سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بڕێك پارە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئامادەیە، بەڵام بۆ دابەشكردنی چاوەڕێی گەیشتنی بڕە پارەكەی بەغدا دەكرێت.
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەكانیان بڕە پارەیەك لە وەزارەتی داراییەوە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە.
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە کرد، “بۆ دابەشكردنی ئەو پارەیە چاوەڕێی گەیشتنی پارەكەی بەغدا دەكرێت. ئەگەر زۆرە بەغدا ئەم مانگەش بەشە بودجەی 453 ملیار دینارەكە بنێرێت، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو بەدڵنیایەوە ئاستەنگ دروست دەكات و رۆژ بە رۆژیش داواكاریی بەغدا لەو بارەیەوە لەسەر هەرێمی كوردستان زیاد دەكات”.
زیاد جەبار ئەوەشی خستەڕوو، شاندێكی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی نەوت ‌و بودجە سەردانی بەغدا دەكاتەوە‌.
سەرۆكی لیژنەی دارایی باسی لەوە کرد، “سەردانەكە سەرەتای مانگی پێنج دەبێت، هەر لەبارەی نەوت ‌و بودجەوە دەبێت. باشترین بژارەش بۆ كورد ئەوەیە ئەگەر هەتاوەكو ئەو كاتە مستەفا كازمی دەستبەكار بوو، پێویستە راستەوخۆ لەسەر نەوت‌ و بودجە رێككەوتنێكی بەپەلەی لەگەڵ بكرێت، چونكە ناكرێت فەرمانبەران بەردەوام بۆ مووچەكانیان لە دڵەراوكێدا بن”.
زیاتر لە 45 رۆژە حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانبەرانی دابەش نەكردووە ‌و دواكەوتنی مووچەش وەك بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەغدا ئاستەنگی بۆ 453 ملیار دیناری پشكی هەرێمی كوردستان دروستكردووە.