مەریوان نەقشبەندی
چەند بەزەییم پێتاندا دێتەوە کەدەڵێن حکومەتی ھەرێم نەوتی تەسلیمی عیراق بکردایە ئێمە موچەکانمان بەمەزبوتی وەردەگرت،چەند جێگەی بەزەیین کاتێ وا تێیانگەیاندون کەئەو چوار فلسەی عیراق بەھەزار منەتەوە بۆی دەناردین لەداھاتی بەسرەیە،چەند داماون کاتێ گرەو لەسەر نەمانی ھەرێمی کوردستان و گەرانەوە بۆ باوەشی ئەنفالچی و داگیرکەرانی کوردستان دەکەن .

مەگەر ئێوە دژی ریفراندۆمی ٢٠١٧نەبون و گوتتان بەھۆیەوە ٥١٪‏ی خاکی ھەرێم لەدەستچو؟دەی بۆچی یەکێکتان داوای داھات و سەروەت و سامانی ئەو ٥١٪‏ی خاکەکەمان لەو حکومەتە ناکەن کەداگیری کرد یان باشترە بڵێین تەسلیمیان کرد؟ئەوکات یەکی مەترێک زمانتان لەحکومەتی ھەرێم درێژ بو دەتانگوت نەوتی کەرکوکی لەدەستە و پارە و موچە نادەن بەخەڵک،دەی با ئێستاش دوو سانتیمەتر زمانتان لەسەر ئەوانە درێژ بێت کە لە٢٠١٧وە نەوتەکە دەدزن و خێزانە کوردەکانی کەرکوکیش دەردەکەن .

کاتێ تۆ کۆیلایەتی سیاسیە فاشیلەکانی عیراقت پێ خۆشە و فەزڵیان دەدەیت بەسەر سیاسیەکانی کوردستان دەبێ بزانی خەڵکانێک ھەیە لەکوردستان حەزیان لەکۆیلایەتی نیە و حەزیشیان لەسەربەخۆییە ئەگەر بەبرسیەتیش بێت،ئێ کاکە من چاوم کردوەتەوە ھەر کیمیاباران و ئەنفال و کۆچ و دەربەدەری و زوڵمی داگیرکەرانی کوردستان و غەدر و بێ وەفایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دڕندەیی برادینیەکانم دەبینم،کەتۆ چێژ لەکۆیلایەتی بۆ ئەو ھەموو داگیرکەرانە وەردەگریت دە لێگەڕێ بامنیش چێژ لەھەوڵی رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد و ھۆشیارکردنەوەی فیکریی تۆی گەوجێنراو وەرگرم و ھەوڵ بدەم منداڵەکانمان لەکۆیلایەتی و برسێتی بپارێزم .