سەلام عەبدوڵڵا
دوای سێ مانگ لە راگرتنی ڕۆژنامەی خەبات، بۆ خۆپارێزی لە پەتای كۆڕۆنا، وا ئەمڕۆ یەكەمین ژمارەی دەكەوێتەوە بەر دەستی خوێنەران، ئەگەرچی ئێمە لە سایتی خەبات و xebat newspaper ڕۆژانە بە بەردەوامی هەواڵ و ڕووداوەكانمان گەرما و گەرم بۆ خوێنەران دەگواستەوە… لەگەل ئەوەشدا خوێندنەوەی ڕۆژنامەی كاغەزی تام و چێژی خۆی هەیە.
لە ڕاستیدا دەكرا ئەم كارە زووتر دەستپێبكەینەوە بەڵام پابەندنەبوونی زۆرینەی خەڵك، بەتایبەتیش هەندێك گرووپ و لایەن كە كەوتنە چەواشەكاری بۆ بانگەشەی ئەوەی كە ئەم پەتایە ڕاست نییە و حكوومەت بۆ نەدانی مووچە ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاودەكاتەوە كە سەرلەبەری ڕاست نەبوون، بۆیە ئەم ماوە زۆر لە بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامەی خەبات خوێنەرانمان بێ بەشبوون.
ئەم پەتایە كە ئێستا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەرێمی كوردستان زیاتر تەشەنە دەكات و ژمارەی گیان لەدەستدان زیاد دەكات، ئیدی مۆڵەتی ئەو جۆرە درۆیە كە ئەم پەتایە وجودی نییە هیچ ڕەواجێكی نییە، هەرچەندە زیانێكی زۆری بە خەڵكی گەیاند كە دەبێت لەمەودوا لێپێچینەوە لە ڕەواجیكارانی ئەم درۆیانە بكرێ و سزای موستەحەقی خۆیان وەربگرن.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، گەر مەسەلە تەنیا نەدانی مووچە بوو، ئەی بۆچی لەو وڵاتانەی كە بە رێكوپێكی مووچەیان دەدا لە هەرێمی كوردستان زیاتر بڵاودەبووەوە وەك وڵاتانی (ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئەمەریكاو … هتد).
ئێستا كە ئەو بانگەشە و چەواشەكارییە كە لە زیان زیاتری بە دانیشتوانی هەرێم نەبەخشی و ڕاستییەكان كەوتنەڕوو، ئیتر دەبێت هاووڵاتییان ئەمجارە زۆر بە توندی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و گوێڕایەڵی بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی و حكوومەت بن، چونكە لە نەبوونی ڤاكسینی ئەم پەتایە تەنیا چارە هەر خۆپاراستنە .










