبازی بارزانی و پارتی و سەرۆك بارزانی لەنێو ناخ و دڵی هەموو كوردێكی بەشەرەف و نیشتیمان پەروەردایە لەهەرچوارپارچەی كوردستان بەتایبەت شاری ئەمەكداری سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی. ئەگەر لە بارودۆخێكی نائاسایی و لەژێر ئەجینداو فشار و دەستوەردانی ئەقلیمی لە شاری سلێمانی یاخود دەڤەرێكدا گوشار و ئیرهابی فیكری و جەستەیی لە ئەندام و كادیرانی پارتی بكرێ، بەڵام (مێژوو شاهیدە) كە هەرگیز نەتوانراوە خۆشەویستی و ئەمەكداری بۆ پارتی لەنێو ناخی خەڵكی بەشەرەف و نیشتیمان پەروەرداپەراوێز بخرێ، نموونەش زۆرن.
دوای شۆڕشی یەكەمی بارزان لە ساڵی 1939 رژێمی بەغدا بنەماڵەی بارزانی زۆرەملێ راگواستەوە بۆ شاری سلێمانی،دەمودەست خەڵكی تێكۆشەر و ئەمەكداری شاری سلێمانی بەوپەڕلی نیشتیمان پەروەرییەوە باوەشی بەسۆز و بەئەمەكی خۆیان بۆ بنەماڵەی بارزانی كردەوە و وەكو قارەمانی نەتەوەیی پێشوازی لێكردن و لەو سەردەمەوە روحی نەتەوەیی و شۆڕشگێری خەڵكی سلێمانی و ماڵباتی بارزنی و پارتی تێكەڵ و هاوتای یەك بوون و لە یەك جەستەدا جێگیربوون و خەڵكی سلێمانی بوونە پشت و پەنای بارزانی و بارزانییەكان، تاوەكو لە 12ی7ی1943 بە ڕاسپاردەی جەنابی شێخ مەحموودی حەفید و بەشداری راستەوخۆی شێخ لەتیفی حەفید، جەنابی مستەفابارزانی لە زیندان رزگار كرا و لە رێگای رۆژهەڵاتی كوردستانەوە مستەفا بارزانی بەرەو بارزان گەڕایەوە و دەستكرایەوە بە شۆڕش.
سالی 1958 كاتێك مستەفابارزانی لە روسیا (یەكێتی سۆڤیەتی جاران) گەڕایەوە وەكو ئەمەك و وەفاداری سەردانی شاری سلێمانی كرد و خەڵكی شاری سلێمانی دیسان وەكو قارەمانێكی نیشتیمان پەروەر و بەئەمەك پێشوازییان لە جەنابی مستەفابارزانی كرد.
لە 9ی حوزەیرانی 1963لەبەر ئەوەی خەڵكی سلێمانی تەنانەت ئامادەنەبوون كە قسەی نەشیاو بە مستەفابارزانی بڵێن، زیاتر لە 100كەس لە رۆڵەی شارەكە لەسەر دەستی تاوانبار (زەعیم سدیق) شەهید و زیندەبەچاڵ كران و ئەورۆژە لە مێژووی بزاڤی رزگاری خوازی كورد بە (رۆژە ڕەشەكەی سلێمانی) ناوبراوە.
بەهەزاران نموونەی دیكەی قوربانی خەڵكی سلێمانی لەرێگای رێبازی بارزانی و پارتی لە نێو مێژووی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان تۆمار كراون.


ئەمڕۆش ئێمە یادی 26مین ساڵیادی گیانفیدایی و قوبارنییەكی دیكەی پارتی دەكەین لە پێناوی یەكپارچەیی كوردستان، ئەویش ساڵیادی شەهیدی دووجار شەهید عوسمانی قالە منەوەرە كە لەنێو كوڕانی شاردا بە (خاڵە عەفان ناسراوە).
