وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا دووپات دەكەنەوە هەموو هەوڵێك دەدەن پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رای گەیاندووە لە كۆبوونەوە ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزارەتەكەدا گفتوگۆی زانستی ورد دەربارەی پلان و بژاردەكانی بەردەم زانكۆ و دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجام درا، سەبارەت بە بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن لە حاڵەتی درێژكردنەوەی پشووەكان بەهۆی ڕێكارە خۆپارێزیەكانی تایبەت بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنای نوێ.
یەکێک لە ئەگەرەکان بریتییە بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین
یەکێک لە ئەگەرەکان بریتییە بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین و بەكارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانەی كە ئێستە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كاری بۆ دەكرێت.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە كۆی دەنگ بریاریان دا كە هەمو توانا مرۆیی و لۆجیستییەكانی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا بەكار دەهێنرێت بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ.
هەروەها لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆناو ڕەچاوكردنی دۆخی تەندروستی و پابەندبوون بە ڕێنوێنییەكان لە داهاتوودا بڕیاری پێویست لەبارەی میكانیزمی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن دەدرێت.










