خهبات: رەمزی میرەكانی:-
گۆتابایا راجاباكسا، سەركردەی سەربازیی پێشووتر و وەزیری بەرگری پێشوو، توانی لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە سریلانكا براوە بێت و بە جیاوازی زیاتر لە %10 كۆی دەنگەكان، بەسەر ركابەرەكەی، ساجیس بریمداسا، پاڵێوراوی پارتی نیشتمانی یەكگرتووی پارێزگاردا سەركەوێت. گۆتابایا، كە برا بچووكی سەرۆكی پێشووتر، ماهیندا راجاباكسایە، پاڵێوراوی پارتی بەرەی گەلی سریلانكی بوو و توانی زۆرینەی دەنگەكانی پەیڕەوكارانی سەنهالی بەدەست بێنێت، كە ئیتنێكی ئایینیە، لەتەك پشتیوانی پیاوە بەهێزەكانی ئایینی بوزا. ئەمەو سەنهالییەكان نزیكەی %75 لە كۆی دانیشتووانی سریلانكا پێك دەهێنن، لەوكاتەی تامیلەكان، كە هندۆسین، رێژەی %11 دانیشتووان پێك دەهێنن، زێدەباری نزیكەی دوو ملیۆن موسڵمان.
ئەوەش یەكەم جارە لە سریلانكا، دوو برا، دەسەڵاتەكەی بەڕێوە ببەن، دوای ئەوەی سەرۆك گۆتابایا راجاباكسا، برا گەورەكەی خۆی، ماهیندای بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راسپارد، كە پێشتر ئەویش سەرۆكی ئەو وڵاتە بووە. ئەو دوو برایە سەر بە بەرەبابی سینانایاكەن، كە مێژووییەكی درێژیان لەو وڵاتەی باشووری ئاسیادا هەیە. لە بەناوبانگترین بەرەبابەكانی دەسەڵاتیش لە سریلانكا، ئەمەی لای خوارەوەن.
سینانایاكە
مێژووی هەڵكشانی ئەو بەرەبابە بۆ دەسەڵات، بۆ ساڵی 1951 دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی دادلی سینانایاكە، لە شوێنی باوكی ستیڤن سینانایاكە، پۆستی سەرۆك وەزیرانی سریلانكای وەرگرت. بەم دواییەش ماڵباتی راجاباكسا، لە رێگەی برایان، گۆتابایا و ماهیندا، پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی سریلانكایان وەرگرت، كە پێشتریش چەند پۆستێكیان لە نێوان خۆیاندا بەش كردبوو.
باندارانایاكە- كۆماراتونگا
لە ساڵی 1954 دا،نۆرەی بەرەبابی باندارانیكە، لەگەڵ سۆلۆمۆن باندارانایكە دێت، كە سەركردەیەكی رادیكالی چوست و چالاك بوو، كە لە دوای دووەم جەنگی جیهاندا، نەتەوەی سەنهالی لەگەڵ قوتابخانەی سوشیالیستی تێكەڵاو كردبوو. دوای تیۆركردنیشی، بێوەژنەكەی، سیریمافۆ باندارانایكە، لە مانگی تەموزی 1960دا، پۆستی سەرۆك وەزیرانی سریلانكای وەرگرت، كە ئەودەم یەكەم خانمە سەرۆك وەزیران بوو لە جیهاندا. دوای ئەوەی ئەو بەرەبابە بۆ چەندین دەیەی لە دوای یەك، دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە گرت، لە ماوەی نێوان 1994 و 2005 دا، چاندریكا كۆماراتۆنگا، كچی سۆلۆمۆن و سیریمافۆ، لە رێگەی پارتی سریلانكای ئازادی چەپڕۆی سەنهالی، دەسەڵاتی گرتەوە دەست و لەگەڵ دایكی، پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانیان ئاڵوگۆڕ كرد. لە ساڵی 2008 یشدا، ئەنوارا باندارانایكە، كە پێشتر وەزیری دەرەوە، سەرۆك ئەنجوومەنی نوێنەران و سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆن بوو، لە هەڵبژاردنەكاندا بەرامبەر ماهیندا راجاباكسا دۆڕا.
