ئەمڕۆ دووشەممە مایك پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند پێشوازی لە راسپاردنی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و هاودەنگی سەركردە سیاسییەكانی عێراق دەكەن.

پۆمپێیۆ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە داوە كە پێشوازی لە گەیشتنە ڕێككەوتنی سەركردە سیاسییە شیعی و كورد و سوننەكانی عێراق دەكەن لەسەر راسپاردنی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دووپاتی كردەوە لەسەر پێویستی توانستی ئەم حكوومەتە نوێیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، خستنەوە سەر پێی ئابووریی عێراق و كۆنترۆڵكردنی چەك.

پۆمپێیۆ هیواشی خواستووە حكوومەتی نوێ بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییان بخاتە پێشەوەی كارەكانی و پێداویستییەكانی گەلی عێراق دابین بكات.

جێی باسە كازمی دەستی بە دانوستاندن كردووە بۆ دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی كابینەكەی و لەم ڕۆژانەشدا بەرنامەی حكوومەتەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق.