خەبات: پەریهان عومەر:- هونەرمەند ئومێد کەمال دەرچووی کۆلێژی هونەر بەشی شانۆیە، کاری نووسین و دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 35 کاری شانۆیی کردووە، سەرۆکی تیپی شانۆی پیرەمەگروون، ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانە، لە ئێستادا نووسەر و ئەکتەرە لە بەرنامەی مقۆمقۆ کە لە کەناڵی سپێدە پەخش دەکرێت. 

هونەرمەند ئومێد کەمال لەبارەی کاری نوێیانەوە بۆ ماڵپەری خەبات گووتی: کاری نوێم زنجیرە درامای مرواریە، تیایدا وەکو سینارست و دەرهێنەر کارئەکەم، ئەو درامایە لە 30 ئەڵقە پێکهاتووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە وێنەگرتنی ئەکرێت، بە سەرپەرشتی گشتی عەبدولغەفارعەبدوڵڵا، هەریەک لە هادی محمود، فەرەیدون حمەساڵح و چەندان هونەرمەندی بە ئەزموون تیایدا وەک ئەکتەربەشدارن.

لەبارەی رەوشی ئێستای هونەری کوردی هونەرمەند ئومێد کەمال بۆ ماڵپەری خەبات گووتیشی: لە کوردستان کاری هونەری لەبەر ئەو قەیرانەی کە هەموو ژیانی گرتۆتەوە، بێ بەش نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە هونەرمەندان نەوەستاون و بەردەوامن، ستافەکەی بەرنامەی ئێمە مقۆمقۆ لە قۆناغی مەترسی کۆرۆناش نەوەستاین و کارمان کرد، بۆ ڕێنمایی کردنی خەڵک، جێگەی خۆشحاڵییە ئەم ساڵ چەند درامایەک بەرهەمهاتووە.

لەبارەی ئەوەی ئایا کارکردنی کاری دەرهێنەری یان نواند بەلای ئێوە خۆشترە، لەو بارەیەوە هونەرمەند ئومێد کەمال بۆ ماڵپەری خەبات گووتی: پسپۆڕی من نواندن و دەرهێنانە، هەردووکیان ئاسان نین، بەڵام چێژی ماندووبوونی هەرکارێک لەسەرکەوتنەکەیدایە، ئەگەر چی سەختە بەڵام هەردوو کارەکە لای من چێژی خۆی هەیە.

هونەرمەند ئومێد کەمال لە بارەی دراما دۆبلاژکراوەکان ورەچاوکردنیان لە داب و نەریتی کوردەواری، بۆ ماڵپەڕی خەبات گووتی: درامای دۆبلاژکراو با هەبێت، بەڵام تەنیا بۆ بازرگانی نەبێت و لەگەڵ داب و نەریتی ئێمەدا بگونجێت، نەک ئەو درامایانە بن کە تەنیا بۆ بازرگانیە.