خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی- پیرمام:-
لەجیهاندا تەنها چەند جەنگاوەرێك هەن كە تەواوی ژیانی خۆیان و خانەوادەكەیان خستبێتەبەر خزمەتی مللەتی خۆیان، تەنها چەند سەركردەیەك هەن كە بەدرێژایی تەمەنی خۆیان بەردەوام لە خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان بوونە لە پێناو خاك و خەڵك و نیشتیمانی خۆیان، لەجیهاندا تەنها چەند ڕابەرێك هەن كە تەنها لەبەرژەوەندی میللەتەكەیدا فیداكار و شۆڕش گێربووە. ئێمەی خەڵكی كوردستانیش بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانمانەوە شەرەفی ئەوەمان هەیە و شانازی بەوە دەكەین كە جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی ئەو جەنگاوەرە و سەركردە و ڕابەرەیە كە بوون و مانی خەڵك و خاكی كوردستانی بەئەركی سەرشانی خۆی زانیوە و بەدرێژایی ژیانی خۆی خەبات و تێكۆشان و شۆڕشگێر بووە لەپێناو دەستەبەركردنی شوناسی كورد و تەواوی خەڵكی كوردستان وەكو میللەتێكی سەربەخۆی خاوەن خاك.
بۆیە ئەمڕۆ لە 41 ساڵیادی كۆچی دوایی جەنەڕال مستەفا بارزانی، بەپێویستمان زانی سەردانی پێشمەرگە و فەرماندەی هەردوو شۆڕشی ئەلوول و گوڵان بكەین، بۆئەوەی هەندێك لە یادوەرییەكانی خۆی لەگەڵ جەنەڕال مستەفابارزانی بە خوێنەران ئاشنابكات.
سەلیم ئەسعەد خۆشەوی كوڕی شەهیدی فەرماندە ئەسعەد خۆشەوی سێلكییە كە وەكو فەرماندەی قارەمان بەشداری لە شۆڕشی دووەمی بارزان و بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد كردووە و هەڤاڵ و هاوڕێ بارزانیی بوو لەچوونی بارزانی و پێشمەرگەكانی بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران. هەروەها ئەسعەد خۆشەوی فەرماندەیەكی نزیك و جێگای متمانەی بارزانیی نەمر بووە و لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا سەرلشكری 1ی دەڤەری بادینان بووە و ورۆڵێكی یەكجار مەزنی هەبووە و لە شۆڕشی گوڵان. فەرماندە ئەسعەد خۆشەوی لە 13/5/1977 لە ئێران كۆچی دوایی كردووە و گەیشتە كاروانی نەمران.
فەرماندە و خەباتكار سەلیم ئەسعەد خۆشەوی پێشمەرگەیەكی شۆڕشگێڕی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووە، هەروەها یەكێك بووە لە پاسەوانە تایبەتییەكانی بارزانیی نەمر. دواتر ساڵی 1964 بەفەرمانی بارزانیی نەمر كراوە بە فەرماندەی هێزی ئامێدی و دوای رێكەتنامەی 11ی ئادار 1970 كراوە بە فەرماندەی فەوجی سنوور، دوا نسكۆی شۆڕش سەلیم ئەسعەد خۆشەوی و خانەوادەكەی لەگەڵ شۆڕشگێڕان ئاوارەی ئێران بوون.
لەقۆناغی دووەمی شۆڕشی ئەیلوول واتا هەر لەدەسپێكی شۆڕشی گوڵان، سەلیم ئەسعەد خۆشەوەی وەك فەرماندەیەكی خەباتكار و شۆڕگێڕێكی بەئەزموون بەشداری لە شۆڕشی گوڵان كردووە و بووەتە فەرماندەی هێزی خەبات. فەرماندە سەلیم ئەسعەد خۆشەوەی كەسێكی نزیكی سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بووە و بەشداری لە ڕاپەرینە مەزنەكەی بەهاری 1991 كردووە و ئێستا لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی ناوچەكانی بارزانە. لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر خەباتی دوورودرێژی و چالاكییەكانی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا، سەلیم ئەسعەد خۆشەوی لەلایەن جەنابی سەرۆك مسعود بارزانییەوە مەدالیای بارزانیی نەمر پێی بەخشراوە. بە 41 سەلیم ئەسعەد خۆشەوی لە 41 ساڵیادی كۆچی دوایی جەنەڕال مستەفا بارزانی بەم شێوەی خوارەوە باس لە هەندێك بیرەوەییەكانی خۆی دەكات لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لەگەڵ رابەری كورد بارزانی نەمر.
