خهبات: هەندرێن شێرزاد:-
ئەو شەڕ و ئاڵۆزیەی ئێستای باكووری سووریا جگە لەوەی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، هاوكات خەریكە ئاراستەی پەیوەندیەكانی نێوان رووسیا و توركیاش دەگەیەننە ئاستێكی مەترسیدار. رۆژانە پێشهاتی خێرا لەو ناوچەیە بەدی دەكرێن ، ئەمە وا دەكات شارەزا و شرۆڤەكارانیش لێكدانەوەی جیاجیا بۆ ئایندەی پەیوەندەكانی نێوان هەردووك وڵات بكەن ، تەنانەت هەندێكیان بە دوور نازانن كە سوپای هەردوو وڵات راستەوخۆ بەریەك بكەون.
بۆردومانكردنی بارەگای سەركردایەتی رووسیا
رۆژی یەكشەممەی رابردوو ، هێزەكانی توركیا بارەگای سەركردایەتی رووسیایان لە گوندەواری منبج لە باكووری سوریا كردە ئامانج ، هاوكات ناوچەكانی عەریمە و خالیدیە و كاوكلی یالنی و جەب حەمرای ژێر كۆنترۆڵی ئەنجوومەنی سەربازیی منبجیش بۆردومان كران و لە بەرامبەردا دەیان خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشت.
دەستگیركردنی سەرنووسەری سپۆتنیك
لەو نێوەندەدا، دەسەڵاتدارە ئەمنیەكانی توركیا ماهر بوزتیبی سەرنووسەری ئاژانسی سپۆتنیكی رووسیان لە توركیا دەستگیر كرد و لەو بارەوە ئاژانسی ناوبراو لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند پۆلیس بۆزتیبی رەوانەی بەشی سەرەكی ئاسایش كردووە لە ئەستەنبۆل. پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو كە كارمەندانی ئاژانسی سپۆتنیك لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی توركیاوە دەستبەسەر كراون.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هاتە دەنگ
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەكی بە پەلەدا داوای لە دەسەڵاتدارانی توركیا كرد چارەی ئەم بارودۆخە بكەن و كار بكەن بۆ پاراستنی سەلامەتیی كارمەندانی دەزگا میدیاییەكانی رووسیا. لە لایەكی دیكەوە ، ئاژانسی سپۆتنیكیش رایگەیاند چەند كەسێك لە ئەنقەرە هێرشیان كردۆتە سەر ماڵی كارمەندانی ئاژانسەكە و هەڕەشەشیان لێ كردوون و هەوڵیان داوە بە زەبری هێز خۆیان بكەن بە ماڵەكاندا.
ئەگەرەكانی پێكدادان
وەك دیارە، چەند جارێك ئیدارەی ئەمەریكا پشتگیری خۆی بۆ توركیا دووپات كردۆتەوە، ئەمەش وا دەكات بڵێین بە دوور نازانرێ لە ئایندەدا سوپای توركیا و رووسیا بەر یەك بكەون ، ئەگەرچی پێدەچێ توركیا حیسابێكی بۆ ئەمە كردبێ و بخوازێ تا پێی بكرێ خۆی لەم ئەگەرە دوور رابگرێ .شارەزایان پێیان وایە ئەوەی لە ئیدلب روودەدات دەبێتە مایەی دیاركردنی زۆر لەو هاوپەیمانیە هەرێمی و نێودەوڵەتیانەی لە ناوچەكە سەر هەڵدەدەن ، هاوكات ئەمە سنووری پەیوەندیەكانی نێوان رووسیا و توركیاش دیار دەكات لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا ، بەو پێیەش كە هێزەكانی رووسیا لە قامیشلی و منبج و كۆبانێ و رقەدا بڵاو بوونەتەوە ، بۆیە هەر رووبەڕووبوونەوەیەك لە نێوان هەردوولا روو بدات ، بێگومان بە درێژایی سنوورەكانی نێوان سووریا و توركیا دەگرێتەوە.
یاریكردن لە كەناری هەڵدێر
كەم نین ئەو شارەزا و پسپۆرانەی پێیان وایە بارودۆخی ئێستای نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ بریتیە لە هەوڵێك بۆ یاریكردن لە كەناری هەڵدێرێكی سەخت ، بەو پێیەی هەریەكەیان ناخوازن راستەوخۆ رووبەڕووی یەكتر ببنەوە و هەموو رێككەوتن و لێكتێگەیشتنەكان دەربارەی سووریا ژێرخۆڵ بكەن ، لە هەمان كاتدا هەر لایەن هەوڵی وەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر دەدات. دەكرێ بڵێین رووسیا و توركیا كار بۆ ئاڵۆزتركردنی بارودۆخەكان دەكەن، بەڵام لە تواناشیان هەیە كۆنترۆلی خۆیان بكەن. لە لایەك رووسیا پاڵی بە سوپای سووریا نا كە چەند ناوچەیەكی ستراتیژیی لە گوندەواری حەلەب و ئیدلب كۆنترۆڵ بكاتەوە و بەمەش ئەو خاڵانە ئابڵوقە دران كە لەلایەن توركیاوە بۆ چاودێریكردن دانرابوون.كەواتە وێڕای ئەو ئاڵۆزیە، بەڵام هێشتا هەردوولا بۆشاییەكیان هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی تیایدا بە لێكتێگەیشتنێك بگەن .










