سێشەممە ژمارەی گیان لەدەستدانی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سوید هەزار كەسی تێپەڕاند، بەمەش شێوازە جیاوازەكەی سوید بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە و ناڕەزاییە ناوخۆییەكان و نێودەوڵەتییەكان سەردەكەون.

تا ئێستاش لە وڵاتی سوید قوتابخانەكان دانەخراون، خواردنگە و كافێیەكان بەردەوام كراوەن، بازاڕ و شوێنە گشتییەكانیش جمەیان دێت لە خەڵك، ئەمەش وای كردووە سوید وەكو وڵاتێك لە دەرەوەی گۆی زەوی ببیندرێ، كە تارمایی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەر شەقامەكانیەوە نادیترێ.

ئێوارەی  سێشەممە بریكارییەتی گشتیی تەندروستیی سوید رایگەیاند لەوەتەی 24 كاتژمێری رابردووەوە 114 كەسی تووشبوو بە پەتای كۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، بەمەش ژمارەی ئەوانەی بە هۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەست داوە، گەیشتە یەك هەزار و 33 تووشبوو.

هەروەها تا ئێستا 11 هەزار و 445 تووشبوو بە پەتای كۆرۆنا لە سوید تۆمار كراون، لە كاتێكدا لەم وڵاتەدا پشكنینی هەرەمەكی یان پشكنین بۆ گومانلێكراوان ئەنجام نادرێت.