بریماداسا
ئەوكاتەی سیاسەتمەداری بە ئەزموون، راناسینگی بریماداسا، لە ساڵی 1989دا، توانی ببێتە سەرۆكی پارتی نیشتمانی یەكگرتووی پارێزگار، كە لەلایەن چینی دەست رۆیشتووی سەریلانكا پشتیوانی لێ دەكرێت، كەم كەس پێیان وابوو، بتوانێت ماڵباتەكەی بباتە ریزی بەرەبابە گەورەكانی سیاسەتەوە. چەند ساڵێك پێش ئێستا، ساجیس بریماداسا، كچی راناسینگی، پۆستی سەرۆك وەزیرانی سریلانكای وەرگرت، لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی سەرۆكایەتیشدا، ركابەری سەرۆكی هەڵبژێردراو گۆتابایا راجاباكسا بوو.
ئەوانی دیكە
لەلایەكی دیكەوە، بەرەبابەكانی سیاسەت، لە رێگەی ژنخوازییەوە تێكەڵاوی یەكتری بووینە، بۆیە زۆربەی پۆستەكانی كەرتی تایبەت و میریشیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كردووە. لە دیارترین ئەو بەرەبابانەش ئەمانە: گوبالاوا و جایواردینە، كە لەسەردەمی داگیركاریی بەریتانیادا، لە خزمەتی ئەو وڵاتەدا بوون. یەكەم كەسیش كە لەنێو ئەو بەرەبابە چووە نێو دونیای سیاسەتەوە، هیكتۆر ئەلفرێد جایواردینە بوو، كە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی كۆلۆمبۆی پایتەخت بوو، هەروەها جۆنیۆس جایواردینەش، یەكێ لە سیاسەتمەدارەكانی ئەو بەرەبابەیە، كە بۆ ماوەی 11 ساڵ، سەرۆك كۆماری سریلانكا بوو. هەروەها جایواردینە، پەیوەندی ژنخوازییان لەگەڵ بەرەبابی ویكریماسینگەش هەیە، كە سەرۆك وەزیرانی پێشووتری سریلانكا، رانیل ویكریماسینگە، یەكێ لە ئەندامانی ئەو بەرە بابەیە و چەندین ساڵیش لە پۆستەكەیدا مایەوە.
مێژووی سریلانكا
سریلانكا، یان سری لانكا، لە ماوەی نێوان ساڵی 1948 و 1972دا، بە ناوی سیلان ناسراو بوو، ناوە فەرمییەكەشی، كۆماری سریلانكای دیموكراتی سۆشیالیستییە.وڵاتێكی دورگەییە و دەكەوێتە باكووری زەریای هیندی لە باشووری نیمچە كیشوەری هند لە باشووری ئاسیادا. مێژووی سریلانكا بۆ سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. جاران بنكەی سەرەكیی رێگا سەرەكییەكانی دەریاوانی بوو، كە رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای ئاسیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، لەبەر ئەو پێگە ستراتیژییەشی، لە ماوەی نێوان رێگەی ئاوریشم و دووەم جەنگی جیهاندا، رۆڵێكی گرنگی هەبوو. لە ساڵی 1948 دا، سەربەخۆیی خۆی وەرگرت، دوای دانووستانی ئاشتیانە لەگەڵ بەریتانیا. سریلانكا بە جەنگێكی ئەهلیی توند ناسراوە، كە نزیكەی یەك چارەكە سەدە بەردەوام بوو، لەساڵی 1983 وە بۆ ساڵی 2009 ئەویش لە نێوان یاخیبووانی پڵینگەكانی تامیل و سوپای سریلانكا بوو.
