خەبات: ڕۆشنا عەلی:-
هەفتەی ڕابردوو ئەنجامی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی وەرگرتنی خوازیاران بۆ خوێندنی ماستەرو دكتۆرا ڕاگەیەنراو بەوتەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی %75 ی كورسییە تەرخانكراوەكان پڕكراونەتەوە و لە كۆی 4938 پێشكەشكار 3685 پێشكەشكار وەرگیراون ، هاوكات204 وەرگیراو كە بریتیین لە كەسوكاری سەربەرزی پلە یەكی شەهیدان و ئەنفالكراوان و 7 وەرگیراوی نابینا بە رێژەی100% وەرگیراون، وەزارەتی ناوبراو ڕایگەیاندووە كە ئەم ڕێژەیە یەكانگیرە لەگەڵ توانای مرۆیی و زانستی و مادی زانكۆكانی كوردستان و تەواوكەری پێداوستی بازاری كاری كوردستانە بە هەردو كەرتی گشتی و تایبەت، جگە لە وانە 395 خوازیاریش لە خوێندنی دبلۆمی باڵای یەك ساڵەیی وەرگیراون كە كۆی گشتی وەرگیراوان لە خوێندنی دبلۆمی باڵای یەك ساڵەی ئەكادیمی و ماستەر و دكتۆرا لە سەرتاسەری زانكۆكانی كوردستان بۆ ساڵی2019-2020 دەبێتە4080 وەرگیراو، بریاریشە مانگی شەشی ئەمساڵ حوزەیرانی 2020خولێكی دیكەی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان ڕابگەیەندرێت و پرۆسەی پێشكەشكردن دەست پێدەكات ئەو خوازیارانەی لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرچون، بەڵام بە هۆی نەمانی كورسی خوێندن وەرنەگیراون، ئەوا لە خولی داهاتووی مانگی شەشی ئەمساڵ سەرپشك دەكرێن بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی زانستی، یان بەو نمرەیەی كە لەخولی یەكەمدا بەدەستیان هێناوە بچنە پێشبركێ لەسەر كورسیەكان، بە مەرجێك لە كاتی دوبارە ئەنجامدانەوەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی نمرەی دوایین تاقیكردنەوەی بۆ هەژمار دەكرێت.لاپەڕەی پەروەردە راپۆرتێكی لەمبارەیەوە ئامادەكرد.
تەرخانكردنی كورسییەكان
لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەم پڕۆسەیە هەر لەسەرەتاوە تاچەند كورسییەكان دادپەروەرانە لە نێوان وەزارەتەكاندا تەرخانكرابوون؟ وشیار عەلی حوسێن وەك خوازیارێك كەلە تاقیكردنەوەكە دەرچووەو لە وەرنەگیراوەكانە وتی : بەبێ لەبەرچاوگرتنی كەموكورتییەكان ، تەواوی كۆی خودی پرۆسەكە ، لە خۆیدا ، بە دەسكەوتێكی گەورە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا هەژمار دەكرێت . ئەمەش ئەگەر سەیری بكەین هەم لایەنی مەعنوی ، هەمیش لە رووی داراییەكەیەوە ، سەبارەت بە یەكەم لایەن ئەگەر شەن و كەوی ئەوە بكەین تا چەند دادپەروەریی لە نێوان وەزارەتەكان و كورسی بۆ تەرخانكراویان جێبەجێكرا ، ئەوا بە دڵنیاییەوە ؛ وەزارەتەكان بە گشتی و نەخاسمە پەروەردە كەمتر ، بەڵكو خوێندنی باڵا خۆیان تێیدا سوودمەندی یەكەم و كۆتایی بوون . چۆن؟ لە كاتێكدا كاندیدانی سەر بە خوێندنی باڵا جگە كورسی تەرخانكراوی تایبەت بە خۆیان مافی ئەوەشیان پێڕەوا بینرابوو لەسەر هەردوو بەشەكەی دیكە واتە گشتی و پارالێل بەشداری كێبڕكێكە بكەن.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هیچ بەڵگەیەكتان هەیە كە ئەم پڕۆسەیە خودی وەزارەت سوود مەندە ؟وتی : بەڵێ لە كۆی 9 كورسی دكتۆرا لە بەشی كۆمەڵناسی لە كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی 8 كورسی بۆ خۆیان مسۆگەركردووە. بە هەمان شێوە لە بەشی عەرەبی كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سەڵاحەددین دوای ئەوە بەشی ناوبراو رایگەیاند كە دوو كورسی دكتۆرا لە گشتی بۆ ئەدەبی عەرەبی تەرخانكراوە ، دوو بەرێز پاش پێشكەشكردنی مامەڵە و دەرچوون لە تاقیكردنەوەكان ، كەچی رۆژێك پێش راگەیاندنی ئەنجامەكان ، وەزارەت هەردووكیان ئاگادار دەكاتەوە كە هەڵە روویداوە لە جۆری كورسیەكان ، ناوەكانیان لە لیستی ئەنجامەكانیش دەردەهێنن.
