خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی:-
راپەڕینی ساڵی 1991 وەچەرخانێكی مێژوویی بووە و وەڵامدانەوەیەكی راستەوخۆی ئەو زوڵم و ستەمە بووە، لە راپەرینی ساڵی 1991 سەرجەم هێزەكانی كوردستانی بەشداریان كردووە و رۆڵی پێشمەرگە و جەماوەر رۆڵێكی یەكجار زۆر مەزن بووە بۆ راپەڕین، دامەزراندنی بەرەی كوردستان واتە ئاشتی و یەك بوون لە نێوان هێزەكانی كوردستان فاكتەرێكی ئاشتبوونەوە بووە و یەك بوونیان و یەك رەنگ بوون بۆ ئەوەی خاكی كوردستان لەدوژمن پاك بكەنەوە و كوردستان بەماڵی خۆیان بزانن ئەمڕۆ یادی 28 ساڵەی راپەڕینی ساڵی 1991 كە لە 3-5-1991 دەستی پێكرد و لە رانیە تاكو گوند و شارو شارۆچكە و پارێزگایەكانی كوردستان ئازاد كران و راپەڕین ئامانجی گەلی كوردستان بووە و توانیان بۆیەكمجار لەو راپەڕیندا نیشتمانەكەیان رزگار بكەن و سەركەوتن و لە 28 ساڵیادی راپەرینی مەزنی كوردستان كە پێنگاوەكی تر بوو لە خەبات و مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، لەم یادەدا بە پێویستمان زانی بۆ یادی راپەڕین و چۆنیەتی دەستپێكردنی راپەڕین لە یادوەرییەكانی فەرماندەیەكی بەشدار بووی راپەڕین ئەوەیش عومەر عوسمان مێرگەسۆری ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەو سات وەك فەرماندەیەكی مەیدانی و بەرپرسی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بۆمان باسی ئەو یادە شكودارە بكات.
دەسكەوتێكی زۆر مەزن بوو
- سەرەتایی راپەڕین چۆن دەستتان پێ كرد؟ بەرێز عومەر عوسمان مێرگەسۆری گوتی: لە ڕاستیدا له سەرەتایی راپەرین لە شاخەكان دەستی پێكرد و بەدرێژایی مێژوو كەموێنە بوو، كەلە ئاكامدا راپەڕینی ساڵی 1991 لێكەوتووە. راپەڕین لە خۆیەوە نەبوو و بەرێكەوتنیش نەبوو، بەڵكو لە ئەنجامی خەباتێكی دەیان ساڵەی گەلەمان و لە ئەنجامی چەوسانەوەی گەلی كورد بوو كە لە لایەن داگیركەران دەرحەقی كرا و مافی پێشێل دەكرا، بەڕاستی راپەڕین توانی بە شكۆدارییەوە دەنگی خۆی بە گەلانی جیهان بگەیەنێت، هەروەها توانی بەرهەمی خەباتی دەیان ساڵەی شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان بە ئەنجام بگەیەنێت و بووە مایەی رزگاربوونی بەشێكی زۆری كوردستانی باشوور. هەرلە ئەنجامی راپەڕینیشدا بوو كە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی هاتە كایەوە و دەستكەوتێكی زۆر مەزن بەدەست هات، بەڵام ئەوەی شایانی باسە بگوترێت لەسەر راپەڕین و هۆكارەكانی و خۆئامادەكردن و ئامادەكاری بۆ راپەڕین ئەوە بوو: گەلی كورد هەمیشە دەچەوسایەوە بە تایبەتی كە سیاسەتی جینوساید كردن و نزیكەی 4 هەزار گوندیان راگوست و 182 هەزار كوردی لێ ئەنفال كرا و هەڵەبجەیان كیمیاباران كرد و بادینان و شێخ وەسان و زۆر شوێنی دیكەشیان لە كوردستان كیمیاباران كرد. بۆیە ئەم وەزعە فاكتەرەك بوو بۆ زەمینە خۆشكردنی راپەڕین و لە هەر كات و ساتێك دا ئامادەی تەقینەوە بوو، بە رێكەوت نەبوو وەك تەقینەوەی بوركانی بوو كە دوژمنی