د.محەمەد بەگ خەلیل❊
گومانی تێدا نییە تەواوی دامەزراوە فەرمییەكانی حكوومەت و هاووڵاتییان و میدیا خەریكی خۆپارێزین و ئامادەسازی دەكەن بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە ئەگەری زۆرە نەخۆشییەكە بەمنزیكانە بگاتە نێو خاكەكەمان و سەرهەڵبدات لە نێو هاووڵاتییاندا، میحوەرەكانی پاراستن و بەرگری بەپێی ناوچەكان بەشبەش كراون، راستییەكی زانراویش هەیە كە هێرشبەرانی گەلەكەمان نەبینراو و نەناسراو و دەمامك دراون، رەنگبێت بەشێوەیەكی نەویستانە بەبێ ئاگاداری كەسەكە خۆی یان بە شێوەیەكی نێردراوانە لەلایەن نەیارانی گەلەوە بۆ تووشكردنی خەڵكی كوردستان سەرهەڵبدات، گومان لەو راستییەشدا نییە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی پێشمەرگەی بەرگ سپی بردنەوەی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە دەبن، ئەوان جیا لەوەی تەواوی كاتەكانی خۆیان دەبەخشن، بۆ پاراستنی تەندروستی گەلەكەمان، رەنگبێت پێشمەرگەئاسا ژیانی خۆشیان پێشكەش بە دەرچوونی وڵاتەكەمان لە هەر دۆخێكی ناهەمواردا بكەن، ئەوان بەپێی پلەبەندی و پسپۆڕی تایبەتییەوە بەسەر میحوەرەكان لەسەر سنوور و فڕۆكەخانە و بازگەكان و نەخۆشخانەكان دابەشكراون، شەونخونی دەكەن بۆ سەلامەتی گیانی خەڵكەكەمان و ئاوەدانیی و وڵات دەپارێزن، پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی پێشمەرگەی بەرگ سپی پارێزەری خاكن، سەرمایەی پڕ لە زانیارین بۆ وڵاتەكەمان، دەرفەتێكی گرنگ هاتووەتە پێشەوە بۆ رێخكستنەوەی ئەو پەیوەندی دابڕاوە كە چەند ساڵە بوونی هەیە لەنێوان بەشێك لە هاووڵاتییان و پزیشكان، دەبێت پێداچوونەوە بەو پەیوەندی دابڕاوانەدا بكرێت و هەمووان دەست لەناو دەست بۆ خزمەتكردنی كوردستان لەتەك یەك بۆ ئایندە بڕوانین. لەگەڵ دڵنیای بەخشین بە دەرچوون لەم دۆخە، هیوای سەلامەتی بۆ سەرجەم كوردستانیان دەخوازین.
❊پزیشكی نیشتەجێی خولاو