باری كۆمەڵایەتی
سریلانكا بە مەكۆیە سەرەتاییەكانی بوزا دادەنرێت و لەوێ یەكەم دەقە ناسراوەكانی ئەو ئایینە نووسراوەتەوە، وڵاتێكی فەرە ئایین، ئیتن و زمانە و رێژەی %70 دانیشتووانی لە سەر ئایینی بوزان، ئەوانی دیكەش هیندۆسەكان %12 موسڵمانان %10 كاسۆلیكی %6 و پرۆتستانتیش %1. لەسەر ئاستی ئیتنیشدا، سەنهالییەكان زۆرینەن و رێژەی %75 دانیشتووان پێكدەهێنن، زێدەباری تامیلەكان %11 باقیەكەش دیكەش تامیلی عەرەب، هندی، مالیزیی و بورگەرن. بە ناوبانگترین وەرزش لە سریلانكا، یاری كریكتە و لە ساڵی 1996دا، نازناوی جامی جیهانی لەو یارییەدا بەدەستهێناوە، لە ساڵانی 2011 و 2017یش، پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، هەروەها لە مێژووی بەشداریكردنەكانیدا، تەنیا خاوەنی دوو میدالیای زیوی ئۆلمپییە.لە سریلانكادا دوو زمانی سەرەكیی هەیە، سەنهالی، كە نزیكەی سێ بەشی ئەو وڵاتە قسەی پێ دەكەن، لەگەڵ تامیلی، كە رێژەی %26 دانیشتووان قسەی پێ دەكەن. سریلانكا بە هەناردەكردنی چا، قاوە، لاستیك و گوێزی هندی بەناوبانگە. ژمارەی دانیشتووانی سریلانكا، 21444000 ملیۆنە كەسە، رووبەرەكەشی 65610 هەزار كیلۆمەتری دووجایە و پایتەختەكەشی، كۆلۆمبۆیە. سریلانكا لە رووی كارگێڕییەوە بەسەر 9 هەرێم دابەش بووە، ئەوانیش بەسەر 25 پارێزگا دابەش بووینە، هەرێمەكان خاوەن دەسەڵاتی جێبەجێكارن و دەسەڵاتداری خۆیان هەیە. هەرێمەكانیش ئەمانە: كاندی، ترینكۆمالی، ئەنواردابورا، جفنا، كۆرۆنیگالا، راتنابوار، گالی، بادۆلا و كۆلۆمبۆ.
سیستمی سیاسیی
سیستمی سیاسیی لە سریلانكا، كۆماری سەرۆكایەتی فرە حزبییە. سەرۆكی وڵات، سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكارە، دەسەڵاتی یاسادانان لە نێوان حكومەت و پەرلەمان دایە، دەسەڵاتی دادگایی، لە هەردوو دەسەڵاتەكەی دیكە جیایە و سەربەخۆیە. لەوەتەی ئەو وڵاتە سەربەخۆ بووە، تەنیا دوو پارت هەژموونیان بەسەر حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكاندا سەپاندووە، پارتی ئازادی سریلانكا، كە ئاراستەیەكی سۆشیالیستی هەیە، لەگەڵ پارتی نیشتمانی یەكگرتووی پارێزگار. سەرۆك كۆمار بۆ ماوەی 6 ساڵ، بە دەنگدانی گشتی راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت و لەبەردەم پەرلەمان بەرپرسیارە، كە دەتوانێت بە كۆی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی لە پۆستەكەی دووری بخاتەوە، ئەویش بە رەزامەندی دادگای باڵا، سەرۆك كۆمار، سەركردەی باڵای هێزە چەكدارەكانە. پەرلەمانی سریلانكا، لە 225 ئەندام پێكدێت و هەر 6 ساڵ جارێك هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، لەوانە 196 ئەندام، لەو بازنە هەڵبژاردنانە دەنگیان پێ دەدرێت، كە خاوەنی یەك كورسین، 29 ئەندامەكەی دیكەش، بە سیستمی لیستی رێژەیی هەڵدەبژێردرێن. سەرۆك كۆمار مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە، ئەویش دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەرتەمەنیدا.
سەرچاوە www.aawsat.com









