ساسان دەروێش-ئەڵمانیا
41 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر كۆچباری ڕابەری كوردایەتی و باوكی ڕۆحی نەتەوەییمان بارزانیی نەمر،74 ساڵ لە خەباتی پارتەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێشتا كەلەپوور و رێبازەكەی وەك مێژووی ئەم ژەنەڕاڵەی لە چیا بەرزتر كە مێژووێكی پڕ سەروەریین بۆ نەتەوەی كورد لەناو خەڵكدا بەزیندوویی گوزەر دەكەن و وانەی جوانیی كوردایەتی فێری پێشمەرگە و خەڵك دەكات و خۆشەویستی لە ناخی نەوەی نوێدا دەچێنێت، لەسەر ئەو بنەمایەش كاروانی رێبازە پیرۆزەكەی پڕ رێبوارە و بەردەوامە لە درێژەدان بەو خەباتە كە سەرۆك مەسعود بارزانی لە ئێستادا رابەرایەتیی دەكات و هەمیشە خۆی بە پێشمەرگە و لەنێو سەنگەری بەرگریدا بینیوەتەوە، لە14 ساڵی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و پێشمەرگایەتی چەندها كەسایەتی نێو شۆڕش یاد و بیرەوەرییەكانیان لەگەڵ بارزانیی نەمر و شۆڕشەكەی بوونەتە شاهیدحاڵی مێژوو، ئاراس شێخ نەجمەدینی شێخ ساڵح رۆشنبیر و كادیرێكی پێشكەوتووی پارتییە لە ئەڵمانیا و باوكی یەكێك بووە لە فەرماندە و دڵسۆزەكانی شۆڕش و چەندەها بیرەوەری لەو شۆڕشەدا هەیە و چەندجارێكیش بە خزمەتی بارزانیی نەمر گەیشتووە بۆ ئەم بیرهێنانەوەیە بۆ خەبات دوا.
بارزانیی نەمر هەمیشە لەنێو پێشمەرگەكانیدابوو
ئاراس بەرزنجەیی باس لە یەكێك لە یادەوەرییەكانی ئامادەبوونی خۆی و باوكی دەكات و دەڵێت بارزانیی نەمر هەمیشە لەنێو پێشمەرگەكانی دابوو لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ژیان و هەڵسوكەوتیان بوو هەروەك سەرۆك مەسعود بارزانی كە پەروەردەی ئەو باوكە نەمرەی كوردە كە هەمیشە خۆی بە پێشمەرگە دەزانێ و لە سەنگەری بەرگریكردندایە و مێژووش شاهیدی زیندووە و گوتی: بە چەند ساڵێك پاش ڕاپەڕینی ساڵی1991 لە خزمەتی باوكم و چەند هاوڕێیەكی باوكم بە خزمەتی جەنابی كاك مەسعود بارزانی لە بارەگاكەی خۆی لە پیرمام گەیشتین. بەرزنجەیی گوتیشی: بارزانیی نەمر بە وردی ئاگاداری هەموو شۆڕش و پێشمەرگە و پارتەكەی بوو، بۆیە لە هزری ئەوانەی لە نزیكەوە پێشمەرگە و هاوخەباتی بوون، بۆ ئەوانەشی لە ڕێگەی هاوخەباتەكانییەوە بارزانیی نەمری گەورەیان ناسیبێت لەبیری ناكەن و رێبازەكەی هەرگیز بەر نادەن، درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەش سەرۆك مەسعود بارزانییە كە هەمیشە لەنێو سەنگەرەكانی پێشمەرگەدایە و خۆی بە پێشمەرگە دەزانێ و مێژوو شاهیدی زیندووی قارەمانیەتی و دڵسۆزییانە.
ناوی بارزانیی نەمر بۆ هەمیشە درەوشاوییە
ئاراس بەرزنجەیی لە یادەوەرییەكی تری باوكیدا دەربارەی گەورەیی بارزانیی نەمر و خاكیبوونی لەنێو خەڵك و شۆڕش و خزمەتكردنی كە زیاتر لەنیو سەدە بوو بە ئێستاشەوە ناوی لە هزر و ویژدانی كورددا بەزیندوویی ماوەتەوە و ڕێبازەكەی پڕ ڕێبوارە و گوتی: ناوی بارزانیی نەمر بۆ هەمیشە درەوشاوییە لەنێو دڵ و دەروونماندا، باوكم بۆی گێڕامەوە لەسەروەختی گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی1958 لە ڕووسیاوە بەرەو نیشتمان، چەند گەنجێكی شاری سلێمانی مەحموودی حەمەی شازەمان، عەلی حاجی حەمەسوور، حاجی باقی بەنگێنە، شێخ نەجمەدینی شێخ ساڵح چوبوونە بەغدا تا بە خزمەتی سەرۆك بارزانیی نەمر شاد بن و بەخێرهاتنەوەی لێ بكەن بۆ كوردستان ، پێیمی گوت : دوای بینینمان و لەخزمەتیدا دانیشتین ، بارزانیی نەمر بەئێخەی یەكێك لە كوڕانی شارەوە وێنەی خۆی بینی، بارزانیی نەمر بەگشتی بۆمان دوا و فەرمووی: من دڵخۆشم پێتان، دڵنیام ئەم میللەتە مەزلومە دەگاتە حەقی خۆی، چونكە رۆڵەكانی ئێوەن، بەڵام تكاتان لێ دەكەم كوردایەتیی بەشێوە و جۆری تر بكەن، لە جیاتی هەڵگرتنی وێنەی من كاری تر زۆرە، بچنە رۆژنامەی خەبات دوو دێڕ بۆ رۆژنامەكە بنووسن و بچنە ناو خەڵك باسی كورد و مێژووەكەی و مەزلومییەتی كورد بكەن، ئەمە خزمەتە.









