خەبات: سلێمانی
كڕیارێكی كەمامەی دەستكردەی وەستا جەبار، ئاوات جەلال دەڵێت: ئەو كەمامانەی تر تەنكن و ئەگەر بیانشۆیت تێكدەچن، بەڵام ئەمە ئەگەر بیشۆیت تێكناچێت. لاستیتێكی تۆكمەی پێوەیە، گوێچكە ئازار نایەت، بۆیە ئەمەم هەڵبژارد، ئەوانەی تر دەستناكەوێت، چەندین دەستیش دەكات، بەڵام لێرە ئێمە لەبەرچاوی خۆماندا دروست دەكات، زیاتر متمانەمان پێیەتی.
پێویستی باوكی داهێنانەكانە، دەكرێت زۆر جار ئەم دەستەواژەیە بەهەند وەربگیرێت، لەكاتێكدا پێویستی تەنگ بە مرۆڤەكان هەڵدەچنێت، ئیتر مرۆڤ دەبێتە كاراكتەرێك بەردەوام بیر دەكاتەوە بۆ بەدەستهێنانی خواستەكانی.
لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید-19 لە ئێران كە نزیكترین وڵاتە لە عێراقەوە و چەندین دەروازە و خاڵی سنووری تێكەڵیان هەیە، هاووڵاتیان لە عێراق و بەتایبەت لەشارەكانی هەرێم كەوتنە خۆیان بۆ رێگاكانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە. یەكێك لە رێگاكان بەپێی گوتەی پسپۆرانی پزیشكی، بەكارهێنانی ماسكی تایبەت بە ڤایرۆسە.
لەهەندێك ناوچە بەكارهێنانی كەمامە خواستێكی زۆری بۆ دروست بووە، ئەمەش وای كردووە كە رێژەی خواست لەچاو خستنەڕوودا زیاد بكات، مامەڵەی عەرز و تەڵەب نرخەكەی لەهەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و قەیرانی كەمی كەمامە دروست بوو.
هاووڵاتییەكی پیشەگەر لەسلێمانی دوای ئەوەی كە دەچێتە بازار بۆ بەدەستخستنی دەمامك و كەمامە، لەبەر كەمییەكەی دەستی ناكەوێت، ئەمەش وای لێدەكات كە خۆی بیر بكاتەوە لە دروست كردنی كەمامەیەك بۆخۆپارێزی، بۆ ئەو مەبەستە دەچێتەوە نێو شوێنی كارەكەی لە بازاڕ و بڕیار دەدات كە دەبێت كەمامەیەك دروست بكات.
پاش مشتومڕ لەگەڵ هاوەڵەكانیدا لە بازاڕ و لە نزیك شوێنی كارەكەی، دیزاینێكی نوێ بە بەرهەمی خۆماڵی بۆ دروستكردنی كەمامە ئامادە دەكەن و دەست دەكەن بە جێبەجێ كردنی پلانی دروست كردنەكەی.
جەبار حەسەن ناسراو بە وەستا جەبار تەمەن 35 ساڵ كە لە بازاڕی مسگەران سەرقاڵی دروستكردنی خێمە و چادری سەربازییە، لەرێی مەكینەی بەرگردووییەكەیەوە رۆژانە بژێوی ژیانی خۆی دابین دەكات،وەستا جەبار تا شەشی سەرەتایی خوێندووە بەڵام لەلایەن هاوپیشەكانیەوە بە وەستا بلیمەتەكە ناسراوە، ئەو كە پێویستی وای لێكردووە بیر لە دروست كردنی ماسكێكی خۆماڵی بكاتەوە بەدەم دروست كردنی كەمامەی خۆماڵییەوە بەو چەشنە باس لە سەرەتای بیرۆكەكە دەكات و دەڵێت: رۆژێك هاتمە بازاڕ بۆ ئەوەی كەمامە بكڕم بۆ خۆم و خێزانەكەم، دوو منداڵم هەیە، هەرچەندێكم كرد بەهۆی قەیرانی كەمی كەمامەوە نەمتوانی بەدەستی بخەم، بۆیە بە نائومێدی گەڕامەوە بۆ دووكان، لێرە بڕیارم دا كە خۆم دروستی بكەم بەو كەلوپەلانەی لەبەردەستم دان، كەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵانی تری گوزەرەكەمانبازاڕەكە بڕیارمان دا دیزاینێكی بۆ بكەین، بە شێوەیەك تەندروست بێت.
كەمامەكە چۆن و لە چی درووست دەكرێت..؟
وەستا جەبار ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو بۆ دروستكردنی كەمامەكە چەند ماددەیەكی پێویستە لەوانە قوماشی تایبەت بە فلتەری كارگەكان، دەبەی ئاو، لۆكەی خۆماڵی، خوێی دەریاییزبر هاڕاوەی خەڵوز.
دوای ئەوەی كە بەپێی پێوەری جیاجیا قوماشی فلتەری كارگەكان دەبڕێت، پاشان سەری دەبەی ئاوەكە دەبڕێت و لەسەر قوماشەكە جێگیر دەكات و پارچەیەك قوماشی تر دەداتەوە بەسەریداو پێیەوە دەدورێت بۆ ئەوەی جێگیر بێت، لەو نێوەندەدات هاڕاوەی خەڵوز و خوێی دەریاییەكە تێكەڵ بە لۆكە خۆماڵییەكە دەكات، دەیكاتە سەری دەبەی ئاوەكەوە، كە شوێنی هەوا گۆڕكێی بۆ دروست دەكات. سەری دەبەی ئاوەكە لەو شوێنەی كە دەكرێتەوە بە دەرزیەك كون كون دەكات بۆ هەواگۆڕكی. هەواكە لەو كونانەوە بە فلتەری لۆكە و خوێ و هاڕاوەی خەڵوزەكەدا تێپەڕ دەبن و دواتر بەر قوماشی فلتەری كارگەكان دەكەون پاشان هەوای فلتەر كراو دەچێتە سیستەمی هەناسەدانی بەكارهێنەرەكەیەوە.
