خەبات: عەلی بانیشاری:-
پێنجشەممەی رابردوو جارێكی دیكە خاوەن زەوییەكانی كەرتی گەزنەی نوێ كە قەرەبووی پرۆژەی گوندی كۆرییە لە بەردەم سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر گردبوونەوەو چەندین دروشمیان بەرزكردەوە. نوێنەری خاوەن زەوییەكان دەڵێت: نۆ مانگە چاوەڕوانی ئەو بەڵێنانە دەكەین كە لە كاتی پێدانی زەوییەكاندا پێمان درابوو. سەرۆكی شارەوانی هەولێریش دەڵێت: چاوەڕوانی پەسەندكردنی نەخشەی زەوییەكان دەكەین.
29ـی5ـی 2019 لەرێگەی تیروپشكەوە 4124 پارچە زەوی وەكو قەرەبوو درا بەو كەسانەی كە پێشتر ناویان لە پڕۆژەی گوندی كۆری لە شاری هەولێر دەرچوو. خاوەن زەوییەكان بێ لە پێدانی پارچە زەوییەكی 200 مەتر ئەو حەوت هەزار دۆلاریشیان وەرگرتووەتەوە كە پێشتر رادەستی حكوومەتیان كردبوو. خاوەن زەوییەكانی كەرتی گەزنەی نوێ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە مانگی 5ـی ساڵی رابردووەوە چاوەڕوانی دابینكردنی خزمەتگوزاری و تاپۆكردنی زەوییەكانیانن.
خالید تەحسین، نوێنەری 4124خاوەن پارچە زەوییە لە كەرتی گەزنەی نوێ و دەڵێت: پاش 6 ساڵ لە چاوەڕوانی كە ببینە خاوەن خانوویەك لە پڕۆژەی گوندی كۆری، بەڵام سەرئەنجام بە پارچە زەوییەك قەرەبوویان كردینەوە.
گوتیشی: پاش ئەوەی پارچە زەوییەكی 200 مەتری بە هەر سوودمەندبوویەكی پرۆژەی گوندی كۆری درا چاوەڕوانی ئەوە بووین لەسەر پارچە زەوییەكان خانوو دروست بكەین، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری و تاپۆ هەموو شتێكی وەستاندووە.
ئەو دەشڵێت: نۆ مانگە ئێمە تەنها ژمارەی پارچە زەوییەكەمان وەرگرتووە و نازانین زەوییەكانمان بە دیاریكراوی كەوتووەتە چ شوێنێك.
خالید تەحسین بۆ خەبات ئەوەشی گوت: بڕیار بوو زەوییەكان تاپۆ بكرێن، بەڵام ئێستا رێگەپێدانیشی نییە. هەروەها ناوبراو گوتیشی: چەندین جار بۆ ئەم مەبەستە خاوەن زەوییەكان گردبووینەتەوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی هەولێر لەبارەی كێشەی ئەو هاوڵاتیانەوە بۆ خەباتـی گوت: بەهۆی ئەوەی نەخشەی زەوییەكان لە رابردوودا پەلەی تێدا كراوە، هەندێك تێبینی لەسەری هەیە، بۆ نمونە هەندێك لە پارچە زەوییەكان كە دابەشكراون لەسەر نەخشە ئاساییە، بەڵام لە واقیعدا كەوتوونەتە كەندـەوە بۆیە ناتوانرێت خانووی لەسەر دروست بكرێت. گوتیشی: ئێستا نەخشەكە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەخشەدانان لە وەزارەتی شارەوانی كراوە، ئەگەر هیچ كێشەیەك نەبێت ئەوە پەسەند دەكرێت.
سەرۆكی شارەوانی دەشڵێت: پاش پەسەندكردن، نەخشەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە، ئێمەش بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی بۆ دەردەكەین و رەوانەی تاپۆی دەكەین. ئەوەشی گوت: لەو قۆناغەی كە كارەكان دەگاتە تاپۆ رەنگە لە ماوەی دوو مانگدا 2200 پارچە زەوی تاپۆیان بدرێتەوە دەست ئێمە، ئێمەش مامەڵەی هاوڵاتیانی پێ رادەپەڕێنین. دەشڵێت: ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە نەخشەكە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەخشەدانانەوە پەسەند بكرێت.
عەبدولواحید ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات بەشێكی تری زەوییەكانی قەرەبووی گوندی كۆری كە نزیكەی 2000 پارچە زەوییە قەرەبووی جووتیاری پێویستە، چونكە زەوییەكان لە بنەڕەتدا هی جووتیارانی سنوورەكەیە.
ئەو دەڵێت: ئێستا قەرەبووی لە 3%ی جووتیار لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە وەستاوە و دەبێت بڕیارەكە هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی شارەوانی بتوانێت كارەكانی ئەوانیش كە خۆی لە پرۆسەی تاپۆكردنكردن دەبینێتەوە ئامادە بكات.
سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەڵێت: كێشەی ئەو زەوییانە پەیوەستە بە وەزارەتەكانی دارایی و كشتوكاڵ و داد و شارەوانی و پرۆسەیەكی وەها ئاسان نییە كە خەڵك باسی دەكات.
عەبدولواحید ئەحمەد هەروەها گوتیشی: ئێمە لەلایەن خۆمانەوە هیچ كەموكوڕییەكمان لەو بابەتەدا نەبووە و وەزارەتەكانی دیكەش بەهەمان شێوەیە. خەجتی لەسەر ئەوەشكردووە پێیان خۆشە لە زووترین كاتدا ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت و خاوەن زەوییەكیان تاپۆیان بۆ دەربچێت.