داگیركەر هەراسان كرد، ئەم وەزعی وای كرد كە كورد بە گشتی چ لە ناو وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات لە پێشمەرگەیاتییەوە تەنانەت پیاوی رژێمیش خوازیاری لە ناوچوونی رژێمەكە بن. رژێم زۆر لە خۆبایی و غروور بوو، هەر لە دوای راوەستانی شەڕی ئێران و عێراق هێڕشیان كردە سەر كوێت و كوێتیان داگیر كرد هەر وەك چاوەڕان دەكرا لە ئەنجامی شەڕی عێراق و ئێران، رژێمی عێراق تووشی گیروگرفتێكی زۆر بووە لەوانە تووشی قەزرداری و هەندێك ئیلتیزامات بووە، كە نەیتوانی بە هیچ شێوەیەك خۆی رزگار بكاتەوە، هێزە سیاسیەكانی عێراق بەردەوام بەهێزتر بوون و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی یەكیان گرتەوە و، بەهەوڵ و تێكۆشانی ئەندازیاری ئاشتی و ئەندازیاری تەبایی و برایەتی وئیدریس بارزانی جوانەمەرگ، بەرەی كوردستان دروست بوو، ئەو بەرەیەی لە گۆڕەپانی خەباتدا بوو، پاش شەڕی خواكوڕكیش پارتی دیموكراتی كوردستان سەلماندی كە دەتوانێت لە هەموو بارودۆخەكە بەرگری بكات و توانی 50 رۆژ بەتەنیا شەڕ لە گەڵ جاش و سوپای عێراقدا بكات، توانی زەبرەكی كوشندە لە جەستەی رژێم بدات، ئەو داستانە مەزنە دوا داستان بوو كە بە سەرۆكایەتی بەرێز جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی تۆمار كرا، جەنابی سەرۆك بارازانی لە چەندین چاوپێكەوتن لەگەڵ پێشمەرگەكانی كوردستان كردی چەندین جار تەئكیدی كردەوە كە ئەو بارودۆخەی عێراق وا بەئاسانی دەرباز نابێت و قەرزەكەی زۆر كەوتە سەر كەوا بەئاسانی ناتوانێت بیداتەوە تووشی شكست بووە و هەڵەیەكی گەورەی كرد كە لە داهاتوو باجی ئەو هەڵەیەی داوە و بە پەستی و شكست كۆتایی پێهات و، بووە عیبرەت بۆ رژێمە داگیركەرو ستەمكارەكان.
- هەر لە دریژە قسەكانیدا بەرێزعومەر عوسمان مێرگەسۆری دەربارەی رەوشی ئەوسای عێراق گوتی: چەندین بیروبۆچوون هەبوون، بەڵام بیروبۆچوونەكانی سەركردایەتی كورد زۆر راست دەرچوون كە بەرێز جەنابی سەرۆكمسعود بارزانی لە شەڕی خواكوڕك پێشبینی دەكرد، بۆیە ئامادەكارییەكانی گۆنجاو كرا و، بیر لەوە كراوە كە عێراق خۆی تووشی گیروگرفتێكی زۆر هاتووە، كورد گوتەنی بزن كە هەجەلی هات نانی شوان دەخوات بۆیە دەبێ تەمبێ بكرێت و رژێم عێراق بگۆڕدرێت بۆ رژێمێكی دیموكراتخواز. بەڕاستی ئەمانە هۆكارێك بوون بۆ ئەوەی كە بەرەی كوردستانی بەسەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە ئەو كاتە سەرۆكی بەرە بوو بیر لە راپەڕینێك بكاتەوە.
بۆ خۆئامادەكردنی ئەو كاتە ئێمە خۆمان ئامادە كردبوو، بۆ ئەو كاتەی من بەرپرسی لقی2ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووم، مەفارزی زۆرمان ناردە ناو شارەكان، پەیوەندییەكی زۆرمان بە جەماوەر و رێكخستنەكانی لقی2 كرد. ئامادەكارییەكانی باشمان دەكرد و نەخشەو پلانی تازەمان بۆ داڕشت، مژدەمان بە گەلی كورد داو پەیوەندییەكی باشمان دروست كرد بۆ ئەوەی دەست بە شۆڕش و بزاڤێكی تری گەورە بكەین واتە راپەڕینێك دروست بكەین.
