خەبات- ساسان دەروێش- فەڕەنسا:
پەرەپێدان و گەشەسەندنی كشتوكاڵ لە بەرنامەی هەریەك لە كابینەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، كە بە پێی هەلومەرجی گونجاو و لەبار كەم و زۆر كاری بۆ كراوە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە بەهەبوونی خاكێكی بەپیتی هێجگار زۆری كشتوكاڵی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆماڵی لەخۆمان زیادبێت، یاخود خواستی بازاڕەكانمان دابین بكات. لای هەمووان ئاشكراشە كە هۆكارەكەی بۆ بارودۆخی سیاسی كوردستان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جێگای دڵخۆشیە نە حكوومەتی هەرێم و نە جووتیارانی كوردستان دەست لە ئەژنۆ نەبوون و لە چەند ساڵی ڕابردوودا وێڕای ئاستەنگەكانی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن حكوومەتی ناوەندی عێراق و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش دژ بە هەرێمی كوردستان، جووتیاران بەو ئامێر و كەلوپەلە كۆنانەی كە لە بەردەستیاندا هەبوو، گەڕانەوە سەر زەویەكانیان بۆ كێڵان و تۆوكردنیان تاكو بتوانن لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵی خۆیان دابین بكەن، بەتایبەتیش چاندنی تۆوی پەتاتە لە دەڤەری شێخان و بەردەڕەش، ئەم هەنگاوەش سەكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینی و ساڵ بە ساڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە زیادبوون دایە، تا ئەو ڕادەیەی كە لە بازاڕەكان و خواستی هاووڵاتی كوردستان زۆر زیاد بێت و بەشێكی هەناردەی ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەی هەرێمیش بكرێ.
ناكرێ ڕۆڵی گرنگی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەبیربكرێ لە سەركەوتنی ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2008 و بیرۆكەكەی كە بۆ یەكەم جار 51 تۆن تۆوی پەتاتەی بەكوالیتی بێ بەرامبەر بەسەر جووتیاراندا دابەش كرد بۆ ماوەی دوو ساڵ، لەگەڵ هەموو هاوكاری و پشتگیریەكی جووتیاران، كەلە دواتریش بە بڕەپارەیەكی كەم تۆوەكە درایەوە پێیان.
دۆزینەوەی باشترین تۆوی پەتاتە
حكوومەت خوازیاربوو لەم هاوكارییە بەردەوام بێت، بەڵام بڕینی بودجەو قەیرانی دارایی وایكرد هاوكارییەكان وەك پێویست نەبن، بۆیە جووتیاران بڕیاریاندا بە هەوڵی بچووكی خۆشیان بێت لە هەنگاوەكانیان خاونەبنەوەو بەهۆی چەند كۆمپانیایەك لە وڵاتی هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی تر، بنەتۆوی پەتاتە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن، كە لەوەوپێش لە ڕێگەی وەزارەتی كشتوكاڵەوە بووە، بەم شێوەیەش لە 10 ساڵی ڕابردوودا بەڕیژەیەكی بەرچاو بەرهەمەكەی زیادی كردووە و هەوڵەكانیش لە لایەن جووتیارانی نموونەیی كوردستان هەر بەردەوامە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی باشترین تۆوی پەتاتە كە بەرگەی نەخۆشی بگرێ و لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان بگونجێ و داهاتی زۆریش بۆ جووتیاران بدات بەدەستەوە، بەمەش بەرهەمی خۆماڵی و كاری دەستی جووتیاران ئابووری كوردستانی پێ دەبووژێتەوە.
پەتاتە لە ڕیزبەندی چوارەمی خۆراكەكانە
پەتاتە بەهۆی ئەوبەها بەرزە خۆراكیەی هەیەتی، كە لە هەموو وەرزەكانی ساڵدا بوونی هەیە و بە نرخێكی گونجاو دەست كڕیار دەكەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوودێكی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و بڕێكی باشیش پڕۆتین و كاربۆهیدرات لە پێكهاتەكەیدا هەیە. هەروەها پەتاتە بەیەكێك لە ناسراوترین و بەرفراونترین ئەو بەرهەمە خۆراكیە كشتوكاڵیانە دادەنرێت و لە زۆربەی وڵاتانیش گرنگی تایبەت بە خواردن و چاندن و بەرهەمهێنانی دەدرێت و بەشێوەیەكی بەربڵاو لە هەموو جیهاندا هەیە و بەكاردەهێنرێ، بەم هۆیەشەوە پەتاتە لە ڕووی گرنگیپێدانەوە لە جیهاندا ڕیزبەندی چوارەمی وەرگرتووە لە دوای گەنم و برنج و گەنمەشامی.
