وەزیری تەندروستیی تورکیا بڵاویکردەوە، ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا گەیشتە هەزار و شەش کەس و ژمارەی تووشبووانیش بۆ 47 هەزار و 29 کەس بەرزبووەتەوە.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماری نوێی مردووان و تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند. بەپێی ئامارەکان لە 24 کاژێری رابردوودا 30 هەزار و 864 پشکنین ئەنجامدراون؛ چوار هەزار و 747 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و 98 کەسیش مردوون.
دوای تۆمارکردنی ئەو ژمارانە، ئەوانەی بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە بوونە هەزار و شەش کەس و ژمارەی تووشبووانی تۆمارکراویش بۆ 47 هەزار و 29 بەرزبووەوە.
هەروەها لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 281 تووشبوو چاکبوونەتەوە، بە گشتی تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 423 تووشبوو چاکبوونەتەوە.
یەکەم تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا رۆژی 11ـی ئادار راگەیێنرا و لە ماوەی مانگێکدا 47 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
لە ئیستەنبووڵ ماسک بەخۆڕایی دابەشدەکرێت
دوای تۆمارکردنی یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە 11ـی ئادار، ناوبەناو باس لە بازرگانیکردن بە ماسک دەکرا و بەشێک لە پسپۆڕان باسیان لە کێشەی حکومەت لە دەستکەوتنی ماسک دەکرد. ئەوە وایکرد رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەفتەی رابردوو بە بڕیارێک فرۆشتنی ماسک بە یەکجاری قەدەخە بکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، “پارێزگاکان لەڕێگەی دوو دامەزراوەی حکومەتەوە دەستیان بە دابەشکردنی ماسکی بەخۆڕایی کردووە، دەستمانپێکردووە و بەردەوامدەبین. لێرەدا دەمەوێ بە روونی بیڵێم کە بە هەموو شێوەیەک فرۆشتنی ماسک قەدەخەیە. ئەوەی لە مارکێتەکانیش دەدرێت بەخۆڕاییە”.
ئەمڕۆ هەینی دەرمانخانەکانی ئیستەنبووڵ بڕیارەکەیان جێبەجێکرد و هاووڵاتیان بە خۆڕایی ماسکیان وەرگرت. شێوازی وەرگرتنەکە لەڕێی ناردنی کورتەنامەیە و هەر خێزانێک بە بڕی دیاریکراو ماسکی پێدەدرێت.
لە باکووری کوردستان و تورکیادا تاوەکو ئێستا قەدەخەی هاتوچۆی سەرتاسەری رانەگەیێندراوە، بەڵام تەمەنی سەرووی 65 ساڵ و خوار تەمەن 20 ساڵ قەدەخەیە بڕۆنە دەرەوە.
رووداو