لە بارەی خەباتی بنەماڵەی شۆڕشگێر و نیشتیمان پەروەر و خاوەن شەهیدی خۆیان، مام سەلیم ئەسعەد خۆشەوی سێلكی گوتی: شانازی بەخەباتی پێشمەرگایەتی خۆم دەكەم كەلە پێناو رێبازی بارزانیی نەمر خزمەتم كردووە، بنەماڵەی ئێمە هەر وەكو مرید و دڵسۆزی شێخانی بارزان پابەندی كردار و گوفتاری شێخانی بارزان بووین. هەمیشە بنەماڵەمان ئامادەی قوربانیدان بوونە لەپێناو ئەم رێبازە. هەروەها بنەماڵەكەمان بە پشتیوانی خەڵكی دەڤەری مزوری باڵا سەربە دەڤەری بارزان هەمیشە بەشێكی گرنگ بوون لە شۆڕشەكانی بارزان و كۆماری كوردستان لەمەهاباد و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان بەرابەرایەتی بارزانیی نەمر. ئەو فەرماندانەی بنەماڵەی ئێمە كەلە خزمەتی رێبازی بارزانیدا شەهید بوونە بریتین لە خەلیل خۆشەوی و سەلیم خۆشەوی و ئەسعەد خۆشەوی باوك ، عیسا سوار و محەمەد عیسا و عەلی خەلیل خۆشەوی، هەروەها فەرماندە سەعید خەلیل خۆشەوی كە ئێستا لەژیان ماوە، ئەمانە ئەو شەهید و قارەمانانەن كە بە پشتیوانی خەڵكی سەربەرزی دەڤەرەكەمان پێشمەرگەی بەوەفا و ئەمەكداری رێبازی بارزانی نەمربوون بەدرێژایی بزوتنەوە رزگاری خوازی گەلی كوردستان بەرێبەرایەتی مستەفا بارزانی، ئەگەر ئەو خەڵكە شۆڕشگێرەی دەڤەرەكەمان لەگەڵ ئێمەدا نەبوونا، ئێمەش نەماندەتوانی ئەو رۆڵە قارەمانییە لە پێناو رێبازی بارزانیی نەمر و ئازادی ئەمڕۆی كورستان تۆمار بكەین. بێگومان دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی كوردستان بەرهەمی خەبات و تێكۆشانی بارزانی نەمر و خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگەیە.
پرسیارەمان لە مام سەلیم ئەسعەد خۆشەوی كرد كە چۆن لە تەمەنی لاوێتیدا بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و یەكێك بووە لە پاسەوانە تایبەتەكانی بارزانیی نەمر دابوویت؟. بەرێزیان گوتی: شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، شۆڕشێكی گیانفیدای و بەرخودان و سەرفرازی بوو بەسەرۆكایەتی رابەری نەتەوەی كورد بارزانیی نەمرلە پێناو ماف و شوناسی خەڵك و خاكی كوردستان بوو، بۆیە بە شانازیەوە من لە تەمەنی لاوێتی بوومە پێشمەرگە. لە دەستپێكی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول من یەكێك بووم لە پاسەوانەكانی بارزانیی نەمر و چەكم لە شان كرد و زۆرم پێ خۆش بوو كەلە خزمەتی ئەو ڕابەرە مەزنەدابووم. باوكم شەهیدی فەرماندە ئەسعەد خۆشەوی سێلكی كەسێكی نزیكی بارزانیی نەمر بووە، باوكم هەموو كاتێك بەئێمەی دەگوت كە تەنها دەبێ خزمەت بە رێبازی بارزانی بكەین چونكە رێبازێكی شۆڕشگێڕ و نیشتیمان پەروەرە. من بۆ ماوەی 4 ساڵ پاسەوانی نزیكی بارزانیی نەمر بووم و لەگەڵی دابووم كە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان خەڵك بەدڵ و گیان خۆیان دەگەیاندە بارزانیی نەمر وپەیوەندییان بە شۆڕشی بارزانییەوە دەكرد.