لە هەردوو وەرزی بەهار وپایز بەرهەمی خۆماڵی پەتاتە هەیە
گەلی كوردیش دەمێكە ئاشنای ئەم خۆراكەیە لە چاندن و بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی وەك خواردن، لەگەڵ ڕەوڕەوەی ژیان و بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی و كەڵك وەرگرتن لە كەرەستەو پێداویستیەكان لە كەم و زۆر بەردەوام بووە تا بەئەمڕۆ دەگات و خاكی پیرۆزی كوردستانیش شوێنێكی گونجاو و لەبارە بۆ ئەم خۆراكە لە كەشوهەوایەكی نیمچە گەرم و خاكێكی سووك و تێكەڵی لماوی هەیە، كە پلەی گەرمی ژێرخاكەكەی بگاتە 18 تا 20 پلەی سەدی هەیە، ئەگەر پەتاتەكە زانستیانە بچێنرێ بڕی بەرهەمی یەك تۆن چێنراو دەگاتە 15 بۆ 20 تۆن و ساڵانەش توانراوە لە هەردوو وەرزی بەهار وپایز بەرهەمی خۆماڵی پەتاتە هەبێت.
33 ساڵە كاری چاندنی پەتاتە دەكات
مەروان عومەر خورشید جووتیارێكی نموونەیی هەرێمی كوردستانە و لە ئێستادا خاوەنی كۆمپانیایەكی سەربەخۆیەتی بە ناوی خۆی، كە لەوەوپێش لە ڕێگەی كۆمپانیایەكی دیكەوە لە هۆڵەنداوە بنەتۆوی هاوردەی كوردستان دەكرد و لە زەوییەكانی خۆیدا دەیچاند، مەروان بۆ خەبات دەڵێت: لەوەتی فامم كردووە نزیكەی زیاتر لە 33 ساڵە كاری چاندنی پەتاتە دەكات، خۆی و براو كەسوكارەكەی و ئەم كارەشی لە باوكییەوە بۆ ماوەتەوە لە زەوییەكانی گوندی زیناوەی ناوچەی شێخان، هەروەها ساڵانە بڕێكی زۆر لە كێڵگەكەی بەرهەمی پەتاتە پێشكەشی بازاڕ دەكات و لە كاتی چاندن و چنینەوەشی ڕۆژانە نزیكەی 200 كەس لە كێڵگەكەی كاردەكەن و سوودمەند دەبن.
سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان
لە درێژەی قسەكانیدا ئەو جووتیارە دەشڵێ: بەرلەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ تۆوی پەتاتەی باوەڕپێكراوبهێنێ، زۆر لەمێژ بوو ئێمە خەریكی ئەم كارە بووین و ساڵانە 10 بۆ 15 تۆن پەتاتەم چاندووە و بەرهەمەكەشم زۆر باش نەبووە و كەم بووە، بەڵام لە دوای هاوكاریكردنی وەزارەتی كشتوكاڵ و بەردەوامبوونمان و سەردانكردنمان بۆ هۆڵەندا، شارەزاییەكی باشمان لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەرگرت و زۆر لێزانانە و زانستیانە كاری لەسەر دەكەین و ساڵانەش ڕێژەی بەرهەمهێنانیشمان لە بەرزبوونەوە دایە.
