خهبات: وریشە عومەر:-
دكتۆرە دەریا عەلی قادر پسپۆڕی نەخۆشییەكانی بیستن و گێژبوون بەكالۆریۆس لە نەشتەرگەری گشتی و هەناویدا و ماستەر لە نەخۆشییەكانی بیستن و گێژ بووندا، لە دیمانەیەكی تایبەت بە خەبات بە وردی وەڵامی پرسیارەكانی خەبات ی دایەوە،دەربارەی گێژ بوون و نەبیستن گوتی:
❊ هۆكارەكانی پشت نەبیستن، یان كەڕ بوون چین؟
ــ هۆكارەكانی كەمبوونی ئاستی بیستن زۆرن دەتوانین دابەشی بكەین بەسەرچەند جۆردا،بەپێی ئەو هۆكارانەی كە توشی بەشەجیاوازاكانی گوێ دەبن
یەكەم:.ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی گەیاندنی شەپۆلە دەنگییەكان لە ڕێگای گوێی دەرەوە و ناوەڕاستدا بۆ گوێی ناوەوە.
وەك: هەوكردنی كەناڵی گوێ گوێی دەرەوە، بوونی تەنی نامۆ لە كەناڵی گوێدا، كۆبونەوەی مۆم لەكاناڵی گوێدا،هەوكردنی گوێی ناوەڕاست، دڕانی پەردەی گوێ،لەجێچوونی ئێسكەكانی گوێی ناوەڕاست، بوونی گرێ و چەندین هۆكاری دیكە.
دووەم:.ئەو هۆكارانەی كە توشی گوێی ناوەوە دەبن و دەبنە هۆی سستبوونی دەماری بیستن وەك:
سستبوونی دەماری بیستن بە هۆی تەمەنەوە، دەنگی بەرز وەكو دەنگی تەقەمەنی و زۆر بەكارهێنانی هێدفۆن بە دەنگی زۆر بەرز بۆ ماوەیەكی زۆر.
سێهەم: بەكارهێنانی هەندێك دەرمان وەكو دەرمانی دژی هەوكردن یاخود دەرمانی كیمیایی.
چوارەم: زیان گەیشتن بەمێشك
پێنجەم: هەوكردنی پەردەی مێشك
شەشەم : هۆكاری بۆ ماوەیی لە منداڵاندا، وە هۆكاری ڤایرۆسی وەكو سورێژە و ملەخڕە، هەروەها زیاد دروستبوونی شلەی ناو گوێ كە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی زەختی گوێ و سستبوونی دەماری بیستن، وە ئەو كەسانەی شەكرەو زەختیان هەیە، قەڵەون و جگەرەكێشن، و یان توشی جەڵدەی مێشك دەبن سستبوونی دەماری بیستن لەم كەسانەدا زۆرترە.
❊ ئایا نەبیستن بۆ ماوەییە یاخود كتوپڕ دێتە پێش؟
ئەكرێت بۆماوەیی رووبدات، و دەكرێت كتوپڕ رووبدات
❊ لەمنداڵدا هەستی بیستن لەگەڵ لە دایكبووندا هەیە؟
بەڵێ منداڵ هەر لە ناوسكی دایكیەوە هەستی بیستنی هەیە، وە لە تەمەنی 3-6 مانگی تەمەنی منداڵەكەدا منداڵ بە تەنیشتدا ئاوڕ ئەداتەوە بە هەر دەنگێك كە گوێی لێیبێت، وە لەگەڵ گەورە بوونی تەمەنیدا هەموو 3 مانگ ئەتوانێت ئاوڕ بداتەوە بۆ ئەو دەنگانەی لەتەنیشت و سەرووی خۆی یان خوارووی خۆی گوێی لێدەبێت.