ئەمە دوو بەڵگەی كۆنكرێتین لە چەندان نموونەی دیكە كە گەواهی دەدەن سەرجەم زانكۆكان هێندەی لە خەمی ژمارەی بەشداربووانی سەر بە خۆیان بوون ، هێندە لە مشووری پرۆسەكە نەبوونە ئەگەرچی ژمارەیەكی كەمیش لە دەرەوەی خۆیان وەرگیرا بن.
هەرچی پەیوەندی بە داراییشەوە هەیە بێگومان دەركەوت كە پەروەردە و وەزارەتەكانی دیكە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەند و گرنگ بوون بۆ دابینكردنی خەرجی و داهاتی پرۆسەكە . كە ئومێد دەكەم تێڕوانینەكە وا نەبێت.

زۆری ژمارەی وەرگیراوان
دەربارەی ئەوەشی كە هەمووان باس لەوەدەكەن ئەم ژمارەیە زۆرە لە وەرگیراوان و پێیان وایە نەئەبوو بەلێشاو وەرگرتن هەبێت بەبەراورد بەساڵانی پێشوو ئەو خوازیارە وتی: نەخێر ، بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو دەبوایە دوو هێندە و زیاتریش بووایە ، چونكە ساڵانێكە دەرگای خوێندنی باڵا داخراوە ، رەنگە ئەمەش هۆكار بێت كە ژمارەكە بەشی ئەوە ناكات سەرلەبەری خوێندكاران وەربگیرێن . بۆیەكا ، بێ متمانەیی بەشێكیان لە ئاست پرۆسەكە ناچار بەوەیان دەكات رووبكەنە دەرەوەی هەرێم . بۆ زانیاریتان لە وڵاتان ، خوێندنی باڵا بە پێچەوانەی ئێرە كراوەیە و خەڵكی ئارەزوومەندانە بەبێ سانسۆر داواكاری پێشكەش دەكات و هیچ پێویستیەكی بە كێبڕكێی پێشكەشكاران ، یا ئینتیمای سیاسی ، و واسیتەكاری و تەزكیەی ئەم و ئەو نیە . تەنها شتێك سەنگی محەك بێت ، بەهرە و لێهاتوویی و نمرەی بڕوانامەكەیە كە لەبەرچاو دەگیرێت. دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند پێتان وایە خوێندنی باڵا ئەوەنەی بۆ بەرزكردنەوەی ئیمتیازو ناوبانگە بۆ بەرزكردنەوەی زانست نییە؟ لەوبارەیەوە وشیار عەلی وتی : لە راستیدا، ناكرێت نكۆڵی لەم گریمانەیەدا بكرێت، كە بەشێكی هێجگاری بۆ دەسكەوتە و كەمتری بۆ بوارە زانستیەكەیە. بەڵام ،بۆ سەلماندنی ئەم راستییە ، و خۆ قورتاركردن لەم ئیشكالیەتە، با پابەندبین بە ڕێسا زانستیەكان كە ئەویش دەكرێت مەرج و شێوازی وەرگرتن گۆڕانكاریی بەسەردا بهێنرێت، بۆ نموونە دەكرێت چەندێتیی ئیمتیازات كەمبكرێتەوە بە ئەندازەی ئەوەی بوارە زانستیەكە فەرامۆش دەكرێت. خۆ ئەگەر باس و خواس لەسەر چۆنیەتی لایەنی زانستیەكەش بكەین ، ئەوا پێتان دەڵێم : كەم تا زۆر ژمارەیەك لە مامۆستایانی پەروەردە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دكتۆران ، و ساڵانێكی زۆرە بۆ پێدانی نازناوی زانستی خوێندنی باڵا رەزامەندی نادەن و دەستی دەستی و ئەمڕۆو سبەیمان پێدەكەن ، ئەمە لە كاتێكدا لە پەروەردە كادری لێوەشاوەو ئەهلی قەڵەمی تێدایە ، و هەم لە ئیمتیازەكە بێبەشین كە دەكاتە %15 موچەی بنەڕەتی ، هەم لە توانای زانستی پەراوێز خراوین ،چونكە بەبێ نازناوی زانستی مافی بڵاوكردنەوەی لێكۆڵینەوەو بحپ ترقی یمان نییە.
