خەبات: عەلی بانیشاری:-
سەرپەشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایدەگەیەنێت هیچ مەرزێك ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی كار بكات و سەرجەم دەروازە نێودەوڵەتییەكان یەك فەرمان جێیەجێ دەكەن كە ئەویش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەردەچێت. بەپێی ئامارەی دەروازە نێودەوڵەتییەكە لە 1ـی1ـی 2020ـەوە تا 20ـی2 زیاتر لە35 هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە كۆماری ئیسلامی ئێران.
لیوا مەریوان شێخ كەمال قەرەداغی، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بەخەباتی راگەیاند: بۆ خۆپاراستن و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی و سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبووبەكر ژووی عەمەڵیات بۆ بەرژەوەندیی گشتی دروستكراوە و لایەنە پەیوەندارەكانیش تێیدا ئەندامن. دەشڵێت: هیچ هاونیشتیمانییەك ناتوانێت سەفەری ئێران بكات و هاووڵاتییانی ئێرانیش ناتوانن داخڵی هەرێمی كوردستان ببن.
ئاماژەی بەوەشدا ئەو هاووڵاتییانی پێش بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ چوونەتە ئێران دەتوانن بگەڕێنەوە هەرێم، بەڵام لە دەروازەكە پشكنینیان بۆ دەكرێت و دواتر لەژێر چاودێری تیمی تەندروستی رەوانەی سلێمانی دەكرێت، لەوێش كەرەتێنایان بۆ دەكرێت و لە شوێنێكی تایبەت بۆ ماوەی14 رۆژ دەمێننەوە.
سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ گوتیشی: لە 1ـی1ـی2020ـەوە زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی چوونەتە ئێران، بەڵام 39 هەزار گەڕاونەتەوە، ئەو چوار هەزار كەسەی كە زیادن هی پێش ئەمساڵە. ئەوەشی گوت: ئێستا رۆژانە خەڵك لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان. لیوا مەریوان شێخ كەمال قەرەداغی هەروەها دەشڵێت: دەروازە نێودەوڵەتییەكان هەموو فەرمان و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی وەكو خۆی جێبەجێ دەكەن.
سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێران؟ سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ گوتی: لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتنی شتومەك و كاڵا و سووتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئاساییە. زیاتر گوتی: ئەو شۆفێرە ئێرانییانەی كە دێنە دەروازەكە پێش هەموو شتێك پشكنینیان بۆ دەكرێت، پاشان كۆ دەكرێنەوە تا دەبنە 50 شۆفێر، دواتر ئاسایش و هاتووچۆ لە پێش و پاش شۆفێرەكانەوە دەڕۆن تا دەگەنە سلێمانی، لەوێش پشكنینی تەندروستییان بۆ دەكرێت و بارەكانیان بەتاڵ دەكرێت و بەهەمان شێوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئێران. ئەوەشی گوت: شوفێرەی تانكەرە ئێرانییەكان بۆیان نییە لە رێگەدا لابدەن و بەتەنها بن. وەكو لیوا مەریوان شێخ كەمال قەرەداغی دەڵێت: هەمان رێكارە بۆ بارە ترانزێتەكانیش دەگیرێتە بەر.









