خهبات: خالید گـەردی:-
لەگەڵ بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرونا و گیان لەدەستدانی سەدەها لە تووشبووان بەم فایرۆسە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، هەر لە وڵاتی هیندەوە بگرە تا دەگاتە ئوسترالشیا، هۆكاری سەرهەڵدانی بۆ بیرۆكەی پیلانگێڕی بە ئەنقەسەت دەگەڕێننەوە. بەڵام هەرچی وڵاتی روسیایە، بە تایبەت دكتۆرو دەزگا راگەیاندنی ئەم وڵاتە، ئەو ترس و دڵەراوكێیەیان قۆستۆتەوە كە بە هۆی ئەو فایرۆسەوە لەنێو خەڵكەكە بڵاوبۆتەوە تا ئۆباڵی سەرهەڵدانەكەی بخەنە ئەستۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
ئەم هەڵمەتەی روسیا تەواو ئەمریكییەكانی نیگەران كردووە، ئەمەریكییەكان هەڵمەتەكە بە هەڵمەتێكی چەواشەكارانەی رووسیا بۆ لێدانی پێگەی ئەمەریكا و لەكەداركردنی دەگەڕێننەوە، وەك ئەو هەڵمەتانەی پێشتر دەزگای هەواڵگری سەردەمی یەكێتی سۆڤیەت كەی جی بی كاتی خۆی ئەنجامیان دەداو نەخۆشی كەمبوونەوەی بەرگری لەش HIV لە ساڵی هەشتاكانی سەدەی رابردوو كە بە نەخۆشی ئایدز ناسرا، بە چەكێكی بایلۆجی دروستكراوی ئەمەریكا ناویان دەبرد.
تەنیا رووسیا نییە
ئەوەی روونە روسیا تاكە دەوڵەت نییە بیرۆكەی پیلانگیڕی لە بارەی هۆكاری سەرهەڵدانی فایرۆسی كۆرونا بڵا بكاتەوە، بەڵكو تیدروس ئۆهانۆمی سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانیش لای خۆیەوە روونی كردەوە رێكخراوەكەی تەنیا كار بۆ لەناوبردنی فایرۆسەكە ناكات، بەڵكو رووبەڕووی قسەو بیرۆكەی پیلانگێڕییەكەش دەبێتەوە، كەكاریگەری لەسەر توانای رێكخراوەكە بۆ بەرانگاربوونەوەی فایرۆسەكە دروستكردووە، ئێستا سەدەها كەسی كوشتووە. ئەوەی بەلای ئەمەریكییەكانەوە سەیرە ئەوەیە هەڵمەتەكەی روسیا تەنیا لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نییە، بەڵكو لە كەناڵە ناسراوە سەرەكییەكانی روسیا، بەرنامەو گفتوگۆی تایبەتی لەبارەوە دەكرێت.لەكۆتایی مانگی كانوونی دووەم سەرۆكی حزبی لیبراڵی دیموكراتی، كە حزبێكی راستڕەوی توندڕۆیە لە وتەیەكیدا بۆ ئێزگەی روسیا رایگەیاند: پێموایە كورونا چەكێكی بایلۆجی ئەمەریكایە، یا پیڵانگێڕییەكی گەورەیە لەلایەن كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەمەریكا بە ئامانجی بە دەستهێنانی سوودو قازانجی زۆر ئەنجامیان داوە.ئیمی ماكینونی شیكەرەوەی سیاسی لە گۆڤاری فورین بولسی ئەمەریكی ئاماژە بەوە دەكات، ئامانج لە هەڵمەتەكانی روسیا، شێواندنی وێنەی رۆژئاواو بێهێزكردنیەتی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، روسیا ئەو هەڵمەتەی زۆر لە پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە دەست پێكردووەو بۆ ئەم مەبەستە كرملین پەنای بۆ سەرنووسەو ئامادەكاری بەرنامەی تەلەفزیۆنی و كارمەندانی بواری راگەیاندن ئەوانەی هەوادارو هاوسۆزی دەسەڵاتن بردووە تا رای گشتی لە دژی ئەمەریكا بوڕوژێنن. بە جۆرێك ئێستا بابەتەكە بۆتە بابەت و مانشێتی سەرەكیی هەر لە پێگە هەواڵییە بچووكەكانی نێو تۆری ئینتەرنێتەوە بگرە تا دەگاتە گرنگترین كەنالە تەلەفزیۆنییەكان لەو كاتانەش بڵاو دەكرێتەوە كە خەڵكێكی زۆر تەماشایان دەكەن، كرۆكی نامەكەشیان بۆ بینەران ئەوەیە فایروسی كورونا لە تاقیگەكانی بایلۆجی ئەمەریكا بەمەستی كۆسپ خستنە بەردەم گەشی خێرای چین، بەرهەم هێنراوە. هەرچی رۆژنامەنووس و توێژەرە ئەمریكییەكانیشن سەرسووڕمانی خۆیان لەبەرامبەر ئەو نووسینانەی لە رۆژنامەكانی روسیا بە شێوەیەكی ئەندێشەیی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوبۆتەوە، دەربڕیوە، رووسەكان لە نووسینەكانیاندا هەر یەك لە بیل گیتسی ملیادێری ئەمەریكی دامەزرێنەری كۆمپانیای زەبەلاحی مایكرۆسۆڤت بۆ بەرنامەكانی كۆمپیوتەرو جۆرج سوروسی بزنس مان و وەبەرهێنەری ئەمریكی كە بە دوژمنی كرملین ناوی دەبەن، بەوە تاوانبار كردووە دەستیان لە بڵاوبوونەوەی فایرۆسەكە هەیە.