❊ پشكنینی بیستن لە منداڵاندا چۆن دەكرێت و بۆچ منداڵێك پێویستە بكرێت؟
پشكنینی بیستن لە منداڵدا بە بەكارهێنانی ئامێری ئابرو ئاسی لەگەڵ لە دایكبوونی تا سێ مانگ دەكرێت و بۆ هەموو منداڵێك پێویستە پشكنینی بۆ بكرێت. كە ئەمە لە زۆربەی وڵاتان پەیڕەو دەكرێت،وە ئەو منداڵانەی پشكنینەكانیان باش نابێت دەبێت دووبارە پشكنینیان بۆ بكرێتەوە، ئەگەر لەپشكنینەكە دەرنەچوون دەتواندرێت چارەسەریان بۆ بكرێت لە رێگای دانانی ئامێری بیستن وە یاخود چاندنی قەوقەعە، كە ئەمە هۆكارێكە بۆ ئەوەی منداڵەكە ببیستێت و فێری قسە ببێت. وەكو هەموو منداڵێكی دیكە،ئەو منداڵانەی كە مەترسییان هەیە بۆ كەم بیستن پێویستە ئەم پشكنینە یان بۆ بكرێت.
❊ هۆكارەكانی گێژ بوون چین؟
باوترین هۆكاری گێژبوون جوڵانی كریستاڵەكانی گوێی ناوەوەیە،وە هۆكاری دیكەی وەكو هەوكردنی گوێی ناوەوە، دروستبوونی زیاتر شلەی گوێی ناوە وەو بەرزبوونی پەستانی گوێ، شەقیقە ،زیان گەیشتن بە ئێسك و سەر بە هۆی
ڕووداوەوە.
❊ چۆن خۆمان بپارێزین؟
لەوكەساندا كە گێژ بوونیان هەیە بەتایبەت ئەو كەسانەی كە تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی گوێ دەبن دەبێت دوور بكەونەوە لەخواردنەوەی چا و قاوە و زۆر بەكارهێنانی خوێ و جگەرە، كە هۆكارن بۆ خراپتربوونی حاڵەتەكە.وەپێویستە ئەو كەسانە خواردنی تەندروست بەكاربهێنن و دووربكەونەوە لە دڵەڕاوكێ ، وە دووركەوتنەوە لە دەرما ن كە هۆكارن بۆ گێژبوون
❊ مەترسییەكانی گێژبوون چین گەر چارەسەر نەكرێت؟
ئەگەر زوو چارەسەری پێویست نەكرێت دەبێتە هۆی چەندبارەبوونەوەی حاڵەتەكە و ئەو كاتە چارەسەری گرانتر دەبێت، وە ئەو كەسانەی كە تووشی گێژ بوون دەبن ئەگەری كەوتن و بریندار بوون و شكانی بەشەكانی جەستەیان ببن بەهۆی كەوتنیانەوە، بۆیە پێویستە زۆر ئاگاداری خۆیان بن و لەو كاتانەدا بەتەنیا نەبن
❊ ڕێژەی خوێن بە زۆری و كەمی تا چەند هۆكارن بۆ ئەم دیاردەیە؟
لەڕاستیدا كەم خوێنی هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە كەم خوێن بۆ مێشك بڕوات كە كەسەكە هەست بە سەر ئێشە و بێ هێزی دەكات ئەمە بە گێژبوون دانانرێت بەڵكو گێژبوون هە ستكردنی كەسەكە یە بە سوڕانەوەی خۆی یاخود دەورووبەری ئەم حاڵەتە بە هەڵە لە لایەن كەسەكەوە بە گێژبوون پێناسە دەكرێت، وە بە هەمانشێوە ئەو كەسانەی خوێنیان زۆرە هەست بە سەر ئێشەو چالاكی و سەر قورسی دەكەن دوبارە ئەمەش گێژبوون نییە.
تا چەند دەرمان هۆكارە بۆ حاڵەتی گێژبوون؟
هەندێك دەرمان دەبنە هۆی گێژبوون وەك دەرمانی ئازارشكێن و دەرمانی دژە بەكتریا و ئەو دەرمانانەی دژی گەشكە بەكار دەهێنرێت، و دەرمانی دژە مەلاریا و دژە ڤایرۆسەكان و هەندێ دەرمان كە بۆ دڵ و رۆماتیزم بەكار دێت.









