ناسر مەلاحەكیم
گەڕانەوەیەك بۆ ساڵانی 2003 پاش ئازادی عێراق، كورد رۆڵی سەرەكی هەبوو لە بنیادنانەوەی عێراق و لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.
بە بڕیاری حكوومەتی عێراق و وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە سەرۆكایەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوكاتی عێراق لە 3/8/2019 بریاری ئەنجامدانی سەرژمێری درا كە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە لە تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام بدرێ، بەڵام لەبەر ناسەقامگیری باری ئەمنی ئەم پرۆسەیە بۆ چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2020 درێژكرایەوە.
ئەمە لە كاتێكدا كە 23ساڵ بە سەر ئەنجام نەدانی سەرژمێری ساڵی1997ەوە تێپەر دەبێت!! كە ئەوكات ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە 19 نۆزدە ملیۆن كەس تێنەدەپەری، ئێستاش ئەنجامدانی سەرژمێری دەگەرێتەوە بۆ زیادبوونی رێژەی دانیشتووان كە خۆی لە 38 سی و هەشت ملیۆن كەس ئەدات، هۆكاری ئەنجام نەدانی سەرژمێری لە عێراقدا لە 2003وە تاكو ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیری باری ئەمنی ئەو ناوچانەی كە دەكەوێتە سنووری ماددەی 140ەوە و بە تایبەتیش سەرهەڵدانی شەری داعش هۆكارێكی تر بوو بۆ دواكەوتنی سەرژمێری، لەلایەكی تریشەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی عێراق لە دەستووردا لە سەر ناوچە جێناكۆكەكان و چارەسەری كێشەی كەركووك لە سەر ئەم خاڵانە رێككەوتوون: یەكەم: گەڕاندنەوەی عەرەبە هاوردەكراوەكان، دووەم: ئەنجامدانی سەرژمێری هاووڵاتیان، سێەم: چارەسەركردن و دیاریكردنی چارەنووسی خێزان. جێگای ئاماژە پێكردنە كە ئەم خاڵانە تاوەكو ئێستاش لە نێوان بەغداد و هەولێر نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە .
بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان لە ساڵی 2014ەوە هەرلە دەسپێكی شەری داعشەوە تا خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بەرەو ناخۆشی دەچێت و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە دەگۆڕدرێت. ئەگەر لێكۆڵینەوەیەك بۆ دەشتی نەینەوا ئەنجام بدەین، دەبینین كە زۆبەی هاووڵاتییە كریستیانییەكان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە و بەردەوامیشن لە سەر جێهێشتنی زێدی خۆیان بە مەبەستی پەیداكردنی شوێنێكی ئارام و حەوانەوەیان لەو شوێنە، ئێزیدییەكانیش هەتا ئێستا بە هۆی ئەو كارەساتانەی كە بەسەریاندا هات، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لە دوای ئەنجامدانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش لە هەموو گوندەكانی دەوروبەری مەخموور عەرەبە هاوردەكانی پێشتر بە هاوكاری تەواوی حكوومەتی ناوەندی گەڕاونەتەوە ئەو شوێنانە بە شاری كەركوكیشەوە، كە عەرەبێكی زۆر هاوردەی شارەكە كراوە و دەیانەوێت دیمۆگرافیای ئەو شارە بە یەكجاری بگۆڕن، لەلایەكی ترەوە سنوورەكانی قەرەتەپە و خانەقین و جەلەولا بە تەواوی گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە. لە راستیدا حكوومەتی عێراق دەیەوێت ئەم سەرژمێرییە لەو ناچانەدا بكاتە دیاریكردنی سنووری ماددەی 140 بۆ سنووری حكوومەتی ناوەندی! هەرچەندە دوو كەس لە لیژنەی باڵای سەرژمێرییەكەدا كوردن و یەكێكیان سەرۆكی لیژنەی سەرژمێری هەرێمە، بەڵام دەبێت سەركردایەتیی كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی پێداگری بكەن لە سەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراوە. هەرچەندە نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە سەر ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراقدا رەزامەندی و هاوكاری تەواوی خۆیان دەربڕیوە و لەسەر زاری “عواد كازم” كە سەرۆكی ئامێری سەرژمێرییە لە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی عێراقی و “عدنان رجا” كە بەرێوەبەری سەرژمێرییە لە كەركووك، هەردووكیان جەخت لە ئەنجامدانی سەرژمێری دەكەنەوە كە دەبێت ئەنجام بدرێت. لێرەدا بە پێی لێدوانی بەرپرسان، دەردەكەوێت كە دەبێت سەرژمێری بكرێت و لە هەمان كاتیشدا ئەوە رووندەكەنەوە كە ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە جێناكۆكەكاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و نائارامی لەو ناوچانەی كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە. ماوەیەكە نوێنەرانی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی “مهدی العلاق” كە راوێژكاری “محمد تۆفیق علاوی”یە لەگەڵ وەزیری پلاندانان، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگا چارەیەكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پێداگری لەوە كردووە، كە دەبێت چارەسەرێكی گونجاو و یەكجاری لەم بارەیەوە بۆ ئەو ناوچە جێناكۆكانە بدۆزنەوە.