رەنگە سەیرترینیان، بۆچوونەكەی پێشكەشكارە بەناوبانگەكەی كەنالی یەكەمی رووسیا بێت كە بە پارەی حكومەتی روسیا بەڕێوەدەچێت، كاتێ گوتی بنەچەی بیرۆكەی ناوی فایرۆسی كورونا، ئەمەریكییە، لەبەر ئەوەی پێش چەندساڵێك دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا تاجی كراون بە ئینگلیزی لە پێشبڕكێی شاجواناندا لەسەر شاجوانی جیهان دانا، بە زمانی لاتینی تاج بە واتای كورونا دێت، روونیشە ناوی كۆمەڵەی ڤایرۆساتی كورونا لە شێوەی میكرۆبەكە لەژێر میكرۆسكۆب هاتووە لە تاج دەچێت.ئەگەرچی هۆكارەكانی راگەیاندنی روسیا لەسەر ئەوەی سەرچاوەی فایرۆسی كورونە ئەمریكایە كۆكن ، بەڵام لەسەر ئەو كەسەی كە پێش چەند ساڵێك یا دەیەیەك هۆشدارییان لە بڵابوونەوەی داوە كۆك نین، هەندێ دەڵێن میشیل نوستراداموسی ئەستێرەناسی فەرەنسی یەكەم كەس بووە هۆشداری لە بڵابوونەوەی ئەو جۆرە ڤایرۆسە داوە، هەندێكی دیكەشیان دەڵێن بابا فانجای فاڵگرەوە كوێرەكەی بولگاریا بووە، هەندێكی دیكەش جەخت لەوە دەكەنەوە ستیفن هوكینگی زانای فیزیاو گەردونناس بەریتانی یەكەم كەس بووە پێشبینی بڵاوكردنەوەی كردووە.
لوولەی تۆپ
دامەزراوەی توێژنەوەی راند كە بنكەكەی لە واشنتی پایتەختە، ریكلامە نوێیەكەی روسیا بە لوولە تۆپێك دەشوبهێنیێ كە بەبەردەوامی كۆمەڵە بیردۆزەیەك هەندێ جار خەیاڵی، هەندێ جاریش دژبەیەك بهاوێت، مەبەستیان بێزاركردن و تۆقاندنی خەڵكە، بە جۆرێ لە كۆتاییدا گومانیان لەسەر خودی بابەتەكەش لا دروست بێت، ئەو خەڵكەی رووبەڕووی هەڵمەتەكە بوونەتەوە جەماوەری ناوخۆی روسیان، بەڵام هەندێ راپۆرتی دیكە كە هەڵگری پەیامی بیرۆكەی پیلانگێڕین لە هۆكارەكانی راگەیاندنی روسیا، بەزمانی جیاجیا وەك سبوتنیكی روسی بڵاودەكرێنەوە.
بریت شاڤر لە هاوپەیمانی سندوقی مارشالی ئەلمانی كە شێوازەكانی چەواشەكردنی راگەیاندن دەخوێنێت پێی وایە بیرۆكەی پیلانگێڕی بە شێوەیەك روون لەسەر كەنالە نێودەوڵەتییەكانی روسیا وەك ئار تی و سوبوتنیك هەستی پێناكرێت، تەنیا لە رووی مێژووییەوە بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ باس لە بیرۆكەی پیلانگێڕی دەكەن ، لەبەر ئەوەی ئەو كەنالانە دەیانەوێت رووی راستەقینەی خۆیان بشارنەوەو لە رووی یاساوە وەك كەنالێكی نێودەوڵەتی دەربكەون.هەوڵەكانی روسیا بۆ دەركەوتنی ئەمریكا وەك خولقێنەری ڤایرۆسەكە یادەوەرییەكانی رۆژگاری شەڕی سارد بیر دێنێتەوە، كە ئەو كات یەكێتی سۆڤیەت دەستی بە هەڵمەتێكی چەواشەكاری زانیاریی لە دژی ئەمریكا كرد بوو، لەگەڵ زیاتر تووشبوونی خەڵك بە نەخۆشی ئایدز، دەزگای هەواڵگری روسیا دەستی بە هەڵمەتێكی لەژێر ناوی پرۆسەی ئینفكشن كرد بە مەبەستی زیانگەیاندن بە پێگەی ئەمریكا لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكان بانگەشەی ئەوەی بڵاودەكردەوە ڤایرۆسەكە چەكێكی بایەلۆجی ئەمریكایە. بە پێی گوتەی ئەفسەرێكی گەورەی هەواڵگری سۆڤیەت، ئامانج لەگرتنەبەری رێوشوێنی ئەو هەڵمەتانە دروستكردنی كەشێك لە دژی ئەمریكا لەلایەك و راكێشانی هاوسۆزی بۆ یەكێتی سۆڤیەت لە لایەكی دیكەوە دروست بكەن وایان بڵاو دەكردەوە فایرۆسەكە بەرهەمی تاقیكردنەوە بایلۆجییە نهێنییەكانی ئەمریكا بۆ بەرهەمهێنانی ڤایرۆسێكی نوێ لەلایەن جیهازی خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ پنتاگۆن، بەڵام فایرۆسەكە لە كۆنترۆڵیان دەرچوو لە دەرەوەی تاقیگاكە بڵاو بۆوە.