مام سەلیم ئەسعەد خۆشەوی لە یاد و بیرەوەرییەكانی دا باس لە رۆڵی بارزانیی نەمر دەكات لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا و گوتی: لەسەرەتای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول چارەنووسی خۆمان بەستەوە بە چارەنووسی بارزانیی نەمر و بڕیاری سۆز و وەفاداریمان بەبارزانیدا، پێش چوونمان بۆ بادینان بارزانیی نەمر ئێمەی كۆكردەوە وە فەرمووی: “لەم سەفەرەدا هەركەسێك لەگەڵمدا بێت دەبێ بزانێ رێگای مان و نەمانمان لە پێشە و ئەمە رێگای ئێمە.. دەچین نازانم دەگەڕێنەوە یانا. دەبێ تەحمولی هەر بەسەرهاتێك بكەن. لەوانەیە تووشی برسیەتی و شەڕی قورس دەبین..”، ئێمەش بەدڵێكی پڕخۆشەویستی بۆ بارزانی نەمر گوتەكانی بارزانیمان قبوڵ كرد. هەروەها بەرلەچوونمان بۆ بادینانی بارزانی نەمر چەند رێنماییەكی بەپێشمەرگەدا كە بوون بە یاسایێك لە هزری ئێمەدا كە بریتی بوون لە: نابێ بچینە ناو گوندەكان چونكە لەوانەیە فرۆكەكانی رژێمی بەعس بە بیانۆی ئێمەی پێشمەرگەوە گوندەكە بۆمباران بكات. هەروەها دەبێ پێشمەرگەكان لە ژێر فەرمانی سەرقۆڵەكان دابن گوێرایەڵی ئەرك و فڕمانەكان بن. دوای ئێمەی پێشمەرگە دابەشكراین بەرسەر قۆڵ و مەفرەزە و بەتالیۆنی جودا جودا و و من یەكێك بووم لە و پێشمەرگەكانەی كە ئەركمان پارێزگاری كردن بوو لەژیانی بارزانیی نەمر. هەر لەدەسپێكی شۆڕشی ئەیلوول لەشكری بارزانیی نەمر سەركەوتن لە دوای سەركەوتن بەدەست دەهێنا.
لە درێژە قسەكانی دا مام سەلیم ئەسعەد خۆشەوی گوتی: بارزانیی نەمر هەردەم دەیگوت: “من پێشمەرگە و خزمەتكاری خەڵكی كوردستانم”، بێشك گفتار و رەفتارەكانی بارزانی یەك بوو، بۆیە ڕابەری كورد بارزانیی نەمر چوو ناو دڵی خەڵكەوە و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیش گەورەترین سەركەوتنی بە دەستهێنا. خەڵكی كوردستان لە زاخۆ تا خانەقین هەموویان هیواو ئاواتی رزگاربوونیان بە بارزانی نەمربوو چونكە دەیانزانی بارزانیی نەمر بەرگری لە حەق و مافەكانی كوردستان دەكات و دەنگ و دۆزی كوردی گەیاندۆتە جیهان. من 4 ساڵ پاسەوانی تایبەتی بارزانیی نەمر بووم، بارزانی ڕابەر و خۆشەویستی خەڵكی كوردستان بوو، بارزانی نەمر كاریزمایەكی تایبەتی هەبوو، راستگۆ و لێزان و پارتی زان بوو، ئەزموونێكی زۆر شۆڕگێڕی و دیپلۆماسیەتێكی بێ وێنەی هەبوو. بارزانی نەمر توانایەكی بێ وێنەی هەبوو لە هەڵگەڕاندنەوەی بارودۆخی بەرتەسك و نالەبار بۆ بارودۆخێكی دیكە كەلەبەرژەوەنی شۆڕش و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستاندابێت. توندو چالاك بوو دژی زاڵم و ناحەز و دوژمنانی كورد و كوردستان، سادە و میهرەبان بوو بەرامبەر مەزڵوم و هەژار و لێقەوماوان، بارزانی نەمر هەردەم فریادرەسی خەڵك و پێشمەرگە و شۆڕش بووە لە هەموو هەل و مەرجێكدا، هەردەم لەدڵی جەماوەردابوو. بارزانی نەمر دەیفەرموو: “ئەگەر دڵی جەماوەر لەگەڵ ئێمەدا بێت، شوڕش سەردەكەوێت”.