بنەمای كێبڕكێ
خوازیارێكی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هیچ داد پەروەرییەك نەبووە لە راگەیاندنی ئەنجامەكان و وەرگیراوان مامۆستا هەڵگورد كەریم لەبارەی تەرخانكردنی كورسییەكان بۆ خەبات وتی: بۆچوونی من هیچ دادپەروەری نەبوو لە دانانی كورسی،چونكە زۆربەی كورسیەكان بۆ خوێندنی باڵا بوو،وە كورسی كەم بۆ گشتیەكەی تەرخان كرابوو،جگە لەمەش ئەوانی معید بوون هەندێكیان لەسەر كورسی گشتی تەقدیمیان كردبوو،واتە هەر وەك دەڵێن:هی خۆم بۆ خۆم،هی تۆش دەخۆم دەربارەی ئەوەشی كە ئایا وەرنەگرتنت پەیوەندی بەو كێبڕكێیەوە نییە كە بنەمایە بۆ وەرگرتن ؟ ئەو خوازیارە وتی : من كە دەرچووم و وەرنەگیراوم ،بەڵێ تا ڕادەیەك پەیوەندی بەم كێبڕكێیە هەیە،بەس من وەك مامۆستایەك داوا لە وەزیری پەروەردە دەكەم با هەوڵێك بدات بۆ ئەو مامۆستایانەی سەر بە پەروەردەن و لە تاقیكردنەوەكە سەركەوتوونە، هەموویان وەربگیرێن، تاكو ئێمەش ئاستی زانستمان زیاتر بەرز بكەینەوە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی باش ، ئیمەش بۆیە وەرنەگیاوین ، چونكە كێشە لە دابەش كردنی كورسیەكان هەیە.
نادادی لەڕیز بەندی و خاڵ بەندی
ئاسۆ فەرحان محەمەد، خوازیارێكی دەرنەچوو لەبارەی ئەوەی كە تاچەند پڕۆسەكە لەسەر بنەمای زانستی و دوور لە دەستێوەردان بەڕێوەچوو ئەو خوازیارە وتی : سەرەتا سوپاس بۆ ئەو دەرفەتەی كە بە منتان بەخشی كە لە ڕێگەی ئێوەوە پەیامەكەم بگاتە دەستی وەزیر و ئەو كەسانەی كە ئەو دەرفەتەیان ڕەخساند بۆ خوازیارانی ماستەر و دكتۆراو دیبلۆم ، بەڕاستی نادادپەروەری زۆر بەڕوونی لە پڕۆسەكە دیار بوو بەتایبەت لە سەح كردنی تێنوس و ڕیزبەندی خاڵبەندی ، وە زۆر یارمەتی ئەو خوێندكارانە دراوە كە لە سنوری خوێندنی باڵا دەوام دەكەن. من لە پارالێل بەشدار بووم ڕێژەی قوتابیانی پارالێل 10 قوتابی بوو دوو قوتابی دەرچووبوون من سێ یەم قوتابی بووم كە دەرنەچووم نمرەكەم 14.25 بوو پێویستم بە كەمتر لە نمرەیەكە بۆ دەرچوون كە سێ كورسی بەبەتاڵیش ماوە لەهەمان كات كە زۆر دڵنیابووم لە تاقیكردنەوەی توانست دەردەچم بەڕاستی گلەیی زۆرم لەسەر چۆنیەتی سەح كردنی تێنوسەكەم هەیە هیوادارم مافی من و هەموو ئەوخوێندكارانە بدەن ، چونكە زۆر ماندوو بووین پێوە.
چنار موحەمەد موعید و دەرچوویەكی وەرنەگیراو لەبارەی وەرگرتن و ئەنجامەكان بۆ خەبات وتی : هیچ داد پەروەرانە نەبوو كێشەكەش لە خودی زانكۆو بەشەكانە نەك وەزارەت، تەرخانكردنی كورسی لەلایەن بەش تەنها بۆ ئەو كەسانە بووە كە خۆیان دەیانویست وەربگیرێت، كورسییەكانیش داد پەروەررانە دابەش نەكرابوون ئەگەر بهاتبا لەهەر كۆلێژێك بە قەدەر ژمارەی موعیدەكانی كورسی تەرخان بكرایە ئەو كات موعیدەكان لەسەر كورسی گشتی و پارالێڵ تەقدیمییان نەدەكرد ئێمە دەرچووین و وەرنەگراوین بە دڵنیاییەوە واستەپێشتر دیار بوو كرابوو كە كورسییەكان بۆكام موعیدانە بێت.