چیرۆكەكە چۆن داڕێژرا؟
لە ساڵی 1983 رۆژنامەی باتریوتی هیندی سەر بەسۆڤیەت بە فەرمانی دەزگای كەی جی بی نامەیەكی بڵاوكردوە گوایە لە زانایەكی ئەمریكی پێی گەیشتووە تیایدا هاتبوو ڤایرۆسەكە لە كارگەیەكی بایۆلۆجی ئەمریكا بەرهەمهێنراوە، بەڵام رۆژنامەكە نەیتوانی سەرنجی راگەیاندنە جیهانییەكان بۆ ئەو بابەتە رابكێشێت، ئەوەبوو رۆژنامەی رۆشنبیری سۆڤیەت بە پشتبەستن بە رۆژنامەی باتریوتی هیندییەكە راپۆرتێكی گەورەی بڵاوكردەوە، ئەوەشی خستە سەر زانایەك لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات كە سەر بە دەسەڵاتی سۆڤیەت بوو سەلماندوویەتی كە ڤایرۆسی HIV چەكێكی بایلۆجی ئەمریكییە.هەر لە دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەكە لەرۆژنامە سۆڤیەتەكە لە 80 وڵاتی جیهان چیرۆكی جیاواز لەسەر فایرۆسەكە بڵاوكرایەوە، تەنانەت لە هەندێ رۆژنامەی بەناوبانگی بەریتانیا بانگەشەی ئەوەشی بڵاوكرایەوە گوایە فایرۆسەكە چەكێكی نەژادییە، كاریگەری تەنیا بەسەر هەندێ گەل و نەتەوەی دیاركراوەوە دەبێت.شافر دەڵێت هەڵمەتەكەی ئێستای روسیا رێك لە هەڵمەتەكانی یەكێتی سۆڤیەت جاران دەچێت بە جیاوازییەكی كەمەوە. هەڵمەتەكەی ئێستای روسیا بەهۆی ئینتەرنێتەوە تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا بڵاوبۆوە، بەڵام لە كۆتایی هەشتاكان ئەو كات بڵاوبوونەوەی فایرۆسەكە چەند ساڵێكی پێویست بوو، هەڵمەتەكەی ئێستای روسیا سەرەتا لەچەند پێگەیەكی هەواڵی ناڕوون بڵاودەبێتەوە، ئینجا دەزگا راگەیاندنە گەورەكان وەری دەگرن و دایدەڕێژنەوە تا سەرچاوەی ئەسڵی چیرۆكەكە لای خوێنەر نادیارو ون بێت.
كەمێك لە راستی
شارەزایانی بواری راگەیاندن پێیانوایە روسیا لە هەڵمەتە چەواشەكارییەكانی سەرەتا پشت بە هەندێ بنەمای راستەقینە دەبەستێت، ئینجا دەست بە گەورەكردن و شێواندنیان دەكات تا كەس نەیاناسێتەوە، سۆڤیەتی جاران و روسیای ئێستا باس لەو تاقیكردنەوانەی پێشووی ئەمریكا دەكەن كە لەساڵانی پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی رابردوو ئەنجامی دابوون دەكەن، وەك توێژەرەوان بە رشاندنی شارێك بەمادەی كیمیاوی لەلایەن توێژەرەوان، یا هەندێ توێژەر جۆرە بەكتریایەكیان لە میترۆ و تونێڵەكانی نیویۆرك بڵاوكردبۆوە یا بە ئەنقەست پێشكەو مێشوولەیان وەك ئامرازێك بۆ بڵاوكردنەوەی نەخۆشی بەكار هێنابوو. بەڵام زانیارییە چەواشەكارییەكانی روسیا نەبووە كۆسپ لەبەردەم چۆنیەتی هەڵسوكەوتی روسیا سەبارەت بە تووشبووانی ڤایرۆسەكە لە نێو خودی روسیادا، مەترسیی گەورەو بەردەوامەكە لە ئەگەری نەمانی متمانەیە بەخودی هەقیقەتەكان.
سەرچاوە: ئاژانسەكان