*دەربارەی سەرەتای شۆڕشی ئەیلوو لە دەڤەری بادینان رۆڵی بارزانی نەمر، سەلیم ئەسعەد خۆشەوی گوتی: بە راستی دەڤەری بادینان ئەوەیش وەك دەڤەرەكانی دیكە كوردستان، لەسایەی كاریزمای جەنابی مەلامستەفا خەڵك زۆر هاوكاری شۆڕش بوون، خەڵك بە ماڵ وفیشەك و نانی خۆیان هاوكاری شۆڕشیان دەكرد، لە خۆشەویستی بارزانی پیاو و لاو گەنجان پۆل پۆل پەیوەندییان بە شۆڕشەوە دەكرد. لێرەدا نابێت رۆڵی ئافرەتانی بادینان لەیاد بكەین كە ئەوان لەرووی ئامادەكردنی خواردن و نان بۆ پێشمەرگە و بەرەكانی جەنگ نموونەی ئافرەتی شۆڕشگێربوون كە هەردەم جێگای رێز و سوپاسن. ئینجا لە ساڵی 1964 بەبڕیاری بارزانیی نەمر، من بوومە ئامیر هێزی ئامێدی، هەروەەها لە نێو لەشكری بادینان چەند ئامیر هێزی دیكەش هەبوون وەكو شەهیدی فەرماندە عیسا سوار سێلكی لە زاخۆ كە جێگری شەهیدی فەرماندە عەلی هالۆ بوو، حەسۆ میرخان دۆڵەمەری لە شێخان، عەلی خەلیل لە دهۆك كە هەر یەك لە ئێمە لە ژێر ئیدارەی لەشكری بادینان بووین كە باوكم ئەسعەد خۆشەوی فەرماندەی ئەم ئیدارەیەبوو.

ئەسعەد خۆشەوی باس لە هەندێك خەسڵەت و بیرەوەرییەكانی بارزانی نەمر دەكات و گوتی: بارزانیی نەمر مرۆڤێكی عەدالەتخواز بوو، هەردەم لەگەڵ حەق دابوو، زۆر بەوەفا و ئەمەكداربوو، هەموو جار دەیفەرموو “نابێ چاكەی خەڵك لە یاد بكەین، چونكە ئەوان بە نان و چەك و گیانی خۆیان هاوكاری ئێمەیان كردووە”. بارزانیی نەمر لە هەموو روویەكەوە شارەزای تەواوی هەبوو ، لەكاتی شەڕەكان لە پێشەوەی شەڕدا بووە و گەورەترین نەخشە و پلانی پارتیزانی دادەڕشت و گورزی كەمەرشكێنی لە دوژمن دەدا. بارزانیی نەمر بە ئیماندارو پشتبەستوو بوو بە خوای گەورە. مرۆڤێكی نەتەوە پەروەرو كوردستانپەروەر بوو، هەموو كاتێك بارزانیی نەمر دیفەرموو: “دەبێ رەخت و فیشەكمان لەشان بێت و خۆمان بە خزمەتكاری میللەتەكەمان بزانین و دەبێ راستگۆ و دڵسۆز بین بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و لە هەموو زروفێكدا دەبێ هەوڵ بدەین خزمەت بە رۆڵەكانی كوردستان بكەن و دەبێ بە دڵسۆزی خزمەتی خاكی خۆمان بكەین”.
بارزانیی نەمر توانی متمانەی تەواوی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنێت، شەو رۆژ بە پا پیادە لەگەڵ پێشمەرگەدابوو و لەسەر زەوی و چیا و ئەشكەوتان دەنوست و خوا پشت و پەنای بووە، زۆر سادە و خاكی بوو، نانی لەگەڵ ئێمەی پێشمەرگە دەخوارد و هەموو كاتێك دەیفەرموو: “هەرچێ هەبێت پێكەوە دەخوێن”. بارزانیی نەمر لە رووی جلوبەرگ وەك ئێمە بووە و هەموو كاتێك دەیفەرموو: “دەبێ رێز لە مرۆڤ بگرین و نابێ هیچ كاتێك هەستی شوانێك یان گەنجیك یان هەر كەسێك بە تاكە وشەكیش بریندار بكەین،چونكە ئەوكات دەبینە دوژمنی خۆمان، بۆیە ئەگەر دڵی میللەت لەگەڵ ئێمە دا بێت دوژمن هەزارجار لە ئێستا بە هێزتر بێت پشت بەخوای گەورە ئەو دوژمنە شكست دەخوات”.
لە یادمە چەندەها جار رۆژنامەنووسی بیانی دەهاتنە لای بارزانیی نەمر و ناویان بە جەنەڕاڵ دەهێنا، بارزانیی نەمر دەیفەرموو: “من جەنەڕاڵ نیم، من تەنیا پێشمەرگەیەكم و بایەخ بە نازناوی نادەم ، من خزمەتكاری میللەتی كوردستانم”. بارزانیی نەمر هەموو كاتێك خاوەن بەڵێنی خۆی بوو و تەنانەت نەیارانیش دەیانزانی كە بارزانی چەند خاوەن بەڵێنە. بارزانیی نەمر ئومیدی هەموو خەڵكی كوردستان بوو، بارزانی بە بێ جیاوازی هەموو كوردی كردە یەك.