- سەبارەت بە رۆڵی پێشمەرگە قارەمان لە راپەرینە شكۆدارەكەی ئاداری 1991 بەرێز عومەر عوسمان مێرگەسۆری گوتی: هەر وەكو پێشتر باسم كرد كۆمەڵێك مەفرەزەمان لە پێشمەرگە و كادیر ناردە خوارەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە جەماوەری كوردستانەوە بكەن و ئامادەسازی بۆ راپەڕین بكرێت، دوای ئەوەی كە بەرەی كوردستانی بە سەرۆكایەتی بەرێز سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری ئەوەیاندا كە ئامادەكاری و پڵانێك رێك و پێك بوو و چەندین میحوەری لە خۆی گۆتبوو، بۆ هەر میحوەرێك بەرپرسیان دانا، ئینجا لەو میحوەرانەدا فەرماندە و پێشمەرگە بۆ دەستنیشان كرد، لە هەر شارۆچكە و شارێكی گەورە و ئوردوگا و میحوەری گەورەكان بە پێی پێویست بەرپرس و هەئیەی هاوبەشیان لە بەرەی كوردستانی دانا. بەتایبەتی هەر دوو حزبی سەرەكی سەركردایەتی راپەڕینیان كرد، ئێمە وەكو لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ مەڵبەندی 3ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێكەوە لەگەڵ حزبەكانی كوردستان تەنسیقمان كردووە، ئەو نەخشە و پلانانەی كە داڕێژرابوون و جێبەجێمان كرد. لە رۆژی 5-3-1919 راپەڕینێك دەستی پێكرد و رۆڵی پێشمەرگە بە ڕاستی رۆڵێكی سەرەكی بوو لە راپەڕیندا. بێگومان هەوێنی راپەرین پێشمەرگە بوو، مەبەست ئەوە نییە كە رۆڵی خەڵك و جەماوەر، یان حزب یان بەرەی كوردستان كەم بكرێتەوە، بەڵام لە هیچ شوێنێكی كوردستان راپەڕین نەكرا تاكو پێشمەرگە كەم یان زۆر نەگەیشتنە شوێنی راپەڕینەكە، بەڵگەش بۆ قسەكانم، دەبینین كە رانیە گیراو پێشمەرگە لێبوو، بەڵام تا پێشمەرگە نەچووە سۆران راپەرین دەستی پێ نەكرد. پێشمەرگە تا نەچووە سلێمانی راپەڕین نەبوو و ئازاد نەكرا، هەولێریش رزگار نەكرا تاكو پێشمەرگە نەچوو بۆ ناوی، ئاكرێ و دهۆكیش بە هەمان شێوە بوو، بەمجۆرە بۆمان دەسەلمێت كە رۆژی راپەڕین ئەو كاتە كرا كە پێشمەرگە گەیشتە ناو ئەو شوێنەی كە راپەڕینی تێدا كرد، بە واتایەكی تر بزوێنەری راپەڕین پێشمەرگە بوو، بەرەكی كوردستانی بوو، سیاسەتێك لە پشت راپەڕینەوە بوو لە لایەن بەرەی كوردستانی داڕێژرابوو پێش دەستێك لە پشت راپەڕین بوو، من رۆڵی پێشمەرگە بە رۆڵێكی سەرەكی دەزانم، دووبارەی دەكەمەوە ئەگەر بەرەی كوردستانی نەبا راپەڕین نەدەبوو، لە دنیادا هیچ راپەڕینێك بە بێ سەركردایەتی، بە بێ جۆشدان و هاندان ناكرێت، بەرەی كورستانی سەركردایەتی راپەڕینی دەكرد. ئەمانە هەموو تەواوكەری یەكترن، بۆیە رۆڵی پێشمەرگە رۆڵێكی هەرە گەورە بوو لە راپەڕیندا.
ئەگەر جەماوەرنەبووایا بە دڵنیاییەوە راپەڕینیش نەدەبوو
- لە بارەی رۆڵی جەماوەری كوردستان لە راپەڕیندا بەرێزعومەر عوسمان مێرگەسۆری گوتی: جەماوەركێیە؟ پێشمەرگە كێیە؟ حزبەكانی تر كێنە؟ گشتیان هەڵقوڵاوی جەماوەرن، جەماوەری گەلی كوردستان هەمان پێشمەرگە بە سەركردایەتی و پێشمەرگەی كوردستان رۆڵەی جەماوەرن. بە شێوەیەكی گشتی جەماوەر دایكی هەموومانە، بەڵام ئەگەر جەماوەر نەبوایا بە دڵنیاییەوە راپەڕیینیش نەدەبوو. كەرەستەی خانوی راپەڕین جەماوەر بوو، جەماوەر رۆڵێكی گرنگی هەبوو وباوەشی بۆ پێشمەرگە كردبووەوە، هاوكاری پێشمەرگەیان دەكرد، گوێڕایەڵی پێشمەرگە بوون. راپەڕین سەرهەڵدانێكی پیرۆز بوو، كارێك بوو دەكرێت بە شاكاری مێژوویەكانی گەلی كورد ناو ببرێت. نەك تەنیا لە سەدەی بیستەم، بەڵكو لە چەند سەدەی رابردوو تاكۆ ئیمرۆ وێنەی نەبووە، بەمشێوەیە توانرا دام ودەزگایەكانی رژێم لە ناو ببردرێت. من ناڵێم كەموكورتی نەبووە، زۆر كەموكورتیش هەبووە، گەورترین بڕیار كە لەدوای راپەڕین درا بریاری لێبوردنی گشتی بوو، تاكە كەس غەرزی شەخسی لە گەڵ كەس نەبێت، كەس تۆڵەی خۆی نەكردەوە و لە هەمان كاتیشدا دوو فەیلەقی زیاتر50.000 هەزار سەربازی رژێم كەوتە دەست راپەڕین، كەسێك نەكوژراو هەموویان بە سەلامەتی چوونە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان، رەنگە هەندێكیان گەڕاونەتەوەو هێرشیان هێنابێتەوە، بەڵام كە بەدیل دەگیران جەماوەر پێشوازیان لێدەكردن و نان و خواردنیشیان دەدایەو دەیان حەواندنەوە، ئێمەش وەك بەرپرسی میحوەرەكان هاوكاری ئەو سەربازو ئەفسەرانەمان دەكرد كە خۆیان بە دەستەوەدەدا، هەموویان بە سەلامەتی رەوانەی ماڵ و منداڵەكانی خۆیان كرانەوە ئەمە خۆی لە خۆیدا لێبوردوویی كورد و سەركردایەتی كوردستان دەسەلمێنێت و مەجالی تۆڵەسەندنەوە بە كەس نەدراوە.
