ئاماره‌كانی‌ تووشبوانی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا له‌ عێراق به‌رز ده‌بێته‌وه‌، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، له‌ نوێترین ئاماریدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 47 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا لە ته‌واوی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان تۆمار کراون.
 
ماوەی هه‌فته‌یه‌كه‌ ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق زیاتر دەبێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئەمڕۆ هه‌ینى 10ى نیسان، دكتۆر سه‌یف موتڵه‌گ گوته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ “وشه‌”ی‌ ڕاگه‌یاند، “ئەمڕۆ 47 توشبووی نوێی ڤایرۆسى کۆرۆنا لە عێراق و هه‌رێمى كوردستان تۆمار کراوە و کۆی توشبووان گەیشتە 1279 كه‌س.”
زیاتر گوتى، “دوای ئەنجامی پشکنینەکان لە پارێزگاکاندا دەرکەوت 47 کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوونه‌ لەو ژمارەیەش 11 کەس لە بەغدا، 10 کەس لە واست، نۆ کەس لە هەولێر و پێنج کەس لە بەسڕە، تووشی پەتاکە بوونه‌.”
ڕوونى كرده‌وه‌، “لە 24 سه‌عاتی ڕابردوودا 54 توشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان لەو ژمارەیەش 10 کەسیان لە نەجەف، هەشت کەس لە سلێمانی و نۆ کەسی لە بەسڕە بوونه‌، لەو ماوەیەدا توشبوویەکی ڤیرۆسى کۆرۆنا لە بەغدا گیانی لە دەست داوە.”
شایه‌نى باسه‌ کۆی گشتی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە 324 توشبوو، لە نێویاندا سێ مردن هەیە و 134 نەخۆش چاکبووەتەوە و ئەوانیتر هەموویان لە ژێر چاودێری پزیشکی دان.