فەڕەنسا دەروازەیەكی نوێ بەڕووی هەرێمی كوردستان
جووتیارەكانی كوردستان بەگشتی و دەڤەری شیخان و بەردەڕەش كە بە ناوچەیەكی گرنگی چاندنی پەتاتە ناودەبرێ، سوودیان لەو پێشكەوتنە بەردەوامە كشتوكاڵیەی وڵاتانی ئەورووپا وەرگرتووە، كە لە پێشەوەی ریزبەندی كشتوكاڵیدان، لە ڕێگەی ئەو كۆمپانیایانەی كە مۆڵەتی باوەڕپێكراوی هەرێمی كوردستانیان هەیە سەردانی ئەو وڵاتانەیان كردووە و لە ئەزموونی دەوڵەمەندی جووتیارانیان سوودمەندبوون لە چۆنیەتی چاندن و بەرهەمهێنان و ئامادەكردنی ئەو تۆوانە كە هاوردەیان كردووە بۆ كوردستان. ئەمسالیش لە مانگی چوار بارانێكی زۆر باری و بڕێكی باش لەبەرهەمەكانیانی خراپكرد و كەمێكیشی تووشی نەخۆشی هاتن بەهۆی وشەكەساڵی. مەروانی جووتیاری نموونەیی كوردستان و خاوەن كۆمپانیای خۆی پارساڵ چوار جۆری لە جۆرەكانی پەتاتەی فەرەنسی گەیاندبووە كوردستان بۆ تاقیكردنەوە لە دوای چاندن و بەرهەمهێنانی و پشكنینی لەلایەن بەڕێوەبەری ئەندازیاری باخداری دهۆك سەركەوتنیان بەدەستهێنا و دەركەوت بنەتۆوی فەرەنسا گونجاو بوو بۆ خاكی كوردستان و بەرگەی نەخۆشی دەگرن و ڕێژەی بەرهەمهێنانیشیان بەرزە، بۆ ئەم مەبەستەش مەروان عومەر خورشید سەردانی فەڕەنسای كردەوەو بەیاوەری نووسینگەی خەبات لە هۆڵەندا بۆ لە نزیكتر بینینی بەرپرسی كۆمپانیاكەو سەردانكردنی كێڵگەكان و بەدەستهێنانی بنەتۆوی پەتاتەی ئەو وڵاتە بۆ جووتیارانی كوردستان.
دابینكردنی كەرەستەی مۆدیرن و كۆگای هەڵگرتن زۆر پێویستە
مەروان عومەر خورشید لە بارەی بنەتۆوی پەتاتەی فەرەنسی بۆ خەبات دواو گوتی: سوپاسی ڕۆژنامەی خەبات دەكەین لە گەیاندنی پەیامەكانمان بۆ جووتیارانی كوردستان و ئاشنابوونیان بە چۆنیەتی كاركردنمان بۆیان، لە دوای ئەو تاقیكردنەوەی كردمان لەسەر بنەتۆوی فەرەنسا بۆمان دەركەوت بۆ خاكی كوردستان زۆر باشە، بۆیە گەڕاینەوە بۆ لایان و ئەوانیش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە پەیوەندی ئێمەی كورد و فەرەنسا كە مێژوویەكی درێژمان هەیە لەگەڵ یەكتر هەیەو بەردەوام هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەم جارەش بەشێوەیەكی تر هاوكارمان دەبن لە دابینكردنی بنەتۆوی پەتاتە بۆ كوردستان و خۆشم هاتم لەنزیكەوە كێڵگەكانم بەسەركردەوە، كە ئەمە بۆ یەكەمجار بوو بتوانین ئەم ئەزموونە ببینین. پێشتر چەندین جاری تر چووبووین بۆ وڵاتی هۆڵەندا ئەمەمان نەبینیبوو، لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان كەرەسەتەكانیان ببینین كە زۆر جیاوازبوون ، بەسێ كەس و چەند كاتژمێرێك بەشێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك بەرهەمەكەیان كۆدەكردەوە، بەڵام لای ئێمە بەچەند ڕۆژ و چەندین كرێكار هێشتا پێڕاناگەین بەجوانی كۆی بكەینەوە، بۆیە لێرەوە جێگای خۆیەتی داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە پرسی كشتوكاڵی بخاتە بەرنامەی كاری ئەم چوار ساڵەی و هاوكاری جووتیاران بێت بەدابینكردنی كەرەستەی مۆدیرن و كۆگای هەڵگرتن و نەهێشتنی هاوردەكردنی خۆراك لە وەرزی خۆماڵیدا و دۆزینەوەی بازاڕكردن بۆ بەرهەمەكانمان.
ئەلەند ڕۆئد ئاوات: بنەتۆوی پەتاتە بۆ زۆرترین وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا رەوانە دەكەین
لە دوای بینینی هەموو كێڵكەكان و بەسەركردنەوەیان لە چۆنیەتی جۆری باش و خراپیان لەگەڵ جووتیاری نموونەیی مەروان عومەر و ئەلەند ڕۆئدئاوات خاوەنی كۆمپانیای LSA، دواتر بەهاوكاری و وەڕگێرانی بۆ كوردی لەلایەن سەفوان ئیحسان عەلی، خاوەنی كۆمپانیاكە ئەلەند بەم شێوەیە بۆ خەبات دوا: ئێمە مێژوویەكی سیاسی و دۆستایەتی درێژ پێكەوەی گرێداوین، كە ئەمڕۆش بتوانین هاوكاری یەكتربین. ئەم كۆمپانیایەی ئێمە نزیكەی 35 ساڵە وەك خێزانێك هەمانە، كە بریتین لە خۆم و براكانم و پێكەوە ئەم كارە دەكەین و بۆ زۆرترین وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا بنەتۆوی پەتاتەی خواردن رەوانەی وڵاتان دەكەین، پێشمان خۆشە كوردستانیشی هاتە سەر، كە كەشوهەواو جۆری خاكەكەمان لەیەك نزیكن و گونجاوە بۆ ئەم كارە.
لەڕێگەی كۆمپانیایەكی میسری ئەو كۆمپانیا كوردیەم ناسی
لە درێژەی قسەكانیدا خاوەنی كۆمپانیای LSA رایگەیاند: من لەڕێگەی خاوەنی كۆمپانیایەكی میسری ئەو كۆمپانیا كوردیەم ناسی، كە داوای چەند جۆرێكی پەتاتەیان كرد بۆ تاقیكردنەوە و دواتر دەركەوت بە ڕێژەی زۆر بەرز سەركەوتووبوون. لە دوای ساڵێك بردنی ئەو پەتاتەیە خۆشبەختانە بەموژدەی خۆشەوە هاتنەوە لامان كە توانیویانە لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان سەركەوتووبن لە چاندن و تاقیكردنەوەی كە چاوەڕوانی وەزارەتی كشتوكاڵ دەكەن كە پەسەندیان بكات. لەگەڵ ئەمانەشدا جۆری سپۆندیان بەرێژەیەكی باش برد كە لەكوردستان ناسرا و باشەو بەكاردەهێنرێ، بەهیواین بتوانین لەنزیكترین كات ڕێژەیەكی باشیان بۆ ئامادە بكەین بۆ ساڵی داهاتوویان.
پێمان خۆشە سەردانی كوردستان بكەین
لە كۆتایشدا بە ئەلەند ڕۆئدئاواتم ڕاگەیاند، پێتان خۆشە سەردانی كوردستان بكەن؟ بەپێكەنیەوە گوتی: خۆشحاڵ دەبین چۆن سەردانی وڵاتانی كڕیارمان دەكەین ئاوەهاش پێمان خۆشە سەردانی كوردستان بكەین و لەنزیكەوە كێلگەو جووتیاران ببینین و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی یەكتربكەین و سوودمەند بین بۆ یەكتری و سەركەوتنی وڵاتمان و ئابووریمان. ئێمەش پێمان خۆشە جووتیارانی كوردستان سەردانمان بكەن و لە ئەزموونی خۆمانیان نیشان بدەین و بەم نزیكبوونەوەو پەیوەندییەش زۆر خۆشحاڵم بەتایبەتی خاوەنی ئەم كۆمپانیا كوردیە كە خاوەنەكەی مەروان عومەرە، لە كۆتاییشدا سوپاستان دەكەم و سڵاوم بۆ خەڵكی كوردستان و جووتیارانیان.
سهرهتا بهدواداچوون فەڕەنسا. دەروازەیەكی نوێ بۆ دابینكردنی بنە تۆوی پەتاتە بۆ هەرێمی كوردستان