سەلیم ئەسعەد خۆشەوی یەكێك لەوێنەكانی خۆی پێشان دام كە لەگوندێكی كوردستان لە لە خزمەتی ڕابەری كوردبارزانیی نەمر دابووە و زۆر شانازی بەو وێنەیە دەكات و گوتی: ئەگەر سەیری وێنەكانی بارزانیی نەمربكەین دەبینین كە لایەنی خواردن و جلو بەرگ هیچ جیاوازی نەبوو لەگەڵ ئێمەی پێشمەرگەی و هەروەها بارزانیی نەمر چاكە و خزمەتی هیچ كەسێكی لە بیر نەدەكرد. لە یادمە هەموو كاتێك بارزانیی نەمر چاوی بەئەو دڵسۆز و خەڵكانە دەكەوت كە خزمەتی شۆڕش و پێشمەرگەیان دەكرد و دانوستانی لەگەڵدا دەكرد و هەندێكجار لەگەڵ تێكۆشەرەكان یان خەڵكانی نیشتمانپەروە دادەنێشت و قسەی بۆ دەكرد، لە یادمە بە دەستی خۆی سیگاری بۆ دەپێچانەوە و هەمو كاتێك دەستخۆشی لەو دڵسۆزانە دەكرد كە خزمەتیان بە شۆرش دەكرد. هەمیشە پشت و پەنای هەژاران بووە،بارزانیی نەمر ئێمەی فێر كرد كە نابی خیانەت لە نیشتمان بكەین و دەبێ هەردەم راستگۆیانە و بە دڵسۆزی خزمەت بكەین. بارزانیی نەمر ئێمەی فێری ئەوەكرد كەژیانی خۆمان بۆ ئازادی كوردستان تەرخان بكەین. بارزانیی نەمر هەمیشە دەیفەرموو: “ئێمە وئێوە پێشمەرگە دەبێ هەمیشە چاومان لە خەڵك بێت، نەك خەڵك چاوی لە ئێمە بێت و دەبێ ئەم میللەتە لە ستەم رزگاربكەین و دەبێ خۆمان بە خزمەتكاری كورد دەزانین.، هەموو كاتێك كەسەیری وێنەكانی بارزانی نەمر دەكەم یادی ئەو رۆژگارە دەكەم كە بارزانیی نەمر ئاواتخوازی ئەوە بوو كە گەلی كورد رۆژێك بگاتە ئامانجەكانی خۆی، چ ئەمڕۆ یان سبەی. بۆیە هەرگیز ئەو ڕابەرە لە یاد ناكەم، چونكە لەئەو فێرە خۆشەویستی نیشتمان و كوردایەتی و مەردایەتی بووم و فێری ئەوەبووم كە خۆمان بەسەركەس فەرز نەكەین و هەردەم خۆمان بە خزمەتكاری میللەتی خۆمان بزانین.
بۆ یادی 41 ساڵەی وەفاتی بارزانیی نەمر دا مامسەلیم ئەسعەد خۆشەوی گوتی: كە ئەمڕۆ یادی وەفاتی ڕابەرمان بارزانیی نەمرە دەكەین، دڵنیاین كە رێبازی ئەو بەردەوامە و كوڕی ڕابەرمان سەرۆك مسعود بارزانی هەڵگری پەیامی باوكییە و درێژەپێدەری رێبازەكەیتی. زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئەم ئەزموونەی لە كوردستان هەیە بەرهەمی خەباتی بارزانی نەمر و پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانە، دەبێ قەدری هەموو ئەو شتانە بزانین كە لە سایەی ئەو ئەزموونە خاوەن حكومەت و پەرلمان و ئاڵای كوردستانین كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی وەكو باوكی هەمان رێباز پەیرەو دەكات بۆ گەیاندنی كوردستان بە كەنارێكی ئارام و سەربەخو. هەتا دەمرم بەشانازییەوە هەر خۆم بە پێشمەرگەی بارزانیی نەمر دەزانم هەر شكۆدار بێت یادی كۆچی دوایی باوكی كورد بارزانی نەمر و كاك ئیدرسی جوانەمەرگ و سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان.









