خەبات: عەلی بانیشاری:-
بەوتەی دوكاندارەكانی بازاڕی گەورەی شاری هەولێر پاش تووشبوونی چەند هاونیشتیمانییەك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان جموجوڵی بازاڕ وەكو جاران نەماوە و خاووبووەتەوە. ئەوان دەڵێت: كەمبوونەوەی سەردانیكردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و مۆڵەكان لە پێناو خۆپاراستنی هاونیشتیمانیان لە كۆرۆنا كارێكی باشە و هەوڵەكانی حكوومەتیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە كاریگەری باشی دەبێت. لە دوێنێ شەممەوە هەڵمەتێكی رشتنی دەرمان لەهەولێر و سلێمانی دەستی پێكردووە و بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
كەریم سەعید، دوكاندارێكی بازاڕی قەیسەری شاری هەولێرە و دەڵێت: لەگەڵ دەستپێكردنی هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوكردنەوەی رێنماییە تەندروستییەكان هاوڵاتیان بەمەبەستی خۆپاراستن و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵخی سەردانیكردنی بازاڕیان كەمكردەوە. دەشڵێت: پاش ئەوەی چەند هاونیشتیمانییەك لە هەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون جموجوڵی بازاڕ وەكو جاران نەما. ئەوەشی گوت: خابوونەوەی جموجوڵی بازاڕ تا ئەو كاتە بەردەوام دەبێت كە مەترسی لەسەر ڤایرۆسەكە كەم ببێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری كەمكردنەوەی بارگرانی ئەو زیانەی داوە كە بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا بەر شوێنە بازرگانییەكان دەمەوێت. ئەوەش بە راسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەكان بە جێبەجێكردنی رێكاری یاسایی پێویست لە رێگەی چاوخشاندووە بە كرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانە و بە ئاراستەی كەمكردنەوەیان بە جۆرێك رەچاوەی زیانە داراییەكانیان بكرێت.
گەیلان ئومێد، دوكاندارێكی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێرە، ئەو دەڵێت: پێش بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جموجوڵی بازاڕ زۆر باشبووە، بەڵام لەو كاتەوە ڤایرۆسەكە ناوچەكەی گرتووەتە خەڵك زۆر كەم سەردانمان دەكەن. گەیلان دوكانی جلوبەرگی پیاوانی هەیە و دەشڵێت: ئێستا ئەگەر كەسێك زۆر پێویست نەبێت سەردانی بازاڕ و مۆڵ و شوێنە گشتییەكان ناكات، چونكە زۆرینەی رێنماییەكان تەندروستی جێبەجێ دەكەن و قەرەباڵخی دروست ناكەن. ئەوەشی گوت: ئەو دوكاندارانەی كرێ دەدەن، زیانی زۆر دەكەن، چونكە شتومەك و كاڵاكایان وەكو پێویست نافرۆشرێن و دەبێت سەری مانگیش كرێ بدەنە خاوەن دوكان.
لە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە بۆ خۆپارستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت هاونیشتیمانیان لە شوێنە قەرەباڵخ و داخراوەكان دور بكەونەوە. ئاراس ئەسكەندەر، لە بازاڕی شێخەڵڵای لەسەر عەرەبانییەكتوور، تەماتە، بایجان، سلق، خەیاری داناوە. ئەو گوتی: لەگەڵ دەنگۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جموجوڵی بازاڕ خابوویەوە، جاران ئەم بازاڕە جمەی دەهات، بەڵام ئێستا وا نەماوە و ئەگەر خەڵكی زۆر پێویست نەبن نەیەنە ئێرە. گوتیشی: پێشتر رۆژانە چەند سندوقە تەماتەیەكم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا دابەزیووە بۆ نیووە.
ئازاد نادر، لە شەقامی ئیسكان دوكانێكی خواردنی خێرایی هەیە. ئەو باسلەوە دەكات بڵابوونەوەی كۆرۆنا تەواو كاری ئەوانی سست كردووە. دەڵێت: پێشتر رۆژانە نزیكە هەزار لافەی مریشك و جەرگ و فەلافل و فینگەرمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا دابەزیووە بۆ زیاتر لە نیووە. ئازاد دەڵێت: بۆ سێ هەفتە دەچێت هاوڵاتیان كەمتر لە جاران دێنە لامان و دەرەوە نان دەخۆن. ئەوەشی گوت: ئەگەر كەسێك ناچار نەبێت ئەوا لەم دۆخەدا ئامادەنییە نانی دەرەوەی بخۆت، چونكە هاوڵاتیان.
محەمەد كەریم، پزیشكە لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاری هەڵەبجە و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بەردەوام رێنمایی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە. ئەو دەڵێت: تاكە چارەسەر بۆ خۆپاراستن لە كۆرۆنا گرتنەبەری رێوشوێنی تووندترە، كۆرۆنا زۆر لەوە ترسناكترە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و دەزگا میدیاییەكان باس دەكرێت. دەشڵێت: پێویستە هەموو جۆرە قەرەباڵخییەك قەدەغە بكرێت و هاوڵاتیان لە بازاڕ و موڵەكان دور بكەنەوە. پێشی وایە ماڵەوە پارێزراوترین شوێنە لە كۆرۆنا. ناوبراو ئەوەشی گوت: بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستە هاتووچۆی نێوان شارەكان لایەنی كەم بۆ ماوەی 5 مانگ نەمێنێت.