لە 8/6/1994 خاڵە عەفان و هەڤاڵەكانی (عەلی مام عەبدوڵڵا و ئیبراهیم بێ تەل و هیوا غەفور سەعید و سەرهەنگ فەتحوڵڵا و فەرەیدون بەهادین محەمەد) لە میانەی شەڕی نەگریسی (براكوژیدا) لە پێنجوێن شەهید دەبن، لەكاتێكدا كەلە 10/5/1994 سەرۆك مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیار و رێنماییاندابوو بۆ رێگری كردن لەو شەڕە و بۆئەم مەبەستەش لیژنەیەك پێكهێنرابوو بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە. ئینجا بەرەبەیانی 13ی6 (سێزدەی حوزەیران) كەسوكار و هەڤاڵ و هاوڕێكانی خاڵەعەفان تەرمی پیرۆزی خاڵەعەفانیان هێنایەوە مزگەوتی كانێسكانی شاری سلێمانی بۆ ئەداكردنی مەراسیمی بەخاك سپاردنی. خۆشەویست و هەڤاڵ و هاوڕێ و كەسوكارانی (خاڵە عەفان) و جەماوەرێكی زۆری خەڵكی شاری سلێمانی ئەمەكداری پارتی و بارزانی لەمزگەوتی كانێسكان ئامادەبوون بۆ بەشداری كردن لە مەراسیمەكە. ئینجا پاش شوشتنی شەهید و كفن كردنی، وەكو نەریتێكی كۆمەڵگای كوردەواری دەبوایە تەرمی پیرۆزی ببرێتە ماڵەكەی وەك دوادیدار و ماڵئاوایی بەرلەوەی بەخاك بسپێردرێ. ئینجا لە ئاپۆرایێكی هێمن و ئارام و شایستە بە تازیمانەی شەهید، كەسوكار و هەڤاڵ و هاورێكان تەرمی پیرۆزی (خاڵە عەفان) یان خستە سەرشان و لە مزگەوتی كانێسكانەوە بەرەو ماڵی شەهید بەرێكەوتن بەردەم پارێزگا و حەسیب ساڵح و جادەی مەولەوی و بەردەركی سەرا و فولكەی كاوە كە نزیك ماڵی خاڵە عەفان بوو. بەڵام بەرلەوەی تەرمی پیرۆزی شەهید بگاتە ماڵی خۆیان، تاقمێكی كاڵفامی سیاسی فرشككراو بە ئەجیندای دووئیدارەیی و پارچەپارچەكردنی خاكی كوردستان (هاوشێوەی زەعیم سدیق) لە چوارلاوە ئاپۆرای خەڵكی شاری سلێمانی كە بەشداربوون لە كەژاوە تەرمی پیرۆزی شەهید (خاڵە عەفان)نیان دایە بەر دەستڕێژی گوللەی كلاشینكۆف و بیكەیسی و رومانە و دۆشكە و دەمانجە، تەنانەت گولە بەر لاشەی پیرۆزی شەهید خاڵە عەفان كەوتبوو (بۆیە شەهید خاڵە عەفان ناسناوی شەهیدی دووجار شەهیدكراو پێ بەخشرا). لە ئەنجامدا 21 رۆڵەی ئەمەكدار و نیشتیمان پەروەری شاری سلێمانی شەهید كران، ئەمەش ناوەكانیانە (كەریم سۆفی ناسراو بە عەریف كەریم و ئەحمەد سابیرمحەمەد و ئاراس قادر ئەحمەد نەسیم و نەریمان مستەفا دەروێش مەحمود و بەهرۆز ئەحمەد عەبدوڵلا و نوری عەلی حەسەن و ئیبراهیم حەسەن ئەحمەد و نەجمەدین عەبدول و كامەرانی شێخ مەحموود و جەمال عەزیز حیكمەت و كەمال نوری بابەشێخ و سەردار مەحمود مەعروف و حاجی نوری عەلی و عومەرلەتیف و حەمەفایەق عەلی حەمە و هاوار ڕەسوڵ و حەمە ئەمین حەسەن ڕەشید و زاهیر ئەحمەد ساڵح و بەكرعەبدوڵڵا سوڵتان و هاوار لەتیف عەزیز و زەینەب محەمەد). هەروەها زیاتر لە 51 رۆڵەی بەشەرەفی شاری سلێمانی لەم گوللەبارانەدا بریندار بوون، سەرەڕای ئەم گوللەبارانە تەرمی پیرۆزی شەهید عوسمانی قالە منەوەری دووجار شەهیدكراو لە سەر شاری رۆڵەی ئەمەكرداری شاری سلێمانی نەهاتەخوارەوە و تەرمی پیرۆزیان گەیاندە ماڵی خۆیان و بۆ دواجار ماڵئاوایی لێكرا و دواتر كەژاوەكە بەرەو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەرێكەوت، ئینجا لەم گۆرستانە لە رێوڕەسمێكی شایستەدا بەخاك سپێردرا. بەمشێوەیە خوێنی پیرۆزی شەهید و بریندارانی (سێزدەی حوزەیران) تێكەڵاوی خوێنی شەهیدان و بریندارانی رێبازی بارزانی بوو. بۆیە هەردەم پارتی و خەڵكی شاری سلێمانی ڕووحێكن لە یەك جەستەدا و هەرگیز لەیەكدی ناترازێن.
لە 26ساڵیادی شەهیدانی (سێزدەی حوزەیرانی سلێمانی) و شەهیدی دووجار شەهید خاڵە عەفان و هەڤاڵ و هاورێكانی، هەزار سڵاو لەگۆڕی پاك و رووحی بەرزەفڕیان و تەواوی شەهیدانی رێبازی بارزانی، ڕووڕەشی و شەرمزاری بۆ تاقمی كاڵفام و خاكفرۆش و بكوژانی شەهیدانی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی.