پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئاینی ئێزدیان

بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئاینی خوشك و برایانی ئێزدی، گەرمترین پیرۆزبایی لە كەسایەتی و میری ئێزدیان و ئەنجوومەنی رووحانی كوردانی ئێزدی وسەرجەم ئێزدیان لە كوردستان و جیهان دەكەین، هیوادارین ئەو جەژنە و گشت جەژن و بۆنەكانتان لە سایەی ئازادی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بە خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك بگەڕێـتەوە و مایەی دڵنەوایی و ئارامیی و موژدەی كۆتایی هێنانی ناخۆشی و دەردەسەریەكانی پێبێت.

ئەم جەژنە لەکاتێکدا پیرۆز دەکەین کە پەتای کۆڕۆنا کوردستان و ھەموو جیھانی گرتۆتەوە، وا پێویست دەكات هەموو لایەك هاوكار و پابەندبین بە رێنماییە تەندروستیەکان لە پێناو تەندروستی و سەلامەت تاک بەتاکی کۆمەڵگەکەمان و زاڵبوون بەسەر مەترسیەکانیدا.

بەوبۆنەیەوە جارێکیتر پاڵپشتی تەواو و بەردەوامی ماددی ومەعنەوی پارتیمان و سەرۆك مەسعود بارزانی دووپات دەكەینەوە بۆ پاراستنی كوولتوری رەسەنی ئێزدیاتی و گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ تەواوی ناوچەكانتان و كاركردن بۆ زیاتر ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدان و پێشكەوتنی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان و تەبایی لای گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیی.

جارێكی دیكە جەژنتان پیرۆزبێت و ئومێدی بەختەوەریی و خۆشگوزەرانیتان بۆ دەخوازین..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
14/4/2020