رۆژانە 100 دانە زیاتر دروست دەكەم بەپێی خواستی كەسەكان
دوای ئەوەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەی بڵاو بۆتەوە، خواستێكی زۆر لەسەر كەمامە خۆماڵییەكەی وەستا جەبار دروست بووە، وەك لەزاری خۆیەوە باسی لێوە دەكات، چەندین كەس داوایان كردووە بە 100 دانە بۆیان دروست بكات، چونكە ئەو كەمامەكە توانەی شوشتن و بەكارهێنانێكی زۆرتری هەیە.
وەستا جەبار بەدەم كاركردنەوە وەڵامی كڕیاران دەداتەوە، بۆ ئەوەی كەمامەیەكیان بداتێ. نرخەكەی دەگۆڕێت بەپێی تایبەتمەندیەكانی ئەگەر كەمامەكە تێكەڵەی خەڵوز و خوێكەی تێدا نەبێت ئەوا بە دوو هەزار دەیدات، بەڵام ئەگەر تێكەڵەی خەڵوز و خوێیەكەی تێدا بێت ئەوا بە 3 هەزار دەیفرۆشێت.
وەستا جەبار باس لەوە دەكات ئەگەر بێت و خواستی زۆر لەسەر بەرهەمەكەی هەبێت، ئەوا ئامادەیە پەرەی پێ بدات و ماركەیەكی خۆی هەبێت بەناوی” تەندروستیەكی باش” بە ئینگلیزیەكەی Good Health كە تەنیا ئامانجی ئەوەیە خەڵك بەدوور بن لە نەخۆشی و بەتایبەت ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەڵێت، ”رێكخراوێك تەلەفۆنی بۆ كردووم كە داوای كردووە 100 دانەی بۆ دروست بكەم، بەس بە شێوەی سادە بەبێ سەری دەبەو خەڵووزو خوێیەكە، چونكە لەبازاردا جۆرەكەی تر دەستناكەوێت لە جۆری N95، ئەم 5 نموونەیەم بۆ دروست كردووە تاكو سەیری بكەن و بڕیاری لەسەر بدەن.
وەستا جەبار كە لایەن هاوپیشەكانی هاوسێیەوە پشتگیرییەكی زۆر دەكرێت، باس لەوە دەكات لەساڵانی 1990 دا ئەو كاتەی دەنگۆ هەبوو رژێمی بەعسی رووخاو كیمیایی بەسەر شاری سلێمانیدا دەڕێژێت، خەڵك بۆخۆی لە چەندین ماددە كەمامەی دروست كردووە بۆ خۆپارێزی لە ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، چونكە ئەوكات تواناكان هێندە زۆر نەبوون بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی دۆخەكە، بەتایبەت دوای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 1988 دا و دەڵێت: ئەوكاتە منداڵ بووم بیرمە خەڵك خۆی كەمامەی دروست دەكرد، لە خەڵوز بۆ خۆپارێزی، ئێستاش دەتوانین هەمان شت بكەینەوە تاوەكو خۆمان بپارێزین لەو بەڵایەی ئەگەری هەیە روومان تێبكات”.
ئاوات فوئاد، 37 ساڵ كە پیشەی زێڕینگەرو یەكێكە لە كڕیارەكانی كەمامە خۆماڵییەكەی وەستا جەبارە، ئاماژە بەوە دەكات ئەو خاوەنی دوو منداڵی وردە، خۆی رۆژانە لە دووكانەكەی سەرقاڵی كاسبی كردن و دابین كردنی بژێوی ژیانێتی، بەهۆی كەمی كەمامەوە هاتووەتە لای وەستا جەبار، تاكو خۆپی بپارێزێت لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، تاكو لەو ڕێیەوە منداڵەكانی بەدوور بن لە هەر زیانێك و هەر نەخۆشیەك.
ئەو بەدەم گلەییكردن لە كەمبوونەوەی بازاڕی فرۆشتنی ئاڵتون، ئاماژەی بەوە دەدات كە دوای سەرهەڵدانی قەیرانەكە هیچ جۆرە ئاڵتونێك لە ئێرانەوە ناهێنن تەنیا لە وڵاتانی كەنداوەوە دەیهێنن، بەڵام بازاڕیان كزبووە. بۆیە كەمتر لەگەڵ خەڵكدا مامەڵە دەكەن، بەڵام هەرچۆنێك بێت هەوڵ دەدات كە خۆی بپارێزێت لە تووش بوون بە ڤایرۆسەكە بۆیە كەمامە خۆماڵیەكەی بە باش زانیوە، تاكو بیكڕێت و دەڵێت: ئەو كەمامانەی تر تەنكن و ئەگەر بیانشۆیت تێكدەچن، بەڵام ئەمە ئەگەر بیشۆیت تێكناچێت. لاستیتێكی تۆكمەی پێوەیە، گوێچكە ئازار نایەت، بۆیە ئەمەم هەڵبژارد، ئەوانەی تر دەستناكەوێت، چەندین دەستیش دەكات، بەڵام لێرە ئێمە لەبەرچاوی خۆماندا دروست دەكات، زیاتر متمانەمان پێیەتی.