- بەرێز عومەر عوسمان مێرگەسۆری دەرباری راپەڕین و رزگاركردنی كەركوك زیاتر دواو، گوتی: كە هەر3 پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك رزگار كرا ئینجا بیر لە رزگاركردنی كەركووك كراوە، كەركووك جیاوازی هەبوو لەگەڵ هەولێر و سلێمانی و دهۆك لەبەر ئەوەی پێشمەرگە قوەتێكی زیاتری بە دەست كەوتووە و ئیمكانیاتی زیاتر بوو، حكومەت بیری لە دفاع كردن كردەوەو بەرەیەكی گرنگ و پتەوی بۆ پاراستنی كەركوك داناو لە بەرزاییەكان چەندین تیپ و لیوا و چەندین تانك و تۆچخانەی داناو زریپۆشی هێنا مەیدان، حكومەت چەند هەلیكۆپتەر و فڕۆكەی شەڕی ئامادەكرد و هێنایە ناو شەڕ و بەرگری زۆری كرد، بەڵام هێزی پێشمەرگە و جەماوەر توانی ئەو سەدەی بشكێنێت و كەركووك رزگار كرا، پاش رزگار كردنی كەركوك دیارە رژێم دەستی پتر باڵا بوو، ئەو هێزانەی كە لە بەسرا و ناسریەوە خوارووی عێراق هەبوو رێگای كێشانەوەیان نەبوو، رێگەیان درا كە بكێشنەوە لە گەڵ ئەو هێزانەیەدا یەك بگرن كە لە بەغدا دەهاتن و هەلیكۆپتەر و فڕۆكەكانی هێنا كە بەرگری لە خۆ بكەن، ئەمە كارێكی هەڵە بوو كە لە لایەن هاوپەیمانان رێگەی پێدرا، بەڵام بە سودی گەلی كورد تەواو بوو. ئەوانیش دژە پەلاماری خۆیان دەست پێكرد و سەركەوتن لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك، لە ئەنجامدا كۆچڕەو دروست بوو، ئەو كۆچڕەوە بووە هێز و دیسان گەڕایەوە بۆمان، لە بەر ئەوەی كۆچڕەوی ملیۆنی كورد بووە هۆی هەژاندنی ویژدانی مرۆڤایەتی وگەلانی ئاشتیخواز و گەلانی مرۆڤدۆست، ئەوە بوو كە بریار درا خەتی 36 دابنرێت تا رژێم نەتوانی چیتر هێرش بكاتە سەر گەلی كورد.
- سەرۆك مسعود بارزانی لە كۆیە پێشنیاری هەڵبژاردنی كرد، لەمبارەیەوەبەرێز عومەر عوسمان مێرگەسۆری گوتی: رژێم كە دیتی ناتوانێت بە شێوەی جاران دەست بەسەر كوردستان دابگرێتەوە، سوپای خۆی لە كوردستان كێشاوە و دواتر بەرێز جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە كۆیە پێشنیاری هەڵبژاردنی كرد، بۆ ئەوەی دەسەلاتی شەرعی لە كوردستان دروست بكات، تا لە جیاتی بەرەی كوردستانی ئیدارە بەڕێوە ببات، ئەو بیرەش بووە بەرنامەی كاری بەرەی كوردستانی، هەڵبژاردن كراو حكومەت و دام و دەزگا دامەزرێنران.
لەم چەند ساڵەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتی یەكجار گەورە پێشكەش بە گەلی كوردستانی باشوور كردەووە. لە یادی راپەڕیندا رێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدانی راپەڕین و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی گەلەكەمان سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو.
ئەرشیف: چاوپێكەتنم لەگەڵ بەرێز عومەر عوسمان مێرگەسۆری ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی2007